برنجەکەی ترەمپ بە تامی پەیامی سیاسی
7/16/2026 1:40:00 PM
فارس نەورۆڵی
میوانداری پرسێکی کۆمەڵایەتییە؛ لایەنی بانگهێشتکار هەوڵ دەدات جوانترین و ڕازاوەترین خوان ئامادە بکات بۆ ئەوەی لایەنی بانگهێشتکراو هەست بە ڕێزگرتنی بەرامبەرەکەی بکات. ئەگەر ورد ببینەوە لە خوانی میواندارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەندە خواردن لەسەر سفرەکە دادەنێن میوان نازانێت چی بخوات! ئەگەر ئەم خوانە تەوزیف بکەین بۆ سیاسەت و پەیامی سیاسی، دەکرێت مانایەکی دیکەی هەبێت.
دیدارەکەی ترەمپ و عەلی زەیدی و دواتر خوانەکەی ترەمپ، پەیامی تایبەتی خۆی تێدا بوو. لێرەدا قسە لەسەر کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەیان و پرسیاری کەناڵە کوردییەکان و وەڵامەکانی ترەمپ و عەلی ناکەم، چونکە هەم پرسیارەکان و هەم وەڵامەکان جێگای تێڕامانن ، بەڵام دەمەوێت لەسەر ئەو خوانە ئامادەکراوە قسە بکەم کە ترەمپ لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا ئاماژەیەکی کۆمیدی پێدا.
سەرچاوە میدیاییەکان باس لەوە دەکەن کە ترەمپ بەوە ناسراوە حەز بە خواردنی خێرا دەکات، بۆ ئەوەی خۆی وەک سەرۆکێکی خاکی نیشان بدات. بەڵام ئەو خوانەی لە بەردەم ترەمپ و عەلی زەیدیدا دانرابوو، تەنها نیشاندانی ژەمێک نانخواردنی سادە نەبوو، بەڵکو پەیامێکی سیاسیی نیشانەناسی بوو کە بە شێوەیەکی داڕێژراو بۆ ڕای گشتیی عێراق نێردرا. لە پشت ئامادەکردنی ئەم خوانە سادەیەی ترەمپ بۆ عەلی زەیدی، ستراتیژییەکی قووڵی پەیوەندی بەدی دەکرێت.
نموونەی خواردنەکانی سەر سفرەکە، برنجی لێ بوو؛ دەکرێت لەمەودوا بەو برنجە بڵێین "برنجی ترەمپ". برنج لە زۆرێک لە کولتوورەکانی ڕۆژهەڵاتدا، بەتایبەت لە عێراق، بەشێکی سەرەکیی ڕێزی میواندارییە، ئەمەش ڕێزگرتن بوو لە پاشخانی کولتووریی لایەنی بەرامبەر. لە هەمان کاتدا، لە ناوەندێکی هێزێکی گەورەی خاوەن دەسەڵاتی وەک ئەمریکادا، پێشکەشنەکردنی خوانێکی شاهانە و لەبەرامبەردا نیشاندانی مێزێکی سادەی بێ تێچوو، پەیامی ئەوەیە کە ئەم کۆبوونەوەیە بۆ کارکردن و بڕیاردانە نەک بۆ نانخواردن و کات بەسەربردن. واتە: "ئێمە کاتمان نییە بۆ ڕازاندنەوەی مێزی خواردن، بەڵکو لێرەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر."
بۆیە دوای گەڕانەوەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ وڵاتەکەی، ئەگەر بەپێی کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکە بێت، عێراق دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە لە هەموو ئاستەکاندا. لەبەر ئەوە، پێویستە کورد بە یەکگرتوویی و بە تێگەیشتنێکی نوێ و واقیعییەوە، مامەڵە لەتەک ویستەکانی ئەمریکا و واقیعی سیاسی عێراق و ناو چەکە بکات.