ژینگە پارێزی و ڵات پارێزییە
4/16/2026 9:48:00 AM
فارس نەورۆڵی
ئیمانۆئێل کانت دەڵێ (مرۆڤ دەبێت بەر پرسیاربێت و بەڕێزەوە ما مەڵە لەتەک
ژینگەدا بکات ) .
نیشتیمانی کورد لەبەر ئەوەی داگیر کراوە،
بەردەوام کار لەسەر قڕکردنی خەڵکەکەی کراوە. لە هەمان کاتدا کار لەسەر شێواندنی
زمان و فەرهەنگی کراوە. سەر باری شەڕی سڕینەوە و قڕکردن، کار لەسەر شێواندن و وێرانکردنی
ژینگەکەی کراوە.
بۆیە ئێمە چەند جەنگی هەستانەوەی
کولتوور و پەروەردەمان پێویستە، هێندەش خەبات و هۆشیاری ژینگەییمان پێویستە. ئەم جەنگ
و خەباتی ژینگەییە پێویستی بە بە کولتوورکردنی ژینگە پارێزی هەیە. دواتر پێویستە
بکرێتە نەخشە ڕێگامان، چونکە ژینگەی پاک و نەتەوە و نیشتیمانی پاک پێکەوە گرێدراون.
ژینگە پارێزی تەنها دروشم نیە ، بەڵک و وەک بیرکردنەوە و تێگەیشتنی
قوڵ پێکەوە گرێدراون و پەیوەندییان بە ئاکار و شێوازی ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە. مرۆڤ
و سروشت وابەستەی یەکن. کاتێک ژینگە دەشێوێ، ژیانی مرۆڤیش دەشێوێ، چونکە هەناسەدانی
مرۆڤ پەیوەندی بە سروشتی پاکەوە هەیە.
بۆیە ئێمەی کورد پێویستمان بەوە هەیە ژینگەدۆستی
بکەینە پەروەردە و تێبگەین کە چاندنی نەمامێک وەستانەوەیە بەرامبەر ڕەفتاری داگیرکەر.
لە هەمان کاتدا، ژینگە پارێزی بە بەرپرسیاریەتی بزانین.
دەبێت تێبگەین ئەو کەسەی زبڵ فڕێ دەداتە
سەر شەقام یان ناوچە گەشتیاریەکان پیس دەکات، ئەوە تەنها پیسکردنی سروشت نییە، بەڵکوو
نیشانی دەدات کە هەست بە بەرپرسیاریەتی ناکات بەرامبەر نیشتیمان.
کەواتە دەبێت ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین: ئایا پاکی ژینگە لە دەرەوە
دەست پێ دەکات، یان لە ناو دڵ و مێشکی هاوڵاتی؟ بە دڵنیاییەوە، ئەوکاتەی تێگەیشتین
لەوەی ژینگە پارێزی واتە نیشتیمان پەروەری و ئەخلاق، ئەم هەستە لە ناو دڵ و دەرونماندا
چەسپا، ئەوا دەتوانین ژینگە پارێزبین.
چونکە هەر بابەتێک لە دڵ و دەرون و مێشکەوە
بە باوەڕەوە ئاراستە نەکرێت، جێگا ناگرێت.
ئەگەر ئێمە هەستمان بە بەرپرسیاریەتی کرد کە ژینگە پارچەیەکە لە خۆمان، ئەوا هەرگیز
نایشێوێنین و پیسی ناکەین.
لەبەر ئەوەی کە نیشتیمان ماڵی
هەمووانە. ئەگەر نیشتیمانمان بە ماڵی هەمووان زانی، ئەوا پابەندی ئەخلاقیمان بە نیشتیمانەوە
دەبێت و کەس ئامادە نییە ماڵی خۆی پیس بکات.
دواجار، دەبێت ئەوە بزانین کە ژینگەی
پاک و نیشتمانی پاک بەرەنجامی بیرکردنەوەی پاکە.
ئێستا ئێمە لە وەرزی بەهار و گەشتداین،
بۆیە پێویستە هاوڵاتی و گەشتیاران کە ڕوو دەکەنە ناوچە گەشتیاریەکان، بە بیرێکی
پاکەوە پاکوخاوێنی ناوچەکان بپارێزن و بە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتیەوە مامەڵە لەگەڵ
ژینگە بکەن. ئەوەش بزانین پاراستنی ژینگە هەر پاکو خاوێنێ و پاراستنی دارو درەخت نیە
بەڵک و پاراستنی باڵندەو ئاژەڵە کێویەکان بەشێکی گرنگی پاراستنی ژینگەیە .
لە هەمان کاتدا، ژینگە پارێزی بە نیشتیمان
پەروەری و خوداپەرستی وەربگرین ئەوکات دەتوانین بڵێین بەڵێ :. ئێمە ژینگە پارێزی و
وڵات پارێزی ئامانجمانە .