29وتار

کاتێک ڕق دەبێتە چێژ

4/23/2026 12:03:00 PM
فارس نەورۆڵی

مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزە؛ زۆرکات گۆڕانکاریەکانی کۆمەڵگا و ژیانی خۆیشی بە دەیان شێوە ڕەفتار و بیری دەگۆڕێت.لە ناخیدا هەڵگری دوو هێزی دژبەیەکە: چاکە و خراپە، ڕق و خۆشەویستی. ئەم دوو هەستە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازن، و چڕبوونەوەیان پەیوەندییەکی نزیک بە سروشتی تاک و جۆری پەروەردە و فەزای کۆمەڵایەتییەوەهەیە.

ئەگەر سەرنج بدەینە دۆخی ئێستای کۆمەڵگەی کوردی، دەبینین کە ڕق بە شێوەیەکی بەرچاو فەزای گشتی داگیرکردووە. کەمتر تاک هەیە کە بە ڕاستگۆیی و دڵسۆزی مامەڵە لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بکات یان وەک پشتگیرییەک بۆ هاوڕێ و دەوروبەر بوەستێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕق وەک هەستێکی سروشتی لە ناخی هەر مرۆڤێکدا بوونی هەیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە چۆن بتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە کەسانی دیکە.

بەداخەوە، لە هەندێ بارودۆخدا ئەم هەستە لە سنووری ئاسایی خۆی تێدەپەڕێت و دەگاتە ئاستێک کە دەبێتە چێژ؛ واتە تاک چێژ لە ئازاردانی ئەوی دیکە وەردەگرێت، بەهۆی ڕقێکی قووڵ و نەخۆشەوە. ئەم دیاردەیە نیشانەی گۆڕانی هەستێکی ئاساییە بۆ دۆخێکی نەخۆشی.

لە گرنگترین هۆکارەکانی ئەم بارودۆخە، نەبوونی ڕۆشنبیری و پەروەردەیەکی دروستە، هەروەها کەمبوونی کولتوری گفتوگۆی ئارام. لەلایەکی دیکەوە، ئیرەیی بەرامبەر سەرکەوتنی ئەوانی دیکە  کە مرۆڤی نەخۆش و هەڵگری ڤایرسی ڕق لێ بونەوە؛ کاتێک هەست دەکات کەسێکی نزیک لێی پێشکەوتووە، لەبری پاڵپشتی کردنی  بەپێچەوانە وە ڕق دەبێتە ئامرازێک بۆ شکاندنی  بەرامبەرەکەی چونکە ئەم مرۆڤە توانای ئەوی نیە یاخود کەسایەتی ئەوی نیە بۆیە ڕق دەکاتە چەکی دەستی بۆ شکاندن و ناشیرینکردنی هاوڕێ کەی . لەڕاستیدا، میدیای نوێ و هەندێ ئاڕاستەی ئایدۆلۆژیک، بەجێی ئەوەی ڕۆڵی چاکسازی بگێڕن، کەچی دێن  ڕق و دابەشبوون زیاتر قوڵ دەکەنەوە.

کاتێک ڕق دەگۆڕێت بۆ چێژ، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە دۆخەکە لە ئاستی ئاسایی دەرچووە و بۆ جۆرێک لە نەخۆشیی کۆمەڵایەتی نەخۆشییەک کە دەتوانێت پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تێکبدات و باوەڕی نێوان تاکەکان لاواز بکات متمانە نەهێڵێت .
بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە، پێویستە هەوڵێکی هاوبەش لەنێوان خێزان، قوتابخانە و میدیا بدرێت، هەروەها چاکسازی لە شێوازی بیرکردنەوەی دامەزراوە سیاسی و ئاینی و حیزبیەکاندا  بکرێت. ئەم هەوڵانە دەبێت بەرەو دروستکردنی بەرنامەیەکی پەروەردەیی بچن کە بنەمای لەسەر فێربوونی گفتوگۆی ئارام، چاندنی ڕێز و بەها مرۆییەکان بێت لە ناخی منداڵان و گەنجاندا.

تەنها لەم ڕێگایەوەیە کە دەتوانرێت فەزایەکی تەندروست دروست بکرێت و کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگ بەرھەم بهێنرێت؛ کۆمەڵگەیەک کە تێیدا، لەبری ئەوەی ڕق ببێتە سەرچاوەی چێژ، ڕێز و خۆشەویستی ببنە بنەمای ژیان و چێژی ڕاستەقینەی تاک و کۆمەڵگە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن