هەموو شت دوای سەری ساڵ
12/18/2025 11:08:00 AM
فارس نەورۆڵی
لەم شوێنەی کەناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە پڕە لەبۆنەی زۆر و جیاجیای ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەیی و نیشتیمانی و بۆنەی شکست و سەرکەوتن، لەم نێوەندەدا کورد پشکی سەرەکی بەر دەکەوێت لەبەرئەوەی جگە لە یادکردنەوەی بۆنە تایبەتیەکانی خۆی دەبێ پابەند بێت بەبۆنەکانی نەتەوەی سەردەست و ئەو نەتەوانەی زاڵکراون بەسەر کورددا، ئەمەش وایکردوە ئێمە تێچوی مادی و مەعنەویشی بۆ ببەخشین.
یەکێک لەو سەیرو سەمەرانەی کورد لەم بۆنانەدا گیرۆدەی بووە گرنگی نەدانە بەکات باوەڕناکەم هیچ نەتەوەیەک بەو ئاستە کەوتبێتە ژێرکاریگەری بۆنەکانەوە، یەکێک لەو نمونانە ئەگەر مانگێکی مابێت بۆ بۆنەو جەژنێک ئەو مانگە هەموو ئیشێکی کورد ڕادەوەستێ ئەگەر ستراتیجی و چارەنوس سازیشبێت کاتێک مانگێکی بۆ هەر جەژنێک بمێنێ هەر کارێکت هەبێ بەحکومەت بەحیزب بەعەشرەت بەیانەی وەرزشی وەڵامەکەی ئەوەیە بابکەوێتە دوای جەژن، لەو سەردەمانەشدا شۆڕش لەگفتوگۆدا بوو لەتەک بەعس خەڵک دەیپرسی ئەرێ حکومیزاتی کەی ئیعلان دەکرێ دەیان گوت دوای نەورۆز.
ئێستاش لەو دۆخەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و هەرێمی کوردستاندا پرسیار دەکەی ئەرێ کاکە کەی حکومەتی هەرێم پێک دێت دەڵێن دوای سەری ساڵ ،ئەی حکومەتی عێراق هەر دوای سەری ساڵ ،ئەی موچە هەر دوای سەری ساڵ، تۆ بڵێی ئەم حیکمەتە چی بێت ئاوا ئێمە کردومانە بەخوو بۆ هەموو شت دەڵێین دوای جەژن نا دوای نەورۆز نا دوای سەری ساڵ .