67وتار

پڕۆژەی بڕینی موچە و دژە پڕۆژە

6/28/2025 2:07:00 PM
فارس نەورۆڵی

بڕینی مووچەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی سیاسی یە بۆ تێکشکاندنی هەرێمی کوردستان،  بۆیە پێویستە لەبەرامبەردا هەرێم دژە پڕۆژەی هەبێت بۆ بەرپەرچدانەوە یاخود ئەرلتەرناتیف و ڕاگرتنی هاوسەنگی، دژە پڕۆژەش یاخود ئەلتەرناتیف بەرمەبنای ڕاستگۆی سیاسی و دڵسۆزی دەبێت، بۆ ئەوەی دژە ئارگۆمێنت یان دژە پڕۆژەیەکی ڕاستەقینەمان هەبێت ئەویش پێویستمان بەیەکانگیرییەکی بەرەی ناوخۆیی هەیە بەبێ ئەم یەکانگیری یە هیچ هەنگاوێک یان پڕۆژەیەکی کوردی سەرکەوتوو نابێت، هەرچەندە زۆر جێگای ئومێد نیە حزبی کوردی ئەو یەکانگیری یە دروست بکات، دواتر ئەگەر توانیمان ئەو یەکانگیری یە دروست بکەین بۆ خستنە سەر ڕێی پڕۆژەیەکی ئەلتەرناتیف دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ئابووری ناوخۆ لەکۆی داهاتە نەوتی و نانەوتیدا لەژێر چەتری شەفافیەتێکدا ڕابگەیەندرێت تا خەڵک باوەڕی پێبکات، نیشاندانی خەرجی و داهات بۆ ڕای گشتی بە وردی دەستنیشان بکرێت تا خەڵک لە گومان و دوودڵی ڕزگاربکرێت، دواتر پێویستە بزانین دژە پڕۆژە تەنها بە حکومەت ناکرێت، بەڵکو دەبێت پرۆژەیەکی نیشتیمانی بێت حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی  و پەرلەمان هاوکاربن لەوپرۆژەیەدا.

هەرچەندە پەرلەمان کارانیە ئەمەش خاڵێکی لاوازی سیاسی پرۆسەی سیاسیی هەرێمە، لەو پرۆژەی ئەلتەرناتیفەدا لەڕێگای فشارو کەناڵی دیبلۆماسی و دەستووری و یاساییەوە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵەیەی حکومەتی عێراقی کە مووچەی هاوڵاتی هەرێمی کوردستانی بڕیووە جوڵەیەکی بەرنامەدار بکەین ، بۆئەوەی ڕای گشتی و قونسۆڵخانەکان و حکومەتی عێراق تێبگەیەنین کە هەر حکومەتێک مووچەی هاوڵاتیان و سیاسەتی برسیکردن بکاتە کارتی فشار ئەو حکومەتە ڕەوایی سیاسی و قانونی و ئەخلاقی لەدەست دەدات، ئەگەر حکومەتی فیدراڵ کێشەی لەتەک حکومەتی هەرێم هەیە دەبێ دەستوور حەکەم بێ  لەنێوانیاندا نەک سیاسەتی برسیکردنی خەڵک پیادەکات. 

بۆیە پێویستە پڕۆژەی هەرێم ئەو بەرپرسیارێتیە بخاتە ئەستۆی حکومەتی عێراق بەمەرجێ هەرێم کەموکوڕی و خاڵە لاوازەکانی دەستووری و یاسایی خۆی چارەسەر بکات، لێرەوە دەتوانین  ئیستیقراری دارایی و سیاسی  و دەستەبەرکردنی ژیانی شایستە بۆ هاوڵاتیان دابین  بکەین  ئەگینا گفتوگۆی بێزەنتی نێوان هەرێم و بەغداد (هێلکە لە مریشکە یان مریشک لەهێلکە)یە کۆمەڵگا دادەڕزێنێ و هەڵی دەوەشێنێتەوە، بۆیە حکومەتی هەرێم دەبێت چارەسەرێکی خێرا بۆ موچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدۆزێتەوە یان ڕێککەوتنێکی هاوسەنگ لەتەک حکومەتی فیدراڵدا بکات، بۆ ئەوەی ئیتر خەڵک و مووچەخۆرانی هەرێم لەم گرفتە گەورەیە قورتاریان ببێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن