پەیوەندیی نێوان ڕۆشنبیرانی دوێنێ و ڕۆشنبیرانی ئەمڕۆ
7/11/2026 1:28:00 PM
فارس نەورۆڵی
پەیوەندیی نێوان ڕۆشنبیرانی هەر نەتەوەیەک
ئاوێنەی ڕەوشی فیکری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەو نەتەوەیەیە. کاتێک ئاوڕ لە پەیوەندیی
نێوان ڕۆشنبیرانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم لە سەردەمی محەمەد ئەمین زەکی بەگ، پیرەمێرد
و عەلائەدین سەجادی دەدەینەوە، دەبینین پەیوەندییەکەیان لەسەر بنەمای پڕۆژەی نەتەوەیی
و تەواوکاریی فیکری بونیاد نراوە؛ زمانی گفتوگۆی نێوانیان پڕ بوو لە ڕێزگرتن و
ئامانجی هاوبەش.
ئەو کاتەی لە ڕۆژی هەینی ٩ی تەممووزی
ساڵی ١٩٤٨ محەمەد ئەمین زەکی بەگ لە سلێمانی کۆچی دوایی کردوە، ئەوکات سەراپای شار
ماتەمینی بۆ دەگرن، لە تەک خەڵکدا ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمەش زۆر خەمبار دەبن. پیرەمێرد زۆر بە حەسرەت دەبێت،
بۆیە پێی وایە ئیتر بە مردنی ئەمین زەکی چرای ڕووناکبیریی کورد کوژاوەتەوە و شیعرێکی
بۆ دەنووسێت و دەڵێ:
چرای ڕووناکی، کورد کوژایەوە
تەختی سلێمانی تەخت کرایەوە
تۆماری کوردیی تەئریخ هەڵپێچرا
پەردەی ڕەش بەڕووی ئەدەبدا کێشرا
ئەمین زەکی بەگ، ڕۆژی ڕەمەزان
هەوارگەی بردە گردەکەی سەیوان
تا چەرخی دەوران لە کار دەکەوێ
پیاوێکی وامان تیا هەڵناکەوێ.
بە دوای پیرەمێرددا، ڕەشید نەجیب یەکێک
بووە لە ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە، لە گۆڤاری ،گەلاوێژ،دا نووسیویەتی:زەمینی تەئریخی
کورد کە ئەو شاسوارەی بوو، زەمینێکی تازە و سەخت بوو، بەر لە ئەو دەترسم دوای ئەویش
کوردێک هەڵنەکەوێ کە وەکوو ئەو وابەپەرۆش و وابەجگەرگۆشانە خەریکی لێکۆڵینەوەی ئەم
زەمینە بێ».
هەر لە گۆڤاری «گەلاوێژ»دا عەلائەدین سەجادی
وتارێکی نووسیوە و دەڵێ:
«محەمەد ئەمین زەکی بەگ تاقە کەسێک بوو
کە ئێمە لە ناو عالەمی عیلم و تەئریخ و ئەدەبدا پێیەوە بنازین».
لە لایەکی دیکەوە تۆفیق وەهبی لە بەرامبەر
کار و تێکۆشانە پڕ بەرەکەتەکانی محەمەد ئەمین زەکی بەگدا بە گوێی خەڵکدا دەدا کە دەبێ
هەمووان بزانن:
«ئەمین زەکی بەگ بە سروشتی مەزنی، بە ڕەوشتی
پاکی، بە کردەوەی چاکی و بە تێکۆشانی بێوچانی توانی پیاڵەی زانستی بۆ ئەهلی زانستی
کوردەواری تێبکات، تا قوتابیانی بەئەمەکی نەتەوە لەو سەرچاوە زانستییەوە فێر ببن،
ژیانی خۆیان خۆش بکەن و هەمیشە لە بەر چرای زانستدا هەنگاو بنێن».
جگە لەو منەوەر و ڕۆشنبیرانە، ڕۆشنبیرانی
ئەو سەردەمە وەک شێخ محەمەدی خاڵ، مەلا مستەفای سەفوەت، بێخود، شێخ سەلام، بێکەس،
عەبدولڕەحمان بەگی بابان، ئەبوبەکر ئەفەندی و عەبدولقادر قەزاز هاو خەمێکی قوڵ
بوون بۆکۆچی محمد ئەمین زەکی بەگ، هەروەها عەبدولمەجید حەسەن بەڕێوەبەری مەعاریفی
سلێمانی سەرۆکایەتیی لیژنەی ماتەمینییەکەی کرد.
ئەم پەرۆشییەی ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە
پێمان دەڵێت کە ئەوان بە عەشقەوە و بێ ڕوانین بۆ بەرژەوەندی و دەستکەوت لە خزمەت دۆزی
نەتەوەکەیاندا بوون، بۆیە پەیوەندییەکی قووڵ و ماناداریان هەبوو.
سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان ڕۆشنبیرانی
ئەم سەردەمەی ئێستا؛ لەبەر ئەوەی زۆریان دەناسم و ڕێزم بۆ هەموویان هەیە، بۆیە باسی
ئەو پەیوەندییە ناکەم، کە لەنێوان ڕۆشنبیراندا هەیە بەڵکوو جێی دەهێڵم بۆ خۆیان و
بۆ خەڵک .
سەر چاوە: . کتێبی بیرمەندو مێژوونوسی گەورەی کورد محەمەد ئەمین زەکی
بەگ .
نوسینی : . دکتۆر صەباحی غالیب .