11وتار

پارتی سیاسی: دەردە کورد

10/18/2026 2:51:00 PM
لاوک سەلاح

چی ماوە لەسەر دۆخی پارتی سیاسی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە ناوخۆدا، لە ئەمرۆدا، شایەنی وتن بێت؟

 گوناهێکی گەورە دەکەین ئەگەر بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و بە پەیرەوکردنی زانستە سیاسییەکان، پەیکەر و پەیرەوی پارتی سیاسی ئەمرۆ، وەک یەکەیەکی سیاسی زیندووی نێو کۆمەڵگە، لەگەڵ هەڵسوکەوتی پارتی سیاسی ناوخۆ بەراورد بکەین و بیپێوین و لەسەر بنەمای ئەو پێوەرانە چاوەڕوانی بیناکردنێکی دروست بۆ پەیکەری پارتی سیاسی بکەین و لەوێشەوە بۆ پرۆسەی سیاسی. بەداخەوە کەلێنێکی دیار لە نێوان تیۆری سیاسی و فۆرمە سیاسییەکاندا هەمیشە هەبووە و هەیە و جیاوازیەکی بەرچاو لە نێوان پارتی سیاسی وەک زانستی سیاسی و وەک دامەزراوەی سیاسی لە هەموو ژینگە سیاسییەکاندا هەیە.

راستە، کاریگەری سروشتی پارتی سیاسی بە گوێرەی ژینگەکان دەگۆڕێت، بەڵام لە بنەمادا دەبێت بۆ یەک مەبەستی سیاسی هاتبێتە ئاراوە؛ ئەویش نوێنەرایەتی کردنی کێشەکانی نێو کۆمەڵگە و دامەزراندنی پرۆسەی سیاسی بۆ رێکخستنی دەستەڵاتەکانی نێو کۆمەڵگە، یاخود بۆ کۆکردنەوەی هاوڵاتیان کاتێک سەروەری وڵات دەکەوێتە مەترسییەوە. ئەوە کاری پارتی سیاسییە کە لەسەر دەستوور و شێوازی حکومرانی دەبێت رێک بکەون و کەس نەسڕێتەوە و هاوسەنگی بەرژوەندییە نیشتمانیەکان بپارێزێت کە دەچنە نێو چوارچێوە یاساییەکانەوە. ئەمە پوختەی کرۆکی تیۆری سیاسی پارتی سیاسییە.

ئەمرۆ لە رۆژە تاریکەکانە کە دەبێت هەوڵ بۆ رۆشنکردنەوەی بکەین، ئەوەش ئەرکی یەک کەس و دووان نییە، یاخود یەک دوو دەزگا یان دوو سێ سەرکردە، تەنانەت ئەرکی دوو دەوڵەتی ئیقلیمی نییە. ئەمە ئەرکێکی نیشتمانی بەرفراوانە دەبێت لەسەرچاوەوە پاکژ بکرێتەوە، سەرچاوەکە لە دەرەوەی سنوورەکانی ناوچەکەیە، ئەمەش کارێکی سەختە لەبەر ئەوەی لە توانای گشتی ناوچەکەدا نییە. 

ئێستا، خوێنەری ئازیز دەپرسێت کێ ئەو سەرچاوەیەیە؛ مەتەڵێکی مەنگ نییە، هەر ئەوەندەیە کە پرۆسە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان و بەرژەوەندییە سیاسییەکان و ئەجەندە سیاسییەکان بە ئێمە نامۆن، ئاخر ئێمە کە دەچین بۆ تاقیکردنەوە قۆپیە دەکەین و بڕوانامە باڵاکان بە پارە دەکڕین، ئەم دیاردەیە لە عێراقدا بۆتە باو، بەمانایەکی دیکە ئەو مرۆڤەی کە توانای نییە کار لەسەر گەشەپێدان و بیناکردنی تواناکانی خۆی بکات و  قۆپیە دەکات، ئەو مرۆڤە توانای بیناکردنی نیشتمانی نییە. ئێمە خۆمان فێل لە خۆمان دەکەین و بە باڵای کێشەکان خۆمان ناپێوین، شەکەتی جەنگەکان، نە بەهای بۆ ئاییندە هێشتۆتەوە، نە خۆشمان هێشتا دەتوانین مانا بە ئێستا و ئاییندە ببەخشین، هەر بۆیە کێشە سادەکان ئاڵۆز دەبن و دەبنە گرێ کوێرە و دەبنە "دەردە کورد".  

کە ئاو لە سەرچاوەوە لێڵ دەبێت کاریگەری لەسەر ئێمە دەبێت، کە وڵاتە ئەوروپییەکان لە نێو خۆیاندا دەکەونە ململانێوە، بۆشایی سیاسی لای ئێمە دروست دەکەن و دەوڵەتە ئیقلیمیەکان دەکەنە کەڵەگا بەسەر ئێمەوە، کە ئەمریکا هەموو چوار ساڵێک فۆرمێک لە حکومڕانی بۆ ئێرە پێشکەش دەکات، ئێرە لە پرۆسەی سیاسی بەتاڵ دەکەنەوە، کە ئەمریکییەکان ئێرە وەک کۆمپانیایەکی گەورە و بچوک دەبینن، هەرێم بچوک و بەغدا گەورە، ئیتر مانا بۆ رەوایەتی سیاسیی کارەساتە سیاسییەکان ناهێڵن. لە کاتێکدا، تۆ دەڵێیت من خاوەن ئەنفال و جینۆسایدم، ئەو دەڵێت لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی بەغدا و واشنتۆن خۆت، بەمەرجی ئەوان بگونجێنە، ئەگینا شەمەندەفەرەکە بەجێت دێڵێ، کە موچەکانی ناوچە کوردییەکان لە سوریا بە دیمەشقەوە دەبەستنەوە بە بێ ئەوەی رێکەوتنێکی کۆنکرێت کرابێت و ناهێڵن بە کوردی قسە بکەیت، لەو پرۆسە سیاسییەدا، لە چەند ساڵێکدا، دەتکاتە نێجیرێکی لاواز و بنێس کە بوارت نادات ناوچەکانت بە پرۆژەی ئابووری بگەشێنەوە، بە ناوی پاراستنی یەکپارچەی نیشتمانی دەتباتەوە سەر وێستگەکانی مێژوو، لای ئەوان باشترین فۆرمی حکومرانی "ئەمەوی"یەکانە و لای ئێمە باشترین فۆرمی حکومڕانی پەیرەوکردنی مەرجەعەکانە، یاخود ئەوانەی لە مێژووی نزیکەوە لە پرۆسەی دەوڵەت-نەتەوە بۆ بەرژوەندی قەومی خۆیان، عەسکەر ئیدارەی دەدان، بۆ ئێمەش، تارمایی سیاسی "دەردەکورد" کە وەک میراتی سیاسی ماوەتەوە و هیچ جۆرە پەیوەندییەکی سیاسی هارمۆنی تێدا نییە و پێمان دەڵێت تارمایی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێو میرنشینە کوردییەکانمان تێنەپەڕاندووە، و پێمان دەڵێت ئەوە سایکۆلۆجیەتی سیاسییە حوکم دەکات نەوەک مەعریفەی سیاسی، وانەبوایە رازی نەدەبووین دوو زۆنمان بۆ حکومرانی هەبێت و تەسلیمی دەردە مێژوویەکان ببین!

بەئاشکرا، پرۆسەیەکی سیاسی لە ئارادایە بۆ گەمارۆدانی هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستان، بەداخەوە "دەردە کورد" هەست بەوە ناکات، ئەوە ئێمەین کە رێز لە سنووری دەوڵەتەکان دەگرین، ئەوەش رۆژئاوایە، بە تایبەتی ئەمریکا کە هەر چوار ساڵێک فۆرمێک لە حکومرانی بۆ ئێمە پێشکەش دەکات پەیوەندی بە رەگوریشەی ململانێ سیاسییە مێژوویەکانەوە نییە. کورد وەک نەتەوە، بۆمبێکی تەوقیتکراو نییە، بۆمبەکە ئەو سیاسەتە کورت مەودایانەیە کە دەخوازێت کورد لە نێو نەتەوەکانی دیکە دەمج بکات. بەمانایەکی دیکە جلوبەرگی ئەوان لەبەر بکات و بەزمانی ئەوان قسە بکات، بەرامبەر بەم ستەمەش، ئێمە بەدەست پەتای "دەردە کوردە"وە کە بنەماکەی نەخوێندەواری گشتییە، زۆر بەئاسانی دەکەوینە تەڵەی شیکردنەوەی سیاسی هەڵە و چەواشەکار. 

خوشکان و برایان؛

 دەزانن "دەردە کورد" چییە؟  دەردە کورد ئەو گرفتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتوریانەیە کە لە هەناوی کەسایەتی کوردیدایە، ئینجا ئەو دەردە کوردە دەرهاویشتە و روخساری خۆی هەیە هەر لەسەرکردەی سیاسییەوە تا دەگاتە کەسێکی ئاسایی نێو کۆمەڵگە بەدەستییەوە دەناڵێنێت. دەردە کورد لە ئەنجامی جەنگە مێژوویەکان دروست بووە و بەئاسانی لە کەلتووری سیاسیدا راناماڵڕێت، دەردە کورد دۆخێکی سایکۆلۆجی سەقەتە کە تێکەڵ بە مەعریفەی سیاسی و ئابووری  وکۆـەلایەتی و کەلتووری دەبێت وەک کوولە هەمووی وێران دەکات. با ئەو راستییەش بڵێن دیاردەکە خۆی لە خۆیدا بە شێوازی جیاواز لە نێو کۆمەڵگەکاندا هەیە، کێشەکە ئەوەیە کەس چارەسەری بۆ نادۆزێتەوە. 

ئەوە "دەردە کوردە" رق و کینە دروست دەکات و نایەڵێت نوێنەری سیاسی و سەرکردەی سیاسیت هەبێت، ئەوە دەردە کوردە لە پێگەی سیاسیدا کەس ناخوێنێتەوە و لە خۆی بای دەبێت و  وێنەی خوێنی لەلا ئاسان دەبێت و برای خۆی  نەوەک هەر ناناسێت بەڵکو مافی ژیانی لێدەستێنێتەوە. دەردەکورد شەپۆلێک لە سایکۆلۆجیەتی ناجێگرە، نە هەست بە قورسایی کێشەکان دەکات، نە توانای چارەسەری هەیە و نەتەوەیەک بە خۆیەوە ون دەکات، "دەردە کورد" تەنانەت هاوڕێیەتی نێوان کەسەکان دەسرێتەوە هەر وەک ئەوەی نەبووبن. سنورەکانی نێوان هاورێیەتی و دوژمن بوون بەئاسانی هەرەس دێنن.

پوختەی قسە: پانتاییەکانی سیاسەت وەک زانست و مەیدانی کارکردن دونیایەک کاریان پێویستە بۆ ئەوەی ئەوانەی دێنە کاری سیاسەتەوە توانایەکی کاریگەریان هەبێت لە ئیدارەدانی ململانێکان و کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان. کارکردن لەسەر راماڵینی میراتە سیاسییە نەرێنییەکان نەوەیەک بۆ ئاییندە پەروەردە دەکات کە مێژوو وەک خۆی دووبارە نەکەنەوە. گرنگە کادیرە سیاسیەکان درەفەت و دەرچە بخوڵقێنن نەوەک خۆیان ببنە رێگر لەبەردەم بەڕێوەچوونی پرۆسەی سیاسی. راماڵینی دەردەکانی مێژوو پێویستی بە هەڵمەتێکی فراوانی رۆشنبیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووری هەیە کە پرسەکان لە گەوهەری خۆیان نزیک دەکات یان بەرجەستە دەکات. لە دۆخی ئەم جۆرەدا ئەوە پانتایی سیاسیەتە کە براوە دەىێت و نابێتە قوربانی دەردەکان.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن