20وتار

سعودیە و یەمەن، کێشەیەکی کۆن و هاوکێشەیەکی نوێ

9/16/2026 1:55:00 PM
فارس نەورۆڵی

ئەگەرچی شەڕی یەمەن و سعودیە پێشینەی هەیە و ململانێیەکی کۆنی سەد ساڵەی هەیە، لەگەڵ سەرهەڵدانی حوسیەکان لە ساڵی ٢٠٠٤ وە جەنگەکە پێی نایە قۆناغێکی نۆێ ترەوە، لە دوای بەهاری عەرەبی و ساڵی ٢٠١٥وە ململانیەکان سعودیە زیاتر هاتە ناو حەنگی ناوخۆی یەمەنەوە، بەڵام ئێستا لەم هەلومەرجە نوێیەی جیهاندا ، لەو جەنگەی ناوچەکەی گرتۆتەو ە ، ئەمریکا و هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکان وەبەرهێنانی تێدا دەکەن بۆ کۆمەڵێک ئامانجی ئابوری، سیاسی و جیۆپۆلیتیکی. چونکە کێشەی یەمەن ئێستا تەنیا کێشەیەکی ناوخۆیی یان هەرێمایەتی نییە، بەڵکو ململانێیەکی جیۆپۆلیتیکیی قوڵترە، بۆیە بەردەوامیی شەڕ پێدەچێت ڕوداوی پێشبینی‌نەکراو لەگەڵ خۆیدا بهێنێت.

لەم شەڕەی حوسییەکان و سعودیەدا دو پرسیاری جەوهەری دێنە پێش:

 1. ئایا سعودیە ١٠٠ ساڵە باروت دەکڕێت، بۆچی ناتوانێت ڕێگە لەو هێرشانە بگرێت کە بە کۆمەڵێک چەکی کلاسیکی و لەلایەن چەکداری برسییەوە دەکرێنە سەری؟

2. ئایا ئەمریکا کە هاوپەیمانی ستراتیژیی سعودییەیە، بۆچی بێدەنگە؟

وەڵامی پرسیاری یەکەم: ئەوەیە کە هێزی باروت بەبێ ئامادەییی "هێزی بڕوا" مەڕج نییە بتوانێت جەنگ بباتەوە؛ واتە بڕوا و باروت لە جەنگدا تەواوکەری یەکترن.

وەڵامی پرسیاری دوەم دەبێت گوێبیستی ڕا و سەرنجی ناوەندەکانی توێژینەوەی سیاسی و ستراتیژی بین، چونکە وەڵامەکەی لای من نییە. بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دید و بۆچونی محەمەد حەسەنێن هەیکەل، بیرمەند و ڕۆژنامەنوسی میسری، دەکرێت .سەرەداوێک یان بەر چاو ڕونیەکمان دەستبکەوێت.
هەیکەل لە ساڵی ٢٠١٥ لە ڕێگەی چەندین میدیای جیاجیاوە ڕاو سەرنجی خۆی لەسەر شەڕی یەمەن و سعودیە خستەڕو، بەتایبەتی دەستوەردانی سعودیە لە ساڵی ٢٠١٥دا بەناوی (عاسفەی حەزم). هەیکەل لە شیکردنەوەکەیدا بەراوردی ئەم جەنگەی لەگەڵ دەستوەردانی میسر لە سەردەمی جەمال عەبدولناسردا کرد. بە بڕوای هەیکەل، یەمەن ناوچەیەکی شاخاوی، ئاڵۆز و قورسە، بۆیە هێزی دەرەکی بە دەستوەردانی سەربازی دەکەوێتە ناو زەلکاوەوە.

هەیکەل ئاماژەی بە سروشتی حوسییەکان کردوە و دەڵێت: ئەوان تەنیا گروپێکی چەکداری سادە نین، بەڵکو پێکهاتەیەکی جەماوەری و خێڵەکین کە ڕەگی قوڵیان لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئایینیی باکوری یەمەندا هەیە، هەروەها کێشەی مێژوییان لەگەڵ سەنعا و سعودیەدا هەیە. بۆیە هەر دەستوەردانێکی سەربازی و شەڕی بەردەوام، ڕێگە خۆش دەکات بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە کە بەناوی پشتیوانیی حوسییەکانەوە دەستوەردان بکەن.

بە ڕای هەیکەل، دەستوەردانی سەربازی ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات، تەنیا ڕێگەچارە دیالۆگ و گفتوگۆی یەمەنییەکانە بەبێ دەستوەردانی دەرەکی. بۆیە بەردەوامیی ئەم جەنگە دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیریی نیمچەدورگەی عەرەبی، بۆیە نەدەبو یەمەن ببێتە گۆڕەپانی شەڕی وەکالەت لەنێوان هێزە هەرێمییەکاندا، چونکە باجەکەی تەنیا خەڵکی یەمەن دەیدات.

 لێرەدا بە گەڕانەوە بۆ ڕا و سەرنجەکانی محەمەد حەسەن هەیکەل، ئەم شەڕەی ئێستا و پێشڕەویی حوسییەکان زنجیرەیەکە لە شەڕ و ململانێی ناوچەکە؛ یان هاوکێشەیەکی نوێی پێ دروست دەکەن، یانیش هاوکێشەیەکی لاسەنگ بەهۆیەوە هاوسەنگ دەکەنەوە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن