52وتار

شەڕ کۆتایی دێت، چاوەڕێی لێکەوتەکانی دوای شەڕ بن!

3/23/2026 12:53:00 PM
فارس نەورۆڵی



(ئەم شەڕەی نێوان ئەمریکا . ئیسرائیل . ئێران  ،  بەهەر شێوەیەک بێت، بە ڕێککەوتن یان بە کەوتنی بەرەیەکی شەڕ کۆتایی دێت؛ دواتر براوە بە ویستی خۆیی پشکەکان دابەش دەکات).

شەڕ سێ پیتە (ش، ە، ڕ)، بەڵام لێکەوتەکانی سەدان کارەساتی لێدەکەوێتەوە، چونکە جەنگ چەند سەخت و ئازاربەخشە، لێکەوتەکانی دوای جەنگ سەختتر دەبن. لە ڕاستیدا، چاوەڕوانکردنی جیهانێکی بێ جەنگ تەنها خۆشخەیاڵییە. جەنگ لە هەندێ حاڵەتدا هەر دەبێ ڕووبدات.
جەنگ، جگە لەوەی کارەسات بە دوای خۆیدا دەهێنێت، تەونی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری تێک دەدات. لە هەمان کاتدا، داهێنانەکانیش لە تەک خۆیدا دەهێنێت، چونکە مرۆڤایەتی لە ڕێگای زاناکانەوە داهێنانی نوێ بەرهەم دەهێنێت. بەڵام ئەم داهێنانانە زۆرجار لە تەکنەلۆژیای جەنگدا چەکی وێرانکەرتر بەرهەم دەهێنن.
ئاینەکان، فەیلەسوفەکان و کۆمەڵناسەکانیش قسەی خۆیان لەسەر جەنگ هەیە. سەبارەت بە ئاینەکان، مێژووی کۆن و نوێی جەنگەکانی نێوان ئاینەکان و نێوان مەزهەبەکانی ناو یەک ئاین بخوێنەرەوە؛ ئەمە تێگەیشتنمان پێ دەدات کە ئاین چۆن دەڕوانێتە جەنگ. ئەگەر لە دیدی فەیلەسوفەکانیشەوە لە جەنگ تێبگەن، کارل مارکس دەڵێت: «کە دوو چەک ڕوو لە یەکتر بکەن، لەنێوانیاندا قیەم نامێنێت». هەروەها مارکس جەنگ بە بەرهەمی ململانێی ئابووری و چینایەتی دەزانێت.

فەیلەسوفی ئەڵمانی، هیگڵ، ڕایەکی جیاواز و تایبەتی لەسەر جەنگ هەیە. هیگڵ جەنگ تەنها وەک کارەساتی سیاسی، ئابووری و مرۆیی نابینێت، بەڵکو جەنگ وەک پرۆسەی گەشەیی مێژوو ڕۆحی نەتەوە دەبینێت. لە باوەڕی هیگڵدا، ژیان بە شێوەی دیالێکتیکی گەشە دەکات (تێز، ئەنتی‌تێز، سەنتێز)، واتە لەئەنجامی بەریەککەوتنی دوو هێزی دژیە یەک ،جیهانی کۆن کۆتایی دێت و جیهانێکی نوێ لەدایک دەبێت. بۆیە جیهانی دوای جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران جیاواز دەبێت لە جیهانی پێش جەنگەکە.
جەنگ یەکێکە لەو بەریەککەوتنانەی ناو مرۆڤایەتی کە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری و دروستبوونی سیستەمی سیاسی نوێ. بۆیە هیگڵ پێی وایە جەنگ هۆکارە بۆ مانەوەی نەتەوەکان و وشیاربوونیان. هەروەها دەڵێت ئەگەر جەنگ نەبێت، نەتەوەکان تووشی تەمبەڵی و داڕزان دەبن و بێهێز دەبن؛ ئەمەش وەک دیدێکی وەرزشییە بۆ جەستەی مرۆڤ.
بەپێچەوانەی هیگڵ، فەیلەسوفی فەڕەنسی، ئیمانۆئێل کانت، جەنگ بە ڕووداوێکی ترسناک و خراپ دەبینێت و بە بەرهەمی نەبوونی یاسا و ڕێکخستنی نێودەوڵەتی دەزانێت. کانت پێی وایە ئەگەر سیستەمێکی دادپەروەرانەی نێودەوڵەتی هەبێت، ئەوا جەنگەکان کەم دەبنەوە. بۆیە لە کتێبەکەیدا بە ناوی «ئاشتی هەمیشەیی» باس لەوە دەکات کە جیهان چۆن دەتوانێت بگاتە ئاشتییەکی هەمیشەیی. لێرەدا چەند ڕێگاچارەیەک دەخاتەڕوو، وەک:
١. حکومەتێک یان جیهانێک کە کار لەسەر سیستەمی دیموکراسی بکات.
٢. یەکێتییەکی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای دادپەروەری و ڕێکخستنی بەرژەوەندیەکان.
٣. نەمانی بیرۆکەی داگیرکاری، فێڵ و فریودانی سیاسی و بەرژەوەندیخوازیی نەرێنی.
٤. گەڕانەوەی کەرامەت بۆ مرۆڤ؛ واتە نابێت مرۆڤ وەک ئامراز بۆ ئامانج بەکاربهێنرێت، کە جەنگ ئەم کارە دەکات.
کانت هەروەها کۆمەڵێک بیرۆکەی دیکەی گرنگ دەخاتەڕوو، هەرچەندە لەم سەردەمەدا زۆر کار بە بیرۆکەکانی کانت ناکرێت، بەڵکو تیۆرەی کارل شمیت کاری پێ دەکرێت. کارل شمیت سیاسەت پۆلێن دەکات بۆ هاوڕێ و دوژمن و دەڵێت: کێ لەتەک ئێمەیە، ئەوە هاوڕێیە؛ کێ لەتەکمان نەبوو، ئەوە دوژمنە.
لە کۆتاییدا، ئەم جەنگەی نێوان ئەمریکا - ئیسرائیل و ئێران، بە دیدی هیگڵ و کانت، کۆمەڵێک لێکەوتەی ئەرێنی و نەرێنی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت لەسەر ئاستەکانی (سیاسی، مرۆیی، شێوازی بەڕێوەبردنی حکومڕانی، پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، ئابووری، ئایدۆلۆجی، بازرگانی، سیستمی بەڕێوەبردن، ژینگە، کار و وەزیفەی حزبی). دواجار، ئەم جەنگە پرسیاری گەورە بۆ جیهان دروست دەکات، بەڵام وەڵامەکەی لای هەموو کەس نیە.
هەرچەندە جەنگ زیاتر خراپە و وێرانی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت لە هەموو ئەو بوارانەدا کە ئاماژەمان پێدا، بەڵام جەنگ لە دوای خۆی شێوازێکی نوێی ژیان لە فۆرمێکی دیکەدا بەرهەم دەهێنێت. کەواتە جەنگی ئەمریکا - ئیسرائیل و ئێران، بەهەر شێوەیەک کۆتایی بێت، لەسەر بنەمای ئەو شێوازە و درێژکراوی ئەو بەرەنجامەی کە جەنگەکە دەیدا بەدەستەوە، گۆڕانکاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا .

لەو بارەشدا، عێراق و هەرێمی کوردستان لەبەردەم لێکەوتەکانی ئەو جەنگەدان. بۆیە هەر دەوڵەت، حکومەت، بازرگان یان حزبێک نە توانێت خۆی بگونجێنێت و ئامادەکاری نەکات بۆ ئەو لێکەوتە و ئەگەرانەی دوای جەنگ دێنە پێش، بە دڵنیاییەوە یاخود دەسڕێتەوە یان دادەڕزێت، چونکە لە هەلومەرجی دوای جەنگدا، برا وە کان  نەخشەی سیاسی دوای جەنگ دەکێشن لەم دۆخەدا مانەوە بۆ گونجاوترینە .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن