لەسەر لێواری وەرچەرخان؛ نامەیەک بۆ ویژدانی سیاسی و ڕۆشنبیری کورد!
5/31/2026 4:41:00 PM
فارس نەورۆڵی
پێش هەموو شتێک دەبێت بزانین ئێمە لە کوێوە هاتووین؟ ئێمە بەسەر دەریایەک لە خوێندا هاتووین؛ لە هەڵەبجە، ئەنفال، نوگرەسەلمان و زیندانەکانی بەعسەوە هاتووین، لە کۆڕەو، ئاوارەیی و شەڕی داعشەوە هاتووین. ئیتر چۆن دەبێت ئەوەندە بێباکبین بەرامبەر ئەو هەموو قوربانیانە؟
دڵسۆزانی کوردستان:
ئێستا ناوچەکە و کوردستان لە بەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی و ساتەوەختێکی یەکجار هەستیاردایە. ئەم بارودۆخەی کە ناوچەکە بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی پێیدا تێدەپەڕێت، وا دەخوازێت نامەیەکی ڕاشکاو و بەرپرسیارانە ئاڕاستەی ئەو کەسانە بکرێت کە لە لووتکەی بڕیاری سیاسیدان، لەگەڵ ڕۆشنبیرانی ڕاستگۆ و خەمخۆر کە هێشتا بە عەشقەوە دڵسۆزی و نیشتمانپەروەری لە دەروونیاندا ماوە. ئەم ئاڕاستەکردنە نەک هەر پێویستییەکی ڕۆشنبیری و سیاسییە، بەڵکو ئەرکێکی باڵای نەتەوەیی و ئەخلاقییە.
ئەمە بانگەوازێکە بۆ وشیاربوونەوەو وەک کورد دەڵێ : هاتنەخوارەوە لە کەلی شەیتان پێش ئەوەی کات لەدەست بچێت، چونکە مێژوو بەزەیی بە کەوتووەکاندا نایەتەوە و کات لەسەرمان ڕا ناوەستێت. بۆیە پێویستە لەوە تێبگەین کە خوانەخواستە داڕمانی قەوارەیەکی سیاسی، باجەکەی تەنیا سیاسییەکان نایدەن، بەڵکو تەواوی پانتایی کۆمەڵگە و داهاتووی نەوەکانمان دەیدەن، و کورد لە هەموو جیهاندا تووشی داڕمان دەبێت.
ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە؛ تاقیکردنەوەی مانەوە یان نەمان، بەهێزبوون یان کاڵبوونەوەی قەوارە دەستوورییەکەی. ئەم مەترسییانەش تەنیا لە دەرەوەی سنوورەکانەوە سەرچاوە ناگرن، بەڵکو گەورەترین هەڕەشە لە ناوخۆوە ڕو بەڕوومان دەبێتەوە. مێژووش بە ڕوونی ئەمەمان پێ دەڵێت کە ئەگەر ناوخۆ ئامادە نەبێت بۆ کەوتن، هەرگیز دەرەوە توانای خستنی هیچ نەتەوەیەکی نییە. کاتێک بەرژەوەندییەکانی حیزب و ململانێکان دەخرێنە پێش بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان، دەرگا بۆ دەستوەردانی دەرەکی واڵا دەبێت و پێگەی هەرێم لە هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا لاواز دە بێت ئەم لاوزییەی هەرێم بەرەنجامی ،ئەو پشێوییە سیاسی و ئیدارییەی ناخۆیە کە بەهۆی جێگیرنەبوونی دامەزراوەکان و قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی دیکەوە دروست بووە، ئەم دۆخە نیشانەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەن کە نابێت فەرامۆش بکرێن.
وشیاربوونەوەی خاوەن دەسەڵاتە دڵسۆزەکان و ڕۆشنبیران بەو مانایەیە کە تێبگەن هێز و مانەوەی ئەوان لە هێزی کۆمەڵگە و سەقامگیریی قەوارەکەدایە، نەک لە لاوازکردنی لایەنی بەرامبەر یان پشتبەستن بە هاوپەیمانییە کاتییەکانی دەرەوە. پاوانخوازی و پێشخستنی بەرژەوەندیی حیزبی بەسەر دەزگا نیشتمانییەکاندا، هۆکاری سەرەکین بۆ بێزارکردنی هاوڵاتیان و دروستکردنی کەلێن لە نێوان شەقام و دەسەڵاتدا. کاتێک متمانەی گشتی نامێنێت، کوشندەترین لێدان لە پەیکەری هەر قەوارەیەک دەدرێت، چونکە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بەبێ پشتیوانیی گەلەکەی لەبەردەم زریانە جیۆپۆلەتیکی و جیۆسیاسییەکاندا خۆی ڕاگرێت.
بۆیە تکایە با بەخۆماندا بچینەوە و پەلە بکەین لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت. بۆ ئەم مەبەستە، ویژدانی کوردبوون بە ڕێزەوە دەڕوانێتە ئەو لایەنا نانەی کە کەمێک لە ماف و داواکارییەکانی خۆیان خۆش دەبن لە پێناوی هەرێمی کوردستاندا، چونکە کەوتنی ئەم ئەزموونە بە مانای گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر و لەدەستدانی هەموو ئەو دەستکەوتە مێژووییانەی کە بە خوێنی هەزاران شەهید و ڕەنجی چەندین نەوە بەدەست هاتوون.
بۆ ڕێگریکردن لەو سیناریۆ مەترسیدارانە ، پێویستە ئەوانەی هێشتا خەمی داهاتووی ئەم خاکەیانە، بوێرانە و دڵسۆزانە لە ناو بازنەی داخراوی حیزبایەتیی تەقلیدی بێنە دەرەوە و کار بۆ داڕشتنەوەی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی نوێ بکەن. پێویستە چاکسازیی ڕاستەقینە لە سیستمی بەڕێوەبردن و سەروەریی یاسادا بکرێت و بخرێتە سەروو هەموو ئامانجێکی حیزبی و شەخسییەوە.
لە کۆتاییدا، کات بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە و دەرفەتە مێژووییەکان هەمیشە دووبارە نابنەوە. ئەوانەی لە لووتکەی دەسەڵاتدان لە ناو حیزبەکاندا و دڵیان بۆ ئەم نیشتمانە لێدەدات، لەگەڵ ئەوانەی ڕۆشنبیری ڕاستینە و میدیاکاری ڕاستگۆن، پێویستە بزانن کە مێژوو بەپێی ئەنجامەکان حوکم دەکات نەک بەپێی پاساوەکان. بۆیە ئێستا کاتی ڕێکخستنەوەی گوتاری سیاسی، و پێکهێنانی حکومەت و بەهێزکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکان و گەڕاندنەوەی متمانەیە بۆ لای هاوڵاتیان. کەواتە وشیار بنەوە، چونکە پاراستنی هەرێم ئەرکێکی هاوبەشە و نەکەوتنی، گەورەترین سەرکەوتنە کە دەکرێت بۆ داهاتووی ئەم نەتەوەیە تۆمار بکرێت.
ئامرازی سەرکەوتنیش دیالۆگە لەسەر مێزی دانوستان و دوورکەوتنەوە لە زمانی زبر و گەمەی سفری، کە لایەنێک بیەوێت لایەنەکەی بەرامبەر شکست پێ بهێنێت؛ چونکە ئەم گەمەیە تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتوو نەبووە. منیش ئەم نامەیەم بەرهەمی تێگەیشتنمە لە مێژوو و ترس لە داهاتوو، بۆیە داواکارم بەپەلە دانوستان دەست پێ بکەن و ڕێکبکەون بۆ ئەوەی ئەم قۆناغە تێپەڕێنن تا کار لە کار نەترازاوە. هیچ نەبێت ناوەڕۆکی پەیامەکانتان کە بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە ئاڕاستەی جەماوەرتان کردبوو کە تێیدا هەمووتان داوای ئاشتی، پێکەوەیی و یەکگوتاری سیاسی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک دەکەن پەیامە کانتان بکەنە کردار ، بەوەبەشێکی زۆر لە کێشەکان چارەسەر دەبن.