شەڕ لەسەر هیچ!
8/8/2026 1:22:00 PM
فارس نەورۆڵی
لە هەشتاکاندا، حیزبەکان لە شاخ دەکەوتنە تەقوتۆق دژی یەکتر و ناویان نابوو "شەڕی براکوژی". دیارە بۆ دروستکردنی شەڕەکە هەر جارەی بابەتێکیان دەکردە بیانوو؛ جارێک لەسەر خاڵێکی قاچاغی گومرگی، جارێک لەسەر کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەک بۆ حیزبێک، و جارێکیش لەسەر خاوەنداریەتیی ئەو قۆناغەی شۆڕش.
لە ڕاستیدا ئەو هۆکارانە هیچ لۆژیک و ڕاستییەکیان تێدا نەبوو، بەڵکو ئەم شەڕە ناوخۆییەی کورد ڕەگی هەیە وەک شەڕە کۆنەکانی نێوان میرنشین و خێڵەکانی کورد ،چاویان بەیەکدا هەڵنەدەهات و هەرلایەک لە خەونی لەناوبردنی براکەیدا بوو. ئەمەش تەنها پەیوەندیی بە ئاستی وشیاری و ئەو بارە دەروونییەوە هەبوو و هەیە کە لە مێژوودا بۆ کورد ماوەتەوە، ئەویش (یەکترقبوڵنەکردن چووەتە ڕۆحمانەوە)، هەر حیزبێک مانەوەی خۆی لە نەمانی حیزبەکەی بەرامبەریدا دەبینێتەوە. ئەم وتەیە بۆ کۆی حیزبەکان .لە ئەوپەڕی ڕاستەوە بۆ ئەوپەڕی چەپ .ڕاستی
بۆ پاڵپشتیی ئەم بۆچوونەم، بگەڕێینەوە بۆ سکاڵا و دادوبێدادی منەوەرانی کورد بەدەست ئەو ناتەبایی و یەکترشکاندنەی نێوانمان؛ هەر لە خانی، حاجی قادری کۆیی، مەلای جزیری، بێکەس و قانعەوە تا دەگاتە ڕۆشنبیرانی ئەمڕۆ، هەمووان دادوبێدادیانە بەدەست خۆخۆریی کوردەوە.
ساڵ هات و چوو، ئەنفال و کیمیاباران کراین، نائومێدی ڕووی لە حیزبەکان کرد و هەمووان چووینەوە ئێران. پاش ماوەیەک سەدام سەری لێ شێوا و پەلاماری کوێتی دا، دواتریش چارەنووسی سەدام و ڕژێمەکەی ئەوە بوو کە دیمان. لەو سەروبەندەدا دەرفەت بۆ کورد هاتە پێش و لە ڕاپەڕینی ١٩٩١دا، بە یەکڕیزیی نێوان هێزە سیاسییەکان و جەماوەری کوردستان لەو ماوە کورتەی تەبایی نێو ماڵی کورد و پاڵپشتیی نێودەوڵەتیدا زۆربەی خاکی کوردستان ئازاد کرا. دواتر پەرلەمان و حکومەتمان پێکهێنا و ئیتر هەرێمی کوردستان بووە هیوای کورد و ئازادیخوازانی جیهان.
زۆری نەبرد شانمان پێدا کردەوە و شەڕی براکان دەستی پێکردەوە ، ئەمجارەیان لەسەر گومرگ، دامەزراندن، و دواتریش نەوت و جۆری بازرگانی. پاش ماوەیەک، بە دەستتێوەردانی ئەمریکا شەڕی چەکداریی نێوان براکان وەستا، بەڵام شەڕی سیاسی و میدیایی بە شێوازێکی ناتەندروست هەر بەردەوامە. ئێستا هەرێم لە دۆخێکدایە کە لە بری ئەوەی لە ناوچەکەدا ببێتە نموونەیەکی دیموکراتی، ئازادی و دادپەروەری، بەپێچەوانەوە؛ گەیشتووینەتە ئەم حاڵەی ئێستا کە کەس خۆزگەی پێ ناخوازێت.
ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت، ململانێیەکی ئاسایی نیە لەسەر چۆنیەتیی فەرمانڕەواییی دادپەروەرانە یان لەسەر سەروەت و سامان، بەڵکو گەیشتووەتە قۆناغی (سیاسەت لە ڕەوشی بەتاڵیدا) یان (شەڕ لەسەر هیچ)
لە زانستی سیاستدا، ململانێ و شەڕ لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، جۆری حوکمڕانی، سامان، پارە و جیاوازیی فکرییە. ململانێی ناو هەرێمیش بریتی بوو لە دەستبەسەراگرتنی سامان، دامەزراندن و کۆنترۆڵکردنی ناوچەیی و هەژموونی نێوان پارتی و یەکێتی (هەر لایەک بەسەر ناوچەیەکدا)؛ لەم گێژاوەدا هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیش لەم لا و لەو لا شتێکیان دەست دەکەوت.
پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدایە:
ئێستا نەوت لە دەستمان نەماوە، گومرگ نەماوە، دامەزراندن نەماوە، مووچەش لە دەستی هەرێمدا نەماوە ،ئەی بۆچی ڕێک ناکەون؟ ئەی لەسەر چی شەڕ دەکەن؟
کەواتە کاتێک هیچ لە دەستتدا نەماوە، شەڕەکە لەسەر سێبەری سەرچاوەکانە! بۆیە ئەم شەڕە میدیاییەی نێوان حیزبەکان «شەڕە لەسەر هیچ». بەردەوامیدان بەم جۆرە ململانێ و شەڕە، هێشتنەوەی هاووڵاتییانە لە دڵەڕاوکێدا، و گرانبوونی بەردەوامی کاڵا لە بازاردا، و لە بەرامبەردا بچووککردنەوەی نرخی مرۆڤە. بەردەوامبوونی ئەم دۆخە دەکرێت سەر بکێشێت بۆ تێکچوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و نەمانی متمانەی خەڵک بە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمدا.
بۆیە ئەگەر حیزبەکان لە خەمی خەڵکدا نین، لاینیکەم لە خەمی خۆیاندا بن و کۆتایی بەم "شەڕەی لەسەر هیچ" بهێنن؛ مامەڵەیەکی ئەقڵانی لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکه ن بۆ ئەوەی وەک دەڵێن: (دەستمان لە هیچەوە دەرنەچێت!).
کەواتە بۆ مانەوەی پێگەی هەرێم وەک هێزێکی کرداری (نەک تەنها وەک ناو)، پێویستە ئەم بیرکردنەوە و ڕەفتارە نابەرپرسانەیە بگۆڕین بۆ خزمەتی خەڵک و پرۆسەی سیاسی. لە ڕۆمانی *(پڵنگ)*دا، جۆسێپی توماسی دی لامپێدۆسا دەڵێت:(ئەگەر دەمانەوێت هەموو شت وەک خۆی بمێنێتەوە، دەبێت هەموو شت بگۆڕین.) ئێمەش زۆر شتمان هەیە کە دەبێت بیگۆڕین، بەتایبەتی ئەقڵ ،تا لانی کەم بزانین ئێستا لەسەر چی شەڕ دەکەین!چونکە ئەم شەڕەی ئێستا لەنێوان حیزبە کاندا شە ڕە لەسەر هیچ!