9وتار

نەوەی تەکنەلۆژیا چیان پێ وتین؟

2/2/2026 1:53:00 PM
فارس نەورۆڵی

(نەوەکانتان پەروەردەمەکەن بەوپەروەردەی خۆتانی پێ پەروەردە کراوە ..
 ‘’ئیمام علی’’)

چۆن هەر سەردەمەو پرسیار و وەڵامی خۆی هەیە، ئاواش نەوە دوای نەوە خواست و ئارەزوو و جیهانبینی خۆی هەیە بۆ شتەکان و  ژیان، لەکاتێکدا نەوەی ئەمڕۆ و دوێنێ و سبەی خاڵێکی هاوبەش یان وەزیفەیەکی هاوبەشیان هەیە، بەئامرازی جیاواز یان خەونی جیاواز  خزمەت بەدۆزی ڕەوای کورد بکەن ،دەبێ ئەوەش بخەینەڕوو ئەگەر بەتوانج بەنەوەی ئەمڕۆ بڵێن نەوەی ئایپاد و تەکنەلوژیا ئەوە هەڵەیەکی لۆژیکییە چونکە قەدەری نەوەی دوێنێ وابووە نەوەی هەڵماتێن بێت بەڵام قەدەری نەوەی ئەمڕۆ ئایپاد و تابلێت بێت، گرنگ ئەوەیە نەوەی نوێ یان  نەوەی ئایپاد ئەرک و وەزیفەی کوردانەی خۆی جێبەجێ بکات بە ئامرازی سەردەمی خۆی خاڵی هاوبەش لەنێوان هەردوو نەوەی ئایپاد و نەوەی کۆندا کوردبوونە، نەوەی ئایپاد لە کوردستاندا نەوەیەکی تایبەتی سەردەمێکی ئاڵۆز و پاشەکشەی جیهان لەئەخلاقی سیاسیدا دەژین و نەوەیەکی تایبەتە کە لەسەردەمێکی هەستیار و گۆڕانکاری گەورەی سیاسی و زانستیدا لەدایک بوون و ڕاستەوخۆ بەسراونەتەوە بەتەکنەلۆژیا و زانیاری دیجیتاڵیەوە بۆیە لەژێر کاریگەری تەواوی ڕووداوو گۆڕانکاریە جیهانیەکاندایە.

نەوەی نوێ یان نەوەی ئایپاد لە کوردستان  لە نێوان دوو جیهاندا دەژی جیهانێکی گڵۆباڵ و  کراوە کە دەستی بەهەموو زانیاریەک دەگات جیهانێکی دیکە لەکۆمەڵگەیەکی نەتەوەیی وەک کورددا کەهێشتا سەرقاڵی بنیادنان و پێناسەی خۆیەتی و شەڕی ئیعتیراف دەکات نەوەی ئایپاد لەنەوەی هەڵماتێن زیاتر دەرفەتیان هەیە کەخزمەت بەدۆزی کورد بکەن لەئاستی جیهاندا، ئەگەر نەوەی کۆن توانیوویەتی بەچەکێکی وەک بڕنەوەوە شەڕی پاراستنی و مانەوەی کورد بکات  ئەوا نەوەی نوێی ئایپاد دەرفەتیان هەیە لەڕێگای زانستی نوێ و فێربوون لەزانکۆکانی جیهان بەشداری کردن لەگفتوگۆ جیهانیەکان و بەریەککەوتنیان لەتەک نەوەی ئایپادی  میللەتانی دەووروبەر کە فاشستانە ناڕەوایانە قسە لەسەر دۆزی ڕەوای کورد دەکەن، لێرەوە ترسێک لای نەوەی ئایپادی کوردی دروست دەبێت ئەویش ترسە لەبوون .

بۆیە هەستی بەر پرسیاریەتیە بەرامبەر نیشتیمان و گەلەکەیان بەرپرسیاریان دەکات ، ئەم جارە لەکاتی ئەو پیلانگێڕییەی ڕۆژئاوا هەروەک چۆن سەرکردایەتی سیاسی کورد لەباشور هەستی بەمەترسیەکە کرد جوڵەیەکی خێرای دبلۆماسی و سیاسی دەست پێکرد لەسەر ئاستی میدیاو جەماوەریش شان بەشان لەتەک جوڵە سیاسی و دبلۆماسیەکان خۆپیشاندانی بەردەوام و کۆکردنەوەی کۆمەک بۆڕۆژئاوا دەستی پێکرد، بەم هەنگاوە هەرێمی کوردستان سەلماندی قەڵای بەهێزی هەموو کوردە لەپاڵ ئەم جوڵانەدا نەوەی ئایپاد جوڵەیەکی بەهێزی کرد لەئاستی جیهاندا چ لەڕێگای تەکنەلۆژیاو چ لەڕێگای خۆپیشاندانەکانەوە لەکوردستان و چی خۆ بەخشانە چونە مەیدانی شەڕەوە چی لەئەوروپا و لەهەر شوێنێکی جیهان پێویستی کردبێت، نموونە ئەوگەنجانەی باشور کەچوونە نێو یاریگای (مانچێستەر سیتی) سەرنجی جیهانی بۆخۆی ڕاکێشا،  شەهیدبوونی گەنجی باشور لەڕۆژئاوا ( ئەحمەد هێمن ) بەنموونە چەندان نموونەی دیکەی ئەقڵانی و دڵخۆشکەر، کەواتە نەوەی نوێ یان نەوەی ئایپاد سەرەڕای هەر نیگەرانیەکیان بەڵام لەتەنگانەدا نایەڵن نیشتیمان نیگەرانبێت و هەستبکات کەبێ کەسە. بۆیە نەوەی ئایپات شیعرەکەی "بێکەس" یان گوتەوە ( شەرتە شەرتی پیاوەتی بێت گەر خودا دەستم بدا دوژمنت پەتکەم وەکو سەگ بیخەمە ژێر پێتەوە) نەوەی ئایپات پێی وتین من ئینتیمام هەیە بۆ کوردستان، بەڵام نیگەرانم لەئەحزابی کوردی  و لە نادادپەروەری و لەوناتەبایی و خود پەرستیە  لەناو ماڵی کوردیدا دەگوزەرێ ئەگینا هەمیشە گیانبازین بۆ کوردستان. نایەڵین  ڕۆحی نەتەوەیی لە بیرماندا کاڵ ببێتەوە لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستە پڕ ئومێدەی نەوەی نوێ  پێویستە ناوەندە باڵاکانی ئەم وڵاتە گوێ بۆنەوەی ئایپاد بگرێت  زەمینە سازکات بۆ  ئەوەی بتوانن تواناکانیان بخەنەگەڕو خەونەکانیان بهێننەدی دواتر پەروەردەیان بکات و ڕێکیان بخات و ئاراستەیان بکات  بۆ  خزمەتی نیشتیمان  نیشتیمانێک کە هەموا ن  هەست بەبونی خۆیان بکەن هەست بەدادپەروەری و بەئارامی وشکۆمەندی بکەن تێیدا .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن