نوسەرانی کورد، ئابووریی نووسین و بژێویی ژیان
10/14/2026 8:34:00 PM
فارس نەورۆڵی
هەر کاتێک ڕۆشنبیرانی
نەتەوەیەک دەرفەتی ژیانی گونجاویان هەبێت، دەتوانن باشتر و ئازادانەتر بیر بکەنەوە،
بەبێ ئەوەی بکەونە ژێر کاریگەریی هیچ حزب و ئایدۆلۆژیایەک. یەکێک لەو هۆکارانەی
وادەکات نووسەران ژیانێکی شایستەیان هەبێت، «ئابووریی نووسین»ـە، واتە بەرهەمەکانیان
پڕفڕۆش بن. بەڵام لە کۆمەڵگەی کوردستاندا دوو کێشەی سەرەکی وایان کردووە کە نووسەرانی
کورد نەتوانن وەک نووسەرانی نەتەوەکانی دیکە لە ڕێگەی بەرهەمەکانیانەوە بژێویی ژیانی
خۆیان دابین بکەن. نەبوونی ژیانێکی ئابووریی باشیش، هەندێک جار نووسەران بەرەو لاڕێ
دەبات. کێشەکانیش بریتین لە: ١. کێشەی کەمیی خوێنەر: کەمیی خوێنەر لە کوردستان یەکەمین
لەمپەری بەردەم ئابووریی نووسینە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی کلتووری خوێندنەوە
و کڕینی کتێب، چونکە کتێب هێشتا نەبووەتە پێداویستییەکی سەرەکیی ژیان. لای تاکی وشیار،
چۆن لە کاتی دروستکردنی خانودا بیر لە دروستکردنی چێشتخانەیەکی (مەتبەخێکی) جوان دەکرێتەوە،
دەبێت بە هەمان شێوە بیر لە کتێبخانەیەکی جوانتر بکرێتەوە. بەهۆی ئەم کێشەیەوە، لە
کۆمەڵگەی کوردیدا کتێب بە تیراژی ٥٠٠ دانە چاپ دەکرێت و بۆ ساڵێکیش ساغ نابێتەوە؛
ئیتر نووسەران چۆن بتوانن لە ڕێگەی بەرهەمەکانیانەوە ژیانیان دابین بکەن و بەرهەمی
نوێی پێ چاپ بکەنەوە؟! ٢. کێشەی زاراوەکان و نەبوونی زمانی یەکگرتوو: کێشەیەکی دیکە،
جیاوازیی دیالێکت و زاراوەکان و نەبوونی زمانێکی یەکگرتووی نووسین و خوێندنەوەیە.
بۆ نموونە: کتێبێک لە سلێمانی چاپ بکرێت، لە ئامەد (دیاربەکر) خوێنەری زۆری نییە؛ یان
کتێبێک لە قامیشلۆ چاپ بکرێت، لە هەولێر و هەڵەبجە خوێنەری نییە، ئەوەش بەهۆی جیاوازیی
زاراوەکانەوە. ئەمەش ئاستەنگێکی قووڵی بۆ نووسەران دروست کردووە. لە بەرامبەردا ،
ئەگەر کتێبێک بە ئینگلیزی یان عەرەبی چاپ بکرێت، ملیۆنان دانەی لێ دەفڕۆشرێت و چەندین
جار چاپ دەکرێتەوە، چونکە زۆرینەیەکی بەرفراوان بەو دوو زمانە دەخوێننەوە. لەبەر ئەم
هۆکارانە، پێویستە بۆ هاوکاریکردنی نووسەران، حکومەت، زانکۆکان و سەرمایەداران بەشدار
ببن لە کڕینی ژمارەیەکی بەرچاو لە کتێبەکان، تاوەکو نووسەران بۆ بژێویی ژیانیان پێویستیان
بە کەسی تر نەبێت و بتوانن زیاتر خزمەت بە ئەدەب و نووسینی کوردی بکەن .