53وتار

هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان

2/16/2026 12:35:00 PM
فارس نەورۆڵی

کتێبی هێڵێک بەناولمدا لە نووسینی جێمس بار باس لەدۆخی سوریا و لوبنان و فەلەستین دەکات لە ساڵانی (١٩١٤ تا ١٩٥٠) کە چەندە دۆخێکی ئاڵۆزە و بەریەککەوتنی بەرژەوەندیەکان چەندە سەختن، ئەگەر بەو مێژووە ئێستا بخوێنیتەوە لەفۆرمێکی دیکەدا هەمان ململانێ بەڕێوەدەچێ، بەڵام لە کارەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتیەکاندا گۆڕانکاری جیاوازی تێدا ڕووداوە لەکارەکتەری دەوڵەتیدا ئێستا ئەمریکا ڕۆڵی پێشەنگی هەیە، بەڵام ئەوکات فەڕەنساو بەریتانیا لەکارەکتەری نا دەوڵەتیدا وەک میللەت و هێزی بێ دەوڵەت. ئێستا کورد پێشەنگە و لەنێوەندە نێودەوڵەتیەکاندا بایەخ پێدراوە چونکە لەسەرەتای شەڕو ئاڵۆزیەکانی سوریاوە کورد توانی دەرفەت وەرگرێ و لەناوچە کوردیەکان و بەشێک لەناوچە عەرەبیەکان دەسەڵاتێکی خۆسەری دروست بکات  لەو کاتەوە هەرێمی کوردستان ئەگەر چی بەرزو نزمی لەپەیوەندیەکاندا دروست بوو بێت، بەڵام ستراتیجی هەرێمی کوردستان مانەوەی ئەو خۆسەرییەی کوردی مەبەست بووە لەڕووداوەکانی ئەم دواییەو هێرشی سوریا بۆسەر کوردەکان هەرێمی کوردستان دەسەوسان نەبوو بەڵکو جوڵەیەکی کرداری لە هەموو ئاستەکاندا ئەنجامدا و هەموو توانا دبلۆماسی و سیاسی و میدیایی و مرۆیی خستە خزمەت مانەوەی ڕۆژئاوا تا ئەوکاتەی پێویستیش بوو هێزی پێشمەرگەی ناردە کۆبانێ و ئەوەشمان لەبیربێت هەڵوێستی تێکڕای کوردستانیان لەناو کوردستان و لەئەوروپاو ئەمریکا هەڵوێستێک بوو داگیرکەران چاوەڕێی ئەو هەڵوێستە نەبوون  بۆیە بۆ بەردەوام بوون بەو ڕۆحییەتە دەبێت لە دەرەوەی ڕقی کۆنی حزبی وێنەکان ببینین نەک لەبەر ئەوەی لەڕابردوودا ڕقت لەحیزبێک  بووە ئێستا ئەو هەموو هاوکاریەی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژئاوا نادیدە بگریت.

لەڕاستیدا ئەگەر واقیعی سەیری دوو وێنەی جیاواز بکەین، وێنەی دەوڵەتانی عەرەبی و وێنەی هەرێمی کوردستان لەجوڵەی دەوڵەتانی عەرەب بۆ هاوکاری فەلەستین و غەزە. دەوڵەتانی عەرەب بەو هەموو دەسەڵاتە سیاسی و ئابوری وئاینی و هەواڵگرییەوە هێندەی هەرێمی کوردستان پشتگیری ڕۆژئاوای کرد، عەرەب نەیتوانی پشتگیری فەلەستین و غەزە بکات لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان لەبارودۆخێکی سەختی ئابوریدایە و کۆمەکیشی بۆخەڵکی غەزە نارد کەچی برایانی موسوڵمانمان لەدنیای عەرەبدا  لەهێرشەکانی سوریا بۆسەر ڕۆژئاوا بەدروشمی فتح  وەڵامیان داینەوە ،بۆیە قسەکردن لەسەر ڕۆژئاوا وەک ئەوەی هەیە بیخوێنینەوە نەک وەک ئەوەی حەزمان لێیە بینووسینەوە. واتە لەهەر باس وخواسێکی ڕۆژئاوا نابێ بگەڕێینەوە بۆ ئەو پاشخانە ئایدۆلۆجی حیزبیەی کە جوانی ئەوی دیکە  نەبینین بۆیە بێ ویژدانیە ئەگەر ڕۆڵ و پێگەو شکۆی هەرێمی  کوردستان نادیدە بگریت   لە هاوکاری  بۆ مانەوەی ڕۆژئاوا    لەکاتێکدا کوردانی ڕۆژئاوا لەهەموئاستە جەماوەری و سیاسیەکاندا دەیان جار وتویانە پێزانینی قوڵمان بۆ هەرێمی کوردستان هەیە  کەبەهەموشێوەیەک لەپشت ڕۆژئاوا وەستاون کەچی لەباشور بەشێک لە قسەکەر لەنوسین و سیمینارەکاندا ئەو هاوکاری و جوڵە مێژووییە نادیدە دەگرن .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن