بەبۆنەی ساڵی نوێی خوێندن سڵاو لە (مام ….. وەستا)
9/22/2025 4:04:00 PM
فارس نەورۆڵی
وشەی مامۆستا لە بەرامبەر وشەکانی (موعەلیم و مودەریس)ی عەرەبی بەکاردێت،
ئەم وشەیە لەلایەن تۆفیق وەهبی داهێنراوە یان داتاشراوە، لەسەر بنەمای ( مام ) کە
وشەیەکە بۆ ڕێزگرتن بە کەسێکی دیکە وتراوە لەتەک وشەی ( وەستا ) لێکدراوە وەستا بۆ
کەسێکی خاوەن پسپۆڕی بەکارهاتووە، واتە سەرەتا ( مام، وەستا ) بووە، دواتر بۆتە
مامۆستا، مامۆستا لەناو گەلانی جیهاندا شوێنی تایبەتی خۆیان هەیەو ڕێزی تایبەتیان
هەیە، چونکە ڕۆڵی گرنگیان هەیە لە دروستکردنی نەتەوەکانداو لە پێشکەوتنیان، چونکە
پەروەردەکردنی نەوەکان و پێگەیاندن و تێگەیاندنیان لەسەر دەستی مامۆستایانەو لە ڕێگای
وانەکانی ئەوانەوە بەهاو مەعریفەو خۆشەویستی نیشتمان لە زیهنی نەوەکاندا دەچێنرێت.
مامۆستا تەنها کاری فێرکردنی نووسین و خوێندنەوە نیە، بەڵکو بەشدارە لە دروستکردنی
کەسایەتی قوتابی و ئاڕاستەکردنیان بۆ ڕێگای ڕاست و نیشتمانپەروەری، لە ڕێگای
ماندوو بوونی مامۆستاوە نەوەیەکی وشیارو خاوەن ئیرادە دروستدەکرێت. فێرکردن و پەروەردەکردنی
منداڵان لەلایەن مامۆستایانەوە وادەکات لە داهاتودا پارێزەری نیشتمان بن، بۆیە هەموو
کۆمەڵگایە قەرزداری مامۆستایانە بەتایبەتی گەلی کوردستان و کۆی هێزە سیاسیەکان،
چونکە ئەوە مامۆستایە زمانی کوردیی و بیرکردنەوەی کوردبوونیان پاراست و بەهێزکرد،
بۆیە لەپێناو خۆشەویستی نەوەکانمان و خۆشەویستی نیشتماندا دەبێت مامۆستایانمان خۆشبوێت
هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەکی ژیانیان بۆ بکرێت ، ئەگەر سەیری پێگەی مامۆستا لەوڵاتە
پێشکەوتوەکان بکەین ، تێدەگەین مامۆستا چی مانادارە هەر ئەومانادارییەی مامۆستا یە
بوەتە هۆکاری گەشەو پێشکەوتنی ئە و وڵاتانەی کەئێستا لەلوتکەدان .