یادی ڕاپەڕین و خوێندنەوەیەکی نوێ
3/5/2026 3:49:00 PM
فارس نەورۆڵی
ئێستا لە هەلومەرجێک و سەر دەمێکداین ( ٣٥ ساڵ ) بەسەر ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان دا تێدەپەڕێت، ڕاپەڕین ڕووداوێکی مێژووی بوو کە دوای جەنگێکی گەورە، جەنگی کەنداو دژی ڕژێمی بەعس لەناوچەکەدا ڕوویدا ئیتر لێرەوە کورد دەرفەتی بۆ ڕەخسا حکومەت و پەر لەمانی پێکهێنا. لەوکاتەوە تائێستا دەسکەوتی زۆر بەدەستهاتوون وەک پێکهێنانی حکومەت و پەرەپێدانی زانکۆکان و ئاوەدانیەکی بەرچاو لەهەمانکاتدا سەرەڕای ئەو هەمووپیلانە توانیوویەتی لەسەر پێی خۆی بوەستێ ببێتە قەڵایەک بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان، ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەنموونە، بەڵام دەبێ باوەڕ بەوەش بکەین کە بێکەم وکوڕی نەبووە نەتوانراوە وەڵامی تەواوی پرسیارو خواستەکانی خەڵک بداتەوە بۆیە جێگای ڕەخنەشە . ئەوەی گرنگە بۆ ئێستا پێویستە خوێندنەوەیەکی نوێ بۆڕاپەڕین بکەین و سەر قاڵی گێڕانەوەی چیرۆکە کۆنەکانی ئەوسەر دەمە نەبین کە ڕاپەڕین تێیدا ڕویدا. نابێ یادی ڕاپەڕین تەنیا یادی ڕابردوو بێت و لە دوێنێدا بمێنینەوە بەڵکو دەبێت پەیامێکی لێ بەرهەم بێنین و ئێستاو ئایندەی پێ بخوێنینەوە، خۆ ئەگەر لەیادی ڕاپەڕیندا بەرەی ناوخۆیی کورد ڕۆحی هاوکاری و بەرپرسیاریەتی هەبێ دەتوانین لەناو ئەم شەڕ و ئاشووبەی بەرۆکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووە بەسەرکەوتوویی لێی دەرچین و کوردستان بگەیەنینە قۆناغێکی باشتر و ئارامتر ودادپەروەرتر کە تێیدا چیرۆکێکی نوێ بنووسینەوە کە لەتەک ئەم هەلومەرجە جیهانی و ناوچەییەدا بێتەوە کە جیهان و ناوچەکە ژان دەیانگرێ بۆ لەدایکبوونی شێوە ژیانێکی نوێ لە ژیانی سیاسی وئابوری وکۆمەڵایەتی و ئاینی و جیۆپۆلەتیکی ، بۆیە دەبێت کورد خوێندنەوەیەکی نوێی هەبێ کەبتوانێ لەتەک ئەو شێوە ژیانە تازەیەدا جێگای خۆی بکاتەوە ئەمەش بە یەکڕیزی وتەبایی بەرەی ناوخۆیی کورد دەبێت کە حزبەکان بە چەپ و نەتەوەیی و ئیسلامی یەوە هاو هەڵوێست و پاڵپشتی هەرێمی کوردستان بن بۆ وەرگرتنی بڕیاری بوێرانە کە لەبەرژەوەندی ئەم قۆناغە سەخت و هەستیارەدابێت و بیرو کردارمان لەسەرووی بەرژەوەندی سیاسی وئایدیۆلۆجی یەوە بێت چونکە لە دۆخێکداین هەم دەرفەت لەبەردەستە و هەم هەڕەشە لەبەر دەرگایە لەدۆخێکداین وەک قارەمانێک لەناوفیمێکی ترسناکدا پێی لەسەر ئەڵغامێک دانابێت لێرەدا بیەوێ پاشە کشە بکات و پێ هەڵگرێ هەپرون هەپرون دەبێت بۆیە پاڵەوانەکە ناچارە ڕیسکێکی وریایانە بکات بۆئەوەی لەودۆخە دەربازبێت ئێمە ئێستا لەدۆخی ئەو قارەمانەداین دەبێت لەهەر جوڵەیەک زۆر هەستیارو بوێربین پێویستە هەر تاکێکی کورد وابیر بکاتەوە لەدۆخی ئەوقارەمانەدایە ئەوقارەمانە چۆن لەخەمی دەربازبوندایە پێویستە هەر کوردێک لەخەمی ئەوەدابێت چۆن هەرێم لەم دۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکە دەربازبێت بۆیە با لەیادی ڕاپەڕیندا چۆن بەهەمو مانەوە ڕاپەڕینمان سەر خست ئێستاش بە هەمو مانەوە دەسکەوتەکانی بیپارێزین و چیرۆکی ڕاپەڕینێکی نوێ بنوسینەوە کەبۆ ئێستاو داهاتووی نەوەکانیشمان ببێتە چیرۆکی سەر کەوتن و شانازی بەوهیوایەی لەکاتی نووسینەوەی ئەم چیرۆکە دا ئەقڵ لە مۆڵەت نەبێت و ئامادەیی تەواوی هەبێت بۆ هەر گۆڕانکارییەک کە ڕودەدات وەک یاریی چیەکی لێزان بەشداربین بە گیان و ورەی ڕاپەڕینی ١٩٩١ وە تەباو هاوکاری سەر خستنی کوردستان بین.