٣١ یەک و دوو ژمارەکەی دیکە.
9/1/2026 2:51:00 PM
فارس نەورۆڵی
مێژووی کورد پڕە لە ڕۆژانی تاڵ، کەوتن، داخزان، و یەکترکوژی؛ لە سەردەمی عەشیرەتەکان و دواتر میرنشینەکانەوە تا گەیشتووەتە مێژووی نوێ و دروستبوونی حزب. بەشێکی زۆری ئەم مێژووە براکوژی و ناکۆکی بووە. ترسناکترین ڕووداو لە ناو پانۆرامای براکوژیی کورددا ئەوە بووە کە هەر لایەک پاڵی داوەتە حکومەتێکی دووژمن بە کورد تا پەلکێشی ناو شەڕەکانی بکات، ئەم ناچارکردنەی یەکدییە بۆ ئەوەی پەنا بباتە بەر دووژمن بووەتە برینێکی قووڵ بە جەستەی نیشتمان و مێژووی دوو رو نزیکی کوردەوە، ساڵانە لەو ڕۆژانەدا خۆمان ئامادە دەکەین بۆ کولاندنەوەی ئەو برینانە، بێ ڕەچاوکردنی هیچ هەلومەرجێکی سیاسی و هەستیاریی ئەم قۆناغە.
لە ٣١ی ئابی هەموو ساڵێکدا، یەکێتی ئامادەکارییەکی میدیایی دەکات بۆ لێدان لە پارتی، بەو شێوازە زمانەی کە لە میدیای حزبیی کوردیدا دەیبیستین و دەیخوێنینەوە. لە بەرامبەر ئەمەدا، پارتی لە ساڵیادی ٦٦ و ١٦ی ئۆکتۆبەردا بە هەمان شێوەی یەکێتی ئەو یادانە گەرم دەکاتەوە وتۆخی دەکاتەوە ، ئیتر لێرەوە هەرچی ڕێسی ئاشتی هەیە دەیکەینەوە بە خوری!
بۆیە لێرەوە داوا دەکەم پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیار بدەن چیتر ئەو ڕۆژانە باس نەکرێن و بکرێنە وانە ، نەک بکرێنە خەڕەک ، چونکە پێ بزانن یان نەزانن، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر بیر کردنەوەی نەوەی نوێ دەبێت بۆ نەفرەتکردن لە خود، لە کوردبوون بەتایبەتی لەم هەلومەرجە قورسە ئابووری و سیاسییەی میللەتەکەماندا کە ئایندەمان نادیارە.
دەبێت سوود لە دیالێکتیکی مێژوو وەربگرین ، وێستگە تاڵ و ترسناک و تاریکەکان لە بڕی تەخوینکردنی یەکدی، دەبێت بیگۆڕین بۆ ڕامان و خوێندنەوەی ڕەخنەییانە. ئەگینا بەردەوام بەو جۆرە وەبیرهێنانەوەیان بۆ ناو فەزای گشتی، دەبنە کەلەپچە بۆ داهاتووی ئەم نەتەوەیە. ئەو ژمارانە (٦٦، ٣١ی ئاب، و ١٦ی ئۆکتۆبەر) تەنها سێ ژمارەی بیرکاری نین کۆکردنەوە، لێدەرکردن و دابەشکردنیان بۆ بکەین، بەڵکو سێ برینی قووڵن لە جەستە و هۆشیاریی کورددا.
گەورەترین مەترسی لەسەر ئێستا ئەوەیە کە مێژوو نەبێتە وانە و ببێتە تەڵەی دەمارگیری و تۆڵەسەندنەوە لە یەکدی، کە لە دەورانی دوێنێدا دەخولێتەوە. سیاسەت بریتییە لە هونەری مامەڵەکردن لەگەڵ واقیعدا ،کاتێک حزب، سەرکردایەتی، ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووسی گەلێک ناتوانن خۆیان لە گرێکوێرەکانی ڕابردوو ڕزگار بکەن، ئاسۆکانی دواڕۆژ وێران و کوێر دەکەنەوە، چونکە ڕووداوە مێژووییەکان جێگای لێکۆڵینەوەی ڕەخنەییی زانستی و وانەوەرگرتنن، نەک ئامرازی شەڕی میدیایی بەردەوام و تەخوینکردنی یەکدی. بۆیە کورد ناتوانێت هەنگاو بەرەو ئایندەیەکی باش هەڵبگرێت لە کاتێکدا زمان و هۆشیاریی سیاسی لە ناو کەلاوەکانی ڕابردوودا چەقی بەستبێت.
ئەگەر بە ڕاستی کوردایەتی دەکەین، دەبێت بزانین بەرژەوەندیی باڵای کورد لە ئێستادا لە چاوەڕوانیی شیرینێکدا نییە تەشی بڕێسێت، بەڵکو پێویستی بە ئەقڵانییەتە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو مینانە پووچەڵ بکاتەوە کە چوار دەوریان تەنیوین. دەبێت بەرژەوەندی و ئاسایشی هەرێم، تێگەیشتن لە هاوسەنگیی هێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە ناوخۆییەکان، و ژیان و گوزەرانی خەڵک لە کارە لەپێشینەکانمان بن، نەک هێنانی ڕووداوەکانی دوێنێ بۆ سەرقاڵکردنی ئەمڕۆی خەڵک.
پێشنیاری من ئەوەیە چیتر ئەو ژمارانە لە بیر خۆتان ببەنەوە بۆ ئەوەی بیرکردنەوەی نەوەی نوێشی پێ نەشێوێنین. باس نەکردنەوەی ئەو ژمارانە، ڕزگارکردنی ئیرادەی سیاسییە لە دیلیەتیی مێژوو. بۆ ئەوەی کورد لەم گەردەلولەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرباز بێت، پێویستە وەک ئەمڕۆ و بۆ ئەمڕۆ بیر بکەینەوە و کردار بنوێنین؛ ئەگەر هەر لە ڕابردوودا گیر بخۆین، داهاتوومان لە دەست دەچێت.
تکایە چیتر باسی ٣١ و دوو ژمارەکەی دیکە مەکەن. ئەم وتارەم لە دڵسۆزییەوەیە و بۆ ئەوانەشە کە تێدەگەن سیاسەت ئەقڵ، ئەخلاق و بەرپرسیاریەتییە.