100وتار

ئەو كاتەی مرۆڤ خۆی فریوو دەدات

6/30/2026 1:55:00 PM
فارس نەورۆڵی

لای نیچە، مرۆڤی باڵا ئەو مرۆڤەیە كە لەپێناو بەها باڵاكاندا بۆ چاكەی گشتی تا مردن دەجەنگێ، بۆ ئەوەی بە نەمری و بە شكۆ بمێنەوە؛ ئەو لە هیچ دۆخێكدا خۆی فریونادات. لە ڕاستیدا ئەو مرۆڤەی نیچە باسی دەكات، لەم سەردەمەدا دەگمەنن؛ ئێستا زۆرینەی مرۆڤەكان، زیاتر لە خەڵكی دیكە، خۆیان فریودەدەن. وەهمێك بۆ خۆیان دروستدەكەن بە فۆرمی بەهەشت و ناوەرۆكی زەلكاو. ئەم جۆرە لە مرۆڤی خۆفریودەر، جگە لە خودای ئاسمان، لەسەر زەویش بتێك لە جۆری خودا بۆ خۆی دروست دەكات.

ئەم خۆفریودانەش دەبێتە هۆی درۆكردن لەتەك هەردوو خوداكەدا: خودای حەقیقەت و ئەو خودایەی كە خۆی لەسەر زەوی بۆ خۆی دروستی كردووە. لێرەوە، خۆدزینەوە لە ڕاستییەكان و دروستكردنی بیانوو، دەیخاتە دۆخێكەوە كە هەموو شتێك پێچەوانە ببینێت و هیوا بە شتێك ببەستێت كە هەڵخەڵەتێنەرە.

كاتێك ئەم جۆرە مرۆڤانە خۆیان فریودەدەن، لەوانەیە هەست بە ئارامی بكەن، بەڵام ئەمە ئارامییەكی فریودەرانەیە؛ چونكە دواتر ئەم مرۆڤە هەست دەكات كە دۆڕاوە، كەچی هێشتا درێژە بەو خۆفریودانە دەدات. لێرەدا فەلسەفە پێمان دەڵێت كە خودناسی سەرەتای دانایی مرۆڤە، بەڵام ئەگەر ئەو خودناسییە لەسەر بنەمای فریودان بێت، ئەوا هەموو بیركردنەوەكانمان و كەسایەتیمان بناغەیەكی فشۆڵی دەبێت.

مرۆڤی ڕەسەن ئەوەیە كە پێش هەر شتێك خۆی فریونەدات، ڕاستییەكانی خۆی وەك خۆی ببینێت، ئەگەر تاڵ و ئازاربەخشیش بن؛ چونكە ڕاستی هەرچەندە ئازاربەخش بێت، بەڵام دەرگای شكۆت بۆ دەكاتەوە. مرۆڤی شكۆداریش ئەوەیە كە لەتەك وەهمدا ناژی، بەڵكوو بۆ ڕاستی و لە پێناوی شكۆدا دەجەنگێت؛ شكۆی مرۆڤ و شكۆی نیشتمان.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن