ڕۆچوون لە بێمانایدا، کێشە لاوەکیەکان دەکات بەڕاستیە گەورە کان
1/17/2026 10:53:00 AM
فارس نەورۆڵی
ئێمە لەبەردەم
ئەو گۆڕانکاریانەداین کە گەردەلوولەکەی بەسەر
عێراق و هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت، بۆیە دەبێت پرسیاری ئەم قۆناغە لەخۆمان بکەین
پێش هەرشتێک نابێت پێمان وابێت بەشێک نابین لەو گۆڕانکاری و ئاڵۆزیانە، چونکە ئەگەر
لەدیدی سادەوە دۆخەکەبخوێنینەوە و پێمان
وابێت ئێمە بەشێک نین لەو گرفتانە بەڵام ئەو بەشێکە لەئێمە و تەپ و تۆزەکەی ئەگەر خۆپارێزی ئەقڵانی بۆ نەکەین دەمانخنکێنێ، ئێمە بمانەوێ یان نەمانەوێت ژیانی
سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم ناوچەیە لەدۆخی گۆڕانکاریدایە کەواتە ئێستا ئێمە لەبەردەم کێشە سەرەکیەکانداین
و نابێت دووژمنانمان سەرقاڵمان بکەن بەکێشەی لاوەکییەوە یان لەئەنجامی بیرکردنەوەی
گەمژانەی هەندێ حەزخوازی ناو فەیسبووک کە لەهەوڵی شێواندنی ئارامی بیرکردنەوەو کۆمەڵایەتیدان
بۆ ئامانجێکی تایبەتی خۆیان چیرۆکی ناڕەسەن دروست دەکەن ، ڕۆشنبیرێکی کورد دەڵێ (هەر ڕۆژەو چیرۆکێکمان
بۆ دروست دەکەن بۆ ئەوەی چیرۆکەکانی دوێنێمان لەبیربەرنەوە). لەو کاتەی ئینگلیزەکان
هندستانیان داگیرکرد بوو هەر کاتێک لە سەرکەوتن یان یەکگرتنی ناو خۆیان نزیک بوونایەتەوە ئینگلیز لەڕێگای نۆکەرەکانیانەوە دەچوون لەناو
ئەو تیرەیەی کە مانگای لا پیرۆز بوو مانگایەکیان دەکوشت، ئیتر لێرەوە ئاشووب سەری
هەڵدەداو مەسەلە ڕەواکەی خۆیان بیر دەچویەوە. چیڤارا لەم بارەیەوە دەڵێ: (سەرقاڵت دەکەن بە فرۆشەری نانەوە، بە فرۆشەری
زەیتەوە،
بەفرۆشەری
ئاردەوە، بەفرۆشەری گۆشتەوە تا فرۆشەری نیشتیمانت لە بیربکەن).
ئێمەش ئێستا لەناو کۆمەڵێک کێشەو ئەگەری ترسناکداین بۆیە بەکێشەی لاوەکییەوە
سەرقاڵمان دەکەن بۆ ئەوەی ڕامان کێشنە شەڕی بێمانایی، یاخود لەنەبونی بیرکردنەوە ی
قوڵ خۆمان دەبینە کێشە بۆ خۆمان ،دەبێ هەمومان بێ جیاوازی ڕەنگ و دەنگ و ئاین ئەوە
بزانین کە هەرکات بوونی تۆ لەکام کایەدا لە بەردەم هەڕەشەدا بوو تۆ دەبێت بەرگریکاری
ئەو توخمە بیت. ئێستا ئێمە کوردبوونمان لەمەترسیدایە بەو مانایەی لەم گۆڕانکاریانەدا
پێناسەی سەرکەوتنی خۆمان نەکەینەوە بۆ سەدەیەکی دیکە لە بەدبەختیدا دەبین چونکە کێشەی
سەرەکی ئێمە کوردبوونە کەڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیان و کەرامەتی هەموومان هەیە بۆ
ئێستا و داهاتوو، بۆیە هەموومان بەرپرسیارین لەبەردەم مێژوودا، سەیرکەن چۆن بەکێشەی
لاوەکی سەر قاڵمان دەکەن یان خۆمان بەگەمەی بچوکەوە سەر قاڵ دەبین و بە شێوازی بابەتی
بێمانا و ڕوکەشانە مشتومڕێکی ساختە دروست دەکەن و دەیکەن بەهەراو باڵۆنی جۆراوجۆری
لێ دروست دەکەن و لەڕێگای ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە وەک مەسەلەیەکی سەرەکی
نیشانی ڕای گشتی دەدەن. ئەم چیرۆکانە بۆ گاڵتە وگەپ نین تەنیا بۆ سەرنج ڕاکێشانێکی
بێمانا نیە بەڵکو بۆ ئەوەیە ئامانجە مانادارەکان لەمانادا بەتاڵ بکەنەوە بۆئەوەی
ئاراستەی بیرکردنەوەی خەڵک بگۆڕن تا ئامانجە گەورەکانیان لە بیربچێتەوە چونکە کاتێک بیرو هۆشیاری خەڵک سەرقاڵ بوو بە مشتومڕی سادە و بێماناوە
بنەمای کێشە و ئامانجە سەرەکیەکان لەناو دەچێت و کارەساتەکە لەوایەیە ئەم شەڕە زیهنییە خەڵک باوەڕی پێبهێنێ کە بەرگری لەدۆخی
سەپێنراو و دروستکراو بکات، ئیتر ترس و دابەش بوون لەناو خەڵکدا دابەش دەکەن بەسەر
چەند بەرەیەکدا ئەمەش وادەکات ئەوەی ئێمە پێویستە لەسەری ڕێکبکەوین دێین لەسەر جوڵەیەکی بێمانا دابەش دەبین.
ئەوەی لەم چەند ڕۆژەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەنێوان مامۆستایەکی ئاینی و
ڕێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان و خوشکان و خانماندا ڕوویدا ئەگەر چی قسەکانی ئەو بەڕێزە
لەسەر شەڕڤان نالۆژیکی بوو، بەڵام لەسەر چەمکی ژن ئەوە باوەڕی خۆیەتی و بە بەڵگەکانی
باوەڕەکەی خۆی قسەی دەکرد، بۆیە کێشەکە لای ئەو مامۆستا بەڕێزە نیە و لەجێگایەکی دیکەیە،
ئەو پێبزانێ یان نەزانێ وەک کوردێک ئەویش قوربانیە چونکە ئەو هەرایە ڕۆژێک دوای
کارەساتەکەی حەڵەب بوو وایکرد میدیاو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی باشوور بەخۆیەوە سارقاڵ
بکات و کارەساتەکە داپۆشێ، پێویستە هەمومان
ژن و پیاو موسوڵمان و مەسیح و کاکەیی بزانین
هەمومان کۆیلەین ئاخر نەتەوەیەک دەوڵەتی نەبێت زیهنو مێژوو جوگرافیای داگیرکرا بێت
خاوەنی هیچ نیە! واتە هەموو کێشەکان یان دروست دەکرێن یان خۆمان لە بێمانایدا دەژین
و بەردەوامی پێ دەدەین ئەم بەردەوامی و دووبارە کردنەوەی ئەم چیرۆکانە
دەبێتە شێوە ژیان وامان لێ دەکات بەژێر دەستەیی و داگیرکاری ڕازیبین بێ ئەوەی بیر
لەچارەسەری بکەینەوە بۆیە پرسیاری ڕاستەقینەی
ئێمە لەم قۆناغەدا بریتی یەلەم پرسیارانە .
١- کێشمەکێشی سوریا دەگاتە کوێ ئایندەی کورد چیە لەڕۆئاوا ؟
٢- دۆخی ئێران دەگاتە کوێ و لێکەوتەکانی لەسەر کوردو هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟
٣- ململانێی هەرێم و بەغدا لەسەر مافەکانی کوردو ئەو ستەمەی لەکوردی دەکەن تاکەی
بەردەوام دەبێت ؟
٤- ئەم پەرتەوازەیەی ناوماڵی هەرێمی کوردستان دەمانگەیەنێتە کوێ؟ بۆ ناتوانین
گوتارێکی هاوبەش دروستکەین؟
٥- کەی ئەحزاب بیر دەکەنەوە کە کوردبوون لەحیزب بوون گەورەترە ؟ کەی دەتوانن بڕیارێکی
بوێرانەبدەن دەسبەرداری ئامانجە حزبیەکانیان بن لەم قۆناغەدا و سڕیکەن بۆ قۆناغی
دوای نیشتنەوەی تەپ و تۆزی ڕووداوەکان!
٦- ڕۆشنبیران بۆ ئەم دۆخەو
لەم قۆناغەدا دەتوانن چی بکەن بۆ خزمەتی دۆزی کورد ؟
٧- چۆن چارەسەری بێ موچەیی
و ژیانی خەڵک بکرێت ؟
٨- چۆن بتوانین بڕێک دادپەروەی لەهەموو ئاستەکاندا دەستەبەر بکەین ؟
٩- چۆن هەمومان بەشدار بین لەپاراستنی ئاسایش و ئارامی هەرێمی
کوردستان چونکە تێک چونی ئاسایش واتە لەبار چونی هەموو خەون و هیواکانە .
١٠- پرۆسەی ئاشتی
لەتورکیا دەگاتە کو ێ ؟
٠١١ چۆن بەرامبەر ئەو جەنگەکولتوورییە بوەستینەوە کەدژ بەکۆمەڵگەی
کوردی بەڕێوە دەچێت ؟
٠١٢ چۆن کەمێک ڕەسەنایەتی ببەخشینەوە بە سیاسەت؟ لەتەک ئەوەدا
خەڵک و سیا سەت ئاشتکەینەوە ؟
ئەمانە پرسیاری
مانادارن بۆ ئەم قۆناغەی کورد و هەرێمی کوردستان و هەر پرسیارەو چیرۆکی خۆی هەیە،
بۆیە نابێ ڕێگابدەین چیرۆکی ساختە و کێشەی لاوەکی سەرقاڵمان بکات و کێشە سەرەکیەکان
و پرسیارە ڕەسەنەکانمان لە بیر بەرێتەوە .