وتارێک لە قەڵاچوالانەوە
6/21/2026 3:42:00 PM
فارس نەورۆڵی
ئێمە لە دۆخێکی
ناجێگیری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیداین کە کاریگەریی قووڵی کردووەتە سەر دەروونی
تاک بەتاکی خەڵک؛ بۆیە هەر قسەیەکی خێر بۆ کۆکردنەوەی ئەو ماڵە شێواوەی کورد، هیوایەک دروست دەکات، ئیتر لەلایەن هەر کەسێکەوە
بێت و لە هەر بۆنەیەکدا بێت.
ئەمڕۆ، ٢١ی ٦ی
٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرەڤان بارزانی بۆنەی دەرچوونی پۆلێک
گەنج لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچۆلان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا کۆی کێشە
و چارەسەرەکانی خستە ڕوو. ئەگەرچی مەراسیمەکە نمایشێکی سەربازی بوو، بەڵام لە هەمان
کاتدا دەرفەت و پانتاییەک بوو بۆ خستنە ڕووی کۆمەڵێک چەمکی بنەڕەتی کە کۆمەڵگەی ئێمە
گیرۆدەی دەستیانە و نەیتوانیوە لە ناوخۆیدا بیانکاتە کردار.
ئەوەی سەرنجی منی
ڕاکێشا و دەمەوێ قسەی لەسەر بکەم، کە پێداویستیی ئەم قۆناغەی هەرێمی کوردستان و ئایندەیەتی،
چوار چەمکی سەرەکی بوون:
.پێکەوەژیان
. لێبوردەیی
. یەکترقبووڵکردن
. پێشمەرگە نەبێتە بەشێک لە ململانێی سیاسی.
دەستنیشانکردنی
ئەم چوار چەمکە، ئاماژەکردنە بە کەلێنێکی مێژوویی و ستراتیژی کە ساڵانێکە فەزای سیاسیی
کوردی گیرۆدە کردووە. پرسیارە بنەڕەتییەکە لێرەدایە: ئێمە چی وەک خەڵک، حزب، حکومەت
و ئۆپۆزسیۆن—بۆ دەرەوەی ماڵی کورد، هەر سێ چەمکی (پێکەوەژیان، لێبوردەیی، یەکترقبووڵکردن)
وەک خۆی جێبەجێ دەکەین، بەڵام کاتێک دێینەوە سەر ناوماڵی خۆمان، عینادیی سیاسی پێگەی
بە هەر سێ چەمکەکە لێژ دەکات.
کورد بۆ بەکردارکردنی
ئەم چەمکانە لە ناوخۆی هەرێمدا، پێویستیی بە کلتووری «سازش» هەیە لە نێوان حزبەکاندا؛
سازشکردنێک کە وەک بەزینی یەکدی نەبینرێت، بەڵکو وەک ستراتیژێک بێت بۆ پاراستنی
هاوسەنگیی گشتی و کردنەوەی ڕێگا داخراوەکان.
وتارەکەی ئەمڕۆی
سەرۆکی هەرێم لە قەڵاچۆلان هەموو لایەکی
خستە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی بۆ دەربازبوون لەم دۆخە شێواو و چەقبەستووە،
هەم هۆکار و هەم چارەسەریشی خستە ڕوو. ئێستا ئەوەی خەڵک لە سەرۆکی هەرێمی چاوەڕوان
دەکات ئەوەیە: ئەم گوتارە پڕمانایەی ناو نمایشە
سەربازییەکەی قەڵا چوالان، لە کۆبوونەوە و گفتوگۆیەکی جیددیدا بکاتە مانۆڕێکی سیاسیی
کرداری، تا بتوانێت پارتی و یەکێتی لە خاڵێکی هاوبەشدا کۆبکاتەوە بۆ دەربازبوون لەم
قۆناغە هەستیارو چارەنوس سازە هەنگاوی پێویست هەڵگرن .