186وتار

ئەم پۆستی سەرۆککۆمارە

1/3/2026 12:29:00 PM
فارس نەورۆڵی


   لە دامەزراندن و دروستکردنی دەوڵەتی عێراق، کە بە حوکمی مەلەکی دەستیپێکرد  لەوکاتەوە ئەو بڕیار بەدەستانەی عێراق چی مەلیک و چی دواتر سەرۆککۆمار هیچیان مافی کوردیان نەسەلماند، وەک ئەوەی کە کورد دەیەوێ، بەڵکو لەهەر قۆناغێکدا دەستیان برد بۆ چەوسانەوەو سەرکوتکردنی کورد بە ڕاوەدونان و زیندانی کردنی گەنجەکان و بە عەرەب کردنی ناوچە کوردستانیەکان، دواتر بەزۆر بە بەعسی کردن و ئەنفال و کیمیاباران کردن و وێرانکردن و خاکی بەسوتماک کردن، ئەمانەش بە واژۆی قەڵەمی مەلیک و دواتر سەرۆککۆمار بووە.

لەدوای ٢٠٠٣وە ڕژێمی بەعس ڕماو عێراق پێناسەی عێراقی نوێ وفیدراڵی وەرگرت، لە دابەشکردنی پۆستە باڵاکاندا سەرۆککۆمار بۆ کوردو سەرۆک وەزیران بۆ شیعەو سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننە، لەوکاتەوە هەنگاو هەنگاو کورد لە گەشەدا بوو، بەڵام هێندەی نەبرد لە گەشە کەوتوو دەسەڵات و ئیمتیازەکانی لە عێراق بەرەو پاشەکشە گەرایەوە، هەتا گەشتە بڕینی موچەی هاوڵاتیان. لەڕاستیدا پۆستی سەرۆککۆمار لەدوای مام جەلال لەبری ئەوەی ببێتە دەسکەوت بۆ کورد بووە بە کێشە، ئەگەر لەسەردەمی مەلیک و سەرۆککۆمارەکانی عێراق کە هەمووی عەرەب بوون و واژۆی چەوساندنەوەی کوردیان دەکرد، کەچی ئێستا سەرۆککۆمار پۆستی کوردە لەبری ڕێکخستنی گوتاری کوردی خەریکە دەبێتە هۆی ترازانی تەواوی ماڵی کوردستانی و لەلایەکی دیکەوە پۆستەکە بووەتە گاڵتەجاڕی و گەشتۆتە ئاستێک نەک حزبەکان کاندیدیان هەیە، هەر شارێک و عەشرەتێک دەڵێ کاندیدم هەیەو کاندیدی سێبەری حزبیشمان هەیە. لەلایەکی دیکەوە سوننەوشیعە بەتوانجەوە پێمان دەڵێن ئێوە لەنا و خۆتاندا  ڕێک ناکەون ئیتر دەوای چی لە ئێمەدەکەن . کورد لەکۆنەوە و توو یەتی  گرێی دەست مەخەن ددان ، بەڵام ئێمە گرێ کوێرەکەمان والێ کردوە خەریکە بەددانی خۆشمان و دۆستە کانیشمان نەکرێتەوە ، بەڕاستی گەمەیەکی ناشیرینە کورد دەیکات تکایە حورمەت بۆ سیاسەت بگێڕنەوە با لەم هەلومەرجی سیاسی و ئەمنی ناوچەکەدا ئەم پۆستی سەرۆککۆمارە ئەگەر نابێتە قەڵا، با بۆ کورد نەبێتە بەڵا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن