56وتار

وتی وتی و لێکەوتەکانی

7/8/2026 11:21:00 AM
فارس نەورۆڵی


(گێرەشێوێنێ کە کای کۆنی بە بادا لەکنت
 چاکە هەر لێیخوڕی، سەیری دەم و کاوێژی نەکەی .شکوور فەزڵی)

 
دیاردەی "وتی وتی" مێژوویەکی کۆنی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی. ئەم دیاردەیە تەنها گواستنەوەی چەند وشەیەکی سادە و ساکار نییە، بەڵکو نەخۆشییەکی کوشندەیە کە دەچێتە جەستە و ڕۆحی کۆمەڵگەوە، بە هێواشی کۆمەڵگا دادەڕزێنێ و متمانە نامێنێت. لە دیدی ئاین و فەلسەفەوە وەک نەخۆشییەکی مەعریفی، ئەخلاقی و بوونیادی سەیر دەکرێت؛ خودا لەم بارەیەوە مرۆڤەکان ئاگاداردەکاتەوە و دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا أَن تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَىٰ مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ﴾). لە دیدی فەیلەسوفانیشەوە قسە لەسەر ئەم دیاردەیە کراوە؛ کیرکگۆرد دەڵێ: "وتی وتی ئامرازێکە بۆ کوشتنی بەرپرسیارێتیی تاکەکەس، کاتێک هەموان باسی بابەتێک دەکەن بێ ئەوەی زانیارییان لەسەری هەبێت و لێی بەرپرسیاربن، لێرەوە جۆرێک لە پەیوەندیی دەستەجەمعیی بێدەموچاو یان دەمامکدار دروست دەبێت و ئیتر هەموو ڕاستییەکان ون دەبن." مەترسیی ئەم دیاردەیە لەسەر ئاستی تاک تیرۆری کەسایەتییە و لەسەر ئاستی کۆمەڵگەش هەڵوەشاندنەوەیە. ئەم دیاردەیە جاران لەسەر ئاستی گەڕەکێک یان شارێک کاریگەریی هەبوو، بەڵام لە سەردەمی سۆشیال میدیادا پەڕوباڵ بە کۆمەڵگەوە ناهێڵێت.

ترسناکترین کاریگەریی دیاردەی "وتی وتی" ئەو کاتەیە کە دەگوازرێتەوە بۆ کایەی سیاسی و جەستەی حزب. لە ڕوانگەی دەروونناسیی سیاسییەوە، ئەم دیاردەیە لەو شوێنانەدا گەشە دەکات کە فیکر و مەعریفە ئامادەییان نییە. کاتێک فیکر و مەعریفە ئامادەیی نەبوو بەردەوام پەروەردەکردن نەبوو، ئیتر مێشکی ئەو مرۆڤانە، ئەو کارمەندانە و ئەو کادرانە خۆڕسکانە پەنا دەباتە بەر کاراکردنی ئەو گەردیلەیە؛ لەبری گفتوگۆ و ئارگۆمێنتسازی، دێت و بە دروستکردنی چیرۆکی ساختە بەرگی شەیتان دەکاتە بەر ڕکابەرەکەی و لەبری باوەڕپێهێنانی وەبەر هێنانی تێدا دەکات و ، پەنا دەباتە بەر شکاندنی. ئیتر بیرکردنەوەی ئەرێنی لێرەدا کۆچ دەکات و پرەنسیپێک نامێنێ کە لەسەری ڕێکبکەون بۆ تاوتوێکردن. ئەمەش ئاستی متمانە ئەوەندە دادەبەزێنێ، متمانە ناکەیت کاتێک لەتەک گروپێکدا دادەنیشیت گومان لە مۆبایلەکانیان نەکەیت کە دەنگەکەت تۆمار بکەن؛ ئەمە یەکێکە لەو لێکەوتانەی دەبێتە هۆی داڕوخانی متمانەی گشتی.

لێرەوە پەیوەندیی نێوان گەل و دەسەڵاتی سیاسی، حزبی و کۆمەڵایەتی هەڕاج دەکرێت، بە جۆرێک بەردەوام ژینگەی سیاسی بە ژەهری "وتی وتی" ژەهراوی دەکرێت و ئیتر فەزایەکی پڕ دڵەڕاوکێ دروست دەبێت کە دەبێتە هۆی ترازانی هەڤاڵبەندی و پارچەپارچەبوونی کۆمەڵایەتی. بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەین ئەوانەی هەڵگری ئەم ڤایرۆسەن ببنە ئاڕاستەکەری سیاسی و کارەکتەری سیاسی، پێویستمان بە بەرنامەیەکی دەروونی و ئەخلاقی هەیە کە ڕووبەڕووی ئەم دیاردەیە ببینەوە، چونکە دوور نییە ببێتە چەکی دەستی دووژمن بۆ ناشیرینکردن و هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەکان و دۆخێک دروست بکەن کە کەس متمانەی بە ئەوی دیکە نەمێنێت. لەم دۆخەشدا تۆ هەر لەبیری دەوروبەرەکەتدایت کە فێڵت لێ نەکەن و سەرقاڵمان دەکەن بە خۆمانەوە بۆ ئەوەی ئاگامان لەوە نەبێت دووژمنان چ بەرنامەیەک جێبەجێ دەکەن. بەداخەوە لەبری ڕێگریکردن لە "وتی وتی"، ڕێگای بۆ خۆش دەکەین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن