72وتار

کارەکتەری سیاسی لەنێوان نمایش و کرداردا

6/18/2026 2:35:00 PM
فارس نەورۆڵی

تا ئەو جێگایەی نمایش دەبێتە ڕێگەیەک بۆ گەیاندنی پەیام بە ڕای گشتی، ڕێگایەکی تەواو دروستە؛ بەڵام کاتێک دەبێتە خۆنمایشکردنی بێکردار یان خەڵەتاندنی ڕای گشتی، لە شوێنێکدا خەڵک متمانەی نامێنێت و وەک درۆزن سەیرت دەکەن.

لە سەردەمی باڵادەستیی میدیادا، سیاسەت بەشێکی زۆری وزەی خۆی لە ھونەری نمایشدا دەدۆزێتەوە، کە تێیدا کارەکتەری سیاسی ناچارە وەک ئەکتەرێکی سەرتەختی شانۆ ڕەفتار بکات. لێرەدا، بونیادنانی وێنەی سیاسی، دروستکردنی کاریزما و ڕاکێشانی سۆزی جەماوەر لە ڕێگەی زمانی جەستە و گوتاری پۆپۆلیستییەوە دەبنە ئامرازی سەرەکی ،بە جۆرێک کە زۆرجار دروشمی گەورە و بەڵێنی بریقەدار، جێگەی دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی دەگرنەوە.

لە بەرامبەر ئەم وێنە شاشەیییەدا، واقیعی ڕای گشتی هەیە کە پێوەر تێیدا تەنیا کردارە، ئەو کردارەی خۆی لە بڕیاردانی قورس لە کاتی قەیرانەکان، داڕشتنی ستراتیژی درێژخایەنی ئابووری و پەروەردەیی، و بەڕێوەبردنی بێدەنگانەی جومگەکانی فەرمانڕەوایەتیدا ، یان ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستینە دا دەبینێتەوە، کە دەرئەنجامەکانی بە شێوەیەکی کۆنکرێتی لەسەر زەمینی واقیع ڕەنگدەدەنەوە.

مەترسیی گەورە لێرەدا ئەوەیە کە کاتێک نمایش دەبێتە جێگرەوەی کردار، بۆشاییەکی قووڵ لە نێوان دروشمەکانی میدیا و واقیعی ژیانی هاووڵاتیاندا دروست دەبێت؛ ئەمەش متمانەی گشتی لە تەواوی سیستمی سیاسی دادەماڵێت. بۆیە سەرکردەی ڕاستەقینە و دەوڵەتمەدار ئەو کەسەیە کە نمایش بە تەواوی ڕەت ناکاتەوە، بەڵکو کاریزما و کەرەستەکانی ڕاگەیاندن دەهێنێتە خزمەت کردار و پڕۆژە نیشتمانییە واقیعییەکانەوە؛ چونکە سیاسەت بەبێ نمایش سارد و بێگیانە، بەبێ کردار و ئەنجامیش تەنیا فریودانێکی کاتییە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن