دیداری میری و میرەکان
10/15/2026 1:28:00 PM
فەرمان مەلا محەمەد
لە دامەزراندنی دامەزراوەی میری، تا چەند ساڵی رابردو و بۆ ئێستا ئەم دامەزراوەیە زۆر دیداری رێکخستوە، لەو دیدارانەدا دەرکەوتوە کە دیداری ئەمیر و میرەکانە و تێیدا رازونیازی خۆیان بۆیەک دی باسکردوە. بە میللەت پێکەنیون و میللەتیش بەوان. دوای دوا دیدار، جێی ئەوەیە بپرسین:
١- بە کردار تاچەند ئەم دیدارانە لیکنزیبونی کەس و حیزبە ناکۆکەکانی لێکەوتۆتەوە.
٢- تاچەند کاریگەری کردۆتە سەر ئەم حیزب و کەسایەتیانە بۆ بە هەند وەرگرتنی پرسی نیشتمان و نەتەوە.
٣- تا چەند کاریگەری ئەرینی لەسەر جومگەکانی ژیان کردوە، بە تایبەتی جومگەی زانست و پەروەردە.
٤- تا چەند پێشگیری لە دیاردەی دزی و گەندەڵی و بەهەدەردان کردوە.
٥- تا چەند پرسی کەرکوک و ناوچەکانی تری بەهەند وەرگرتوە و بە کردەوە کاریگەری هەبوە.
ئەوەی ئێستا دەبێندرێ و لە هەرێمەکەمان رودەدا، دەرخەری ئەوەن، ئەم دامەزراوەیە وەک زۆرینەی رێکخراوە بە ناو ناحکومیەکانی دی، جێ و پەنێڵی کۆکردنەوەی پیاوانی دەسەڵاتە، ئەمەش ئەو راستیە دەردەخات میریش جگە لەوەی جێی میرانە و بۆ خۆشەویستبونی ئەوان و سپیکردنەوەی رویانە، هاوشێوەی رێکخراوەکانی تر لە رەحمدانی دەسەڵاتەوە هاتوە و لە سایەی ئەواندا باڵای کردوە.
لە دوا دیداردا چەند دیمەنێکی بێزارکەر و گاڵتەجاری دەرکەوت:
یەکەم: پێکەنینی دروستکرا و بێزارکەر، میللەت تێگەیشت کە بە وان پێدەکەنن.
دووەم: بانگکردن بە راوێژکار، جگە لە بچوککردنەوە و بێڕێزی تەنها ئەو خوێندنەوەیەی بۆ دەکرێ کە ناحەزانی کورد بە گوێی پەنێڵدا خویندبیان. لە کاتی خۆی لە نامەیەکدا بۆ جەنەڕاڵم نوسی " گفتوگۆ و دانوستان کارێکی باشە، بەڵام بون بە راوێژکار بچوککردنەوەی خۆت و رۆژئاوایە"
سێیەم: چەکی برنەو ، جگە لەوەی بزوتنەوەی دەرەبەگی ١٩٦١- ١٩٦٣ و شەڕی براکوژی و ئاشبەتاڵ بیردێنێتەوە هیچ مانایەکی تر هەڵناگرێ.
چوارەم: رەخنەکانی بارەگای کاک مەسعود زیاتر لەوەوە سەرچاوەی گرتوە کەس و رێکخراوە نزیکەکان لە خۆیان بانگ نەکراون، نەک لە ناوەڕۆکە بێسودەکەی پەنێڵەکە.
سەرەتا لەم دامەزراوەیە و جەنابی دکتۆر وا چاوەڕواندەکرا، ببێت بە مینبەری میللەت و دەنگە ناڕازیەکان، جێگای ئۆپۆزسیۆنە مشەخۆر و شڕەخۆرەکان بگرێتەوە. چونکە دەسەڵات و دەسەڵاتداران بۆ شەوچەرە دیوەخانی تایبەتی خۆیان هەیە، میللەتە پێویستی بە مینبەرێکە دەردی خۆی لێ باسبکات.