83وتار

شوێنی کورد لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کورد بەرەو کوێ

9/3/2025 12:23:00 PM
فارس نەورۆڵی

هەموو میدیا و ناوەندە سیاسییەکانی جیهان بەردەوام  باس لە گۆڕانکاری گەورە دەکەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ ئێمەی کوردیش بەدەرنینن و دابڕاونیین لەم گۆڕانکاریانە، ئیتر چۆن دەبێت و چی دەبێت ئەمە لە نەخشەی زل هێزەکانی جیهاندا دەردەکەوێت،  بەدڵنیاییەوە کێشەی کورد بە درێژایی مێژوو دۆزێکی ڕەوا بووە، هەمیشە کراوەتە کێشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە گرفتەکانی ئەوانەوە گرێدراوە، بۆیە ئەم پێشهاتانە پێمان دەڵێت، ناوچەکە لەدۆخێکی هەستیارو لەبەردەم گۆڕانکاریدایە، کە لەدۆخی دوای شەڕی جیهانی یەکەم دەچێت. پێدەچێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاری قووڵ ڕووبدات گۆڕانکاری لە هاوپەیمانیەتی و هاوسەنگی هێزدا ڕووبدات، لەنێوان بەرژەوەندی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا، لێرەدا کورد لەبەردەم ساتێکی هەستیاردایە دەبێت کورد پەند لە هەڵوێستە مێژووییەکان وەربگرێت، ئەم ململانێ ناوخۆیانە یان سڕ بکات یان تێیپەڕێنێت، چونکە کورد لەدۆخێکی نادەوڵەتیدایە بەوێنەی دەوڵەت، بۆیە دەتوانین هەم دەرفەتبین و هەم هەڕەشە، بەمەرجێ ماڵی کورد ڕێکبخەینەوە ئەگەر بۆ کاتیشبێت و خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەکان بکەینەوە، گوتارێکی نوێ و هاوبەشی سیاسیمان هەبێت، بەزمانی بەرژەوەندی لەتەک دەرەوەداو گفتوگۆیەکی ناوخۆمان هەبێت بەرمەبنای ڕاستگۆیی، ئەگەر چی خەڵکی کوردستان لەدۆخێکی سەختی ئابوریدایە قەیران دوای قەیران بۆی دروستدەکرێ، بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو دۆخە، دەبێت هێزە سیاسیەکان بەپێی تواناکانیان پێکەوە ڕووبەڕووی ئەو دۆخە سەختە ببنەوە نەک لەسەر ئەو پەندە کاربکەن

(ئاگرە سورە لەخۆم دوورە)

 دەبێ بزانن ئەگەر شەڕ، ڕووبکاتە ماڵی کورد، تۆش بەشێک نەبیت لەشەڕ ، شەڕ بەشێکە لەتۆ، شکست و سەرکەوتن بەشێکە لەهەموومان، بۆیە تکایە با جارێکی دیکە حاجی قادر لە گۆڕەکەیدا ئەم شیعرە نەڵێتەوە 

تا ڕێک نەکەون قەبیلی ئەکراد
 هەروا دەبنە خراپە ئابا
 ئەنواعی میللەت لە گەورە تا بچوک 
 خەمڵیوە مەمالیکی وەکو بووک
 هەر کوردن ئەگەرچی پاکی مەردن
 پاماڵی زەمانە مەحوی کردن

کەواتە تکایە وشیاربن و بێ باک مەبن.تا ئێمەی کوردیش بتوانین لەم گۆڕانکاریانە دا لەم نەخشە ئاڵۆز و نادیارانەدا ئومێدێکمان بۆ خواستە نەتەوەیەکانمان پێ بکرێت و بتوانین پێ بنێینە قۆناغێکی تری مێژووی کە لەئاست خواستە کانی ئەم قۆناغەی کورددا بێت  نەک  مێژوو بەگاڵتە جاڕی خۆی دوبارە بکاتەوە .


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن