هەڵبژاردن؛ ئایندەی سیاسی عێراق، پێگەی كورد
11/16/2025 3:23:00 PM
فارس نەورۆڵی
پرۆسەی دەنگدان تەواوبوو، هەتا ڕادەیەكی زۆرباش بە ئارامی تێپەڕی، ئەمەش ئاماژەیەكی باشە كە وشیاری خەڵك بەگشتی گەشەی كردووە، دەزانن چۆن دەنگ دەدەن لەسەر چی بنەمایەك دەنگدەدەن، باوەڕیشم وایە حزبەكان لە دۆخی بانگەشەدا نامێننەوە ئەگەر تووندییەكیش هەبووبێ، دەبێت بە دوێنێ، واتە بیریان لای سبەی دەبێ، نەك دوێنێ، ئەگەرسەیری میدیای حزبەكانیش بكەین هەموویان خۆیان بەبراوە دەزانن ( کل حزب بما لدیهم فرحون ) ئەمەش پێمان دەڵێ پرۆسەی دیموكراتی لە عێراق و هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی بۆ پێشەوە ناوە، ئەوەی گرنگە هەموو حزبەكانی كوردستان بزانن سیناریۆكان چین بۆ ئایندەی عێراق، دەبێ ئەوەش بزانین هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوتری عێراق، چونكە لەدوای شەڕی غەزە و ئیسرائیل و شەڕی ئیسرائیل و ئێران جوگرافیای سیاسی و حكومەتی ئایندەی عێراق جیاوازتر دەبێت، واتە عێراقی دوای ١١ی ١١ جیاوازتر دەبێت لەپێشتر، پێكهاتەی حكومەتی داهاتوو بە بەر یەككەوتن بێت، یان ڕێككەوتن لە نێوان پرۆژەی هێزە نێودەوڵەتییەكان و ئیقلیمییەكان دەبێت، ئایا لەم بەریەككەوتنە یان ڕێككەوتنەی نێوان ئەو هێزانە كورد شوێنی كوێ دەبێت؟
لەڕاستیدا ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەقڵی سیاسی حزبەكان و دوربینییان و تێگەشتن لەو سیناریۆیانەی دەخرێنەڕوو، هەست كردن بە بەرپرسیارییەتیان بەرامبەر بە بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ هەموو سیناریۆ و ئەگەرێك خۆیان ئامادە بكەن بە یەك گوتار، ئەمەش بەوە دەكرێت ئەو جیاوازی و كێشانەی نێوانیان هەر لە هەرێم بێت و نەیگوازنەوە بۆ بەغدا و بە بەرچاوڕوونییەوە بچنە بەغداد و نامەی سیاسی و ئابووری هاوبەشیان هەبێت، ئەمە دەبێتە كارتێكی بە هێز بۆ كورد گەمەی پێبكات و مەرجەكانی خۆی بسەپێنێ بۆئەوەی بتوانێ دەستور لەعێراقدا جێبەجێ بکرێت ، پێویستیشە لەوە تێبگەن ئێمە هیچ ڕێگایەکی دیکەمان نیە جگە لەیەک گوتاری هەرچەندە ئەو یەك گوتارییەی دۆزی کورد پێویستیە تی و دەبێت حیزبەکان لەسەری ڕێک بکەون خەیاڵە، بەڵام خەیاڵێكی خۆشە و دەکرێ مەحاڵ نەبێت، هەر چۆن بووە ئێمە وەك ئەركی خۆمان ئەوە دەخەینەڕوو كە ئەو جیاوازیانەی دوێنێ لە بەغداد هەمان بوو گورزی كەمەرشكێنی لە كورد وەشاند تا ئەو ئاستەی كاریگەریی نەرێنی لەسەر كورد لە كەركوك كرد كە بە پەرتەوازەی بچینە هەڵبژاردن، ئەمەشە بووە هۆی شكستی كورد. ئەگەر ئەم ئەقڵیەتە بەردەوام بێت دوورنیە لە ڕاپرسیشدا لەسەر شوناسی ئەو ناوچانە شكست نەهێنین، زەرەرمەندی یەكەم لەم دۆخەدا خەڵكی كوردستانە، بۆیە جیاوازی و دژیەكیەكانمان لەبەغدا ئەزموون كرد بەرهەمەكەشمان چنییەوە، کەواتە پێویستە ئەمجارە یەك گوتاری تاقی بكەینەوە، لەم نێوەندەدا پێویستمان بە گفتوگۆی ڕاشكاوانە هەیە بۆ ئەوەی لەسەر نامەیەك بگەینە ڕێككەوتن و هەموولا دەرفەتی یەكسانیان هەبێ لە نووسینەوەی ئەو گوتارەدا بۆ ئەوەی لە سیناریۆكانی ئایندەی پێكهێنانی حكومەتی عێراق بەشداربین لە نووسینەوە و داڕشتنیدا گەر وا نەكەین لە چوارساڵی ئایندەدا پاشەكشەیەكی گەورەی سیاسی و ئابووری و جوگرافی كۆمەڵایەتی دەكەین.