لەپەراوێزی نەناردنی مووچەدا. کاسەی پڕ ئاشتی ماڵە
5/29/2025 3:02:00 PM
فارس نەورۆڵی
کورد دەمێکە ووتویەتی کاسەی پڕ ئاشتی ماڵە، سەرمایەداریش بەردەوام چێژی نوێمان نیشاندەدات، ئیتر مرۆڤ دەبێ هەر ڕاکەڕاکی بێت بۆ گەشتن بەچەشتنی ئەو جێژە نوێیە، ئەگەر پێی نەگات توشی حاڵەتی دەروونی دەبێت، ئەم گەشتنەش بەم هەموو داهێنان و چێژە نوێیانە پارەی دەوێت، ئەمڕۆش پێداویستییەکانی ڕۆژانە بێ ئەندازە زۆرن، ئەمەش کەڵکەڵەی گەشتن و بەدەسهێنانیان لەکەللەی هەموماندایە، لەکاتێکدا هەلومەرجێک خولقاوە دەستت بەمافە سەرەتاییەکان ڕاناگات، ئەمەش بەرەنجامی شەرانگێزییەکانی مرۆڤە ئەگینا خودا سەرزەمین و ژێر زەمینی پڕ بەرهەم کردووە بۆ مرۆڤ بەختی کورد خراپی هێنا کە لەناو خێزانی جیهانیدا دراوسێ باشی نەبوو، بوینەتە دراوسێی میللەتانێک کە چێژ لەئازاردانی کورد دەبینن، ئەو شەڕەی ئێستا بەغدا لەتەک هەرێم بەڕێوەی دەبات نمونەی چێژ وەرگرتنە لەئازاردانی کوردو هیچ پاساوێکی ئەخلاقی و ئیداری نیە ئامانجی تەنها شکاندنی ڕۆحی کورد بونە لەسەر ئاستی تاک وگشتی، ئەگینا نمونەیەکی وا لەجیهاندا بوونی نیە، لە وڵاتێکی فیدراڵدا کاتێ کێشە لەنێوان هەرێمێک و حکومەتی فیدراڵدا هەبێت لەبری ململانێ لەتەک هێزی بەرامبەر بچێت موچە و قوتی هاوڵاتیەکانی ببڕی، ئەوەی لای من هەم تراژیدیا و هەم کۆمیدیایە دوو دەنگی کوردی بوو ( یەکەم : دەنگێک خۆشحاڵ بو کە موچە نەدەن، تەنها لەبەر ئەوەی گوایە حیزبێکی سیاسی پێ دەشکێت، ئەم دەنگە ئەوەندە ڕقی لەتەک خۆی هەڵگرتوە ئاساییە لای بۆ ڕقێکی خۆی بەدیار سوتانی نیشتمانە وە دانیشێ و مەی بنۆشێ، ئەمە لە کوردەواریدا پێی دەڵێن … هینی … تۆپینی خۆیی و زەرەری خاوەنی، دووەم : دەنگێکی زۆر گوناح بەڵام خۆی لەمەوقیعدایە دەیگوت خودا حەجەکەی تەیف سامی قبوڵ نەکات و گەردنی ئازاد ناکەم ئەم قسەی هەم کۆمیدیە هەم تراژیدی ئاخر برادەر ئەمە سیاسەتە پەیوەندی بەقەبر و قیامەتەوە نیە، ئەوان توێژینەوە دەکەن چۆن کورد بشکێنن، ئەوان تێزیان هەیە بۆ شکاندنی تۆ ئەی ئەنتی تێزی تۆ چیە ؟ ئێمە پێویستە بیر بکەینەوە ئەوە هێزی بەغدا نیە کە دەتوانێ ئێمە بشکێنێ، ئەوە پەرتەوازەیی گوتاری کوردە کە گوتاری ئەوان زاڵ دەکات، بۆیە دەبێت گەورە و بچوکی ئەحزابی کوردی ڕەخنە لەخۆی بگرێت و ددان بەوە دابنێ کە لەسەرگەردانیەکی سیاسی و بێ گوتارییەکی یەکجار گەورەداین، لەهەمان کاتدا هاوڵاتیانی هەرێم ئەو پەندە کوردیە یان لەبیر بێ کە دەڵێ : کاسەی پڕ ئاشتی ماڵە بەغدا دەیەوێ نەک کاسەکە پر نەبێ بەڵکو کاسەکە بشکێنن، بۆ ئەوەی ئاشتی کۆمەڵایەتی هەرێم تێک بدەن .