68وتار

جیاوازییەکانی ئەمڕۆ چ جیاوازییەکن؟

9/23/2026 3:58:00 PM
فارس نەورۆڵی


جیاوازیی بیرکردنەوە لە کایەیی سیاسەتدا لەناو هەر میللەتێکدا دياردەیەکی ئەرێنییە و سەرچاوەی هێزە ، بەمەرجێک ئیدارەدانی جیاوازییەکان لە چوارچێوەی چاکەی گشتیدا بێت و ئیستغلال نەکرێت بۆ خزمەتکردنی گرێی دەروونیی تاک یان گرووپێک.

هەرچەندە جیاوازی لە بیروڕا و بەرژەوەندیدا دوو دیاردەی سروشتیی ناو کۆمەڵگەن، بەڵام ئەمڕۆ تێکەڵکردنێکی بەئەنقەست لەنێوانیاندا دەکرێت. بۆیەبەرژەوەند خوازە کانیش بانگەشەی جیاوازی بیروڕادەکەن  گوایە بۆ چاکەی خەڵکە ، بۆیە پێویستە ئەوەی کار بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆی دەکات، بانگەشەی ئەوە نەکات کە ئەوە بیروڕای جیاوازە و لەپێناو خەڵکدایە؛ چونکە بیروڕای جیاواز کە لە سیاسەتدا تەوزیف دەکرێت، لە بەرژەوەندیی خوازی جیایە. ، چونکە بیروڕای جیاوازی سیاسی لە فرەییی بیرکردنەوە، ڕۆشنبیری و جیهانبینیی تاکەکانەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجێکی هاوبەش لەپێناوی دادپەروەریدا. هەبوونی ڕای جیاواز لەناو هەر کۆمەڵگە و حزبێکی سیاسیدا، نیشانەی زیندوویەتیی ئەو کۆمەڵگە و حزبەیە، تا لەڕێگەی دیالۆگی ئەقڵانییەوە پردی بەستنەوەی جیاوازییەکان لە فۆڕمێکی نوێدا بخەنە خزمەت کۆمەڵگە.

لە لایەکی دیکەوە ، جیاوازی لە بەرژەوەندیی کەسێک یان گرووپێکدا تەواو جیاوازە لە جیاوازیی بیروڕا. جیاوازیی بەرژەوەندییەکان زیاتر بۆ پارە، دەستکەوتی مادی، یان خودپەرستیی تاکە؛ بۆیە ململانێی بەرژەوەندی توندترو ئاڵۆزتر و بێمتمانەترە لە جیاوازیی بیروڕا، چونکە زیاتر لەسەر دابەشکردنی سەرچاوەی مادی و دەسەڵاتە، تا ئەو ئاستەی بیروڕاکان دەکەنە ئامرازێک بۆ شەرعیەتدان بە خۆیان لەپێناو دەستکەوتدا.

هەر بۆیە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، زۆر جار سیاسییەک لەژێر پەردەی بیروڕای جیاواز و چاکەی گشتیدا، ململانێ بۆ دەستکەوت و بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات. لەبەر ئەوە پێویستە تێبگەین لەوەی کەسی بەرژەوەندیخواز لەژێر پەردەی بیروڕای جیاوازدا بۆ دەسکەوتە مادی وسیاسیەکانی  خۆی ، خەڵک نەکاتە پەیژە بۆ سەرکەوتنی خۆی . بۆیە جیاوازی دەبێت بەرگی خزمەتی کۆمەڵگا و تاکی بەبەردابکرێت تا ڕەنگدانەوەی دەربکەوێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن