273وتار

دروستكردنی ئەنجومەنی سیاسی حیزبەكان هەزاران هەنگاو بۆ دواوە

11/27/2022 6:23:00 PM
چۆمان محەمەد

هەر حیزبێك باوەڕی بەخەباتی پەرلەمانی و مەدەنی و بەهێزكردنی دامەزراوەكانى هەرێم هەبێت، عەیبەیە لەگەڵ دروستكردنی ئەنجومەنی سیاسی ‎حیزبەكان بێت، گەر وایە با ئەم دەسەڵاتانەی هەرێم (پەرلەمان وحكومەت وسەرۆكایەتی هەرێم)هەڵبوەشێنینەوە.

ئێمە لە هەوڵ و دنیا بینی بەهێزكردنی دامەزراوەكاندا بوین و لەگەڵ ئەوەبوین كەسە دیارە یەكەمەكانی حیزبەكان بچنە ناوپەرلەمان و حكومەت و بەرپرسیاریەتی وەربگرن، ئەوەش بۆ بەهێزكردنی دامەزراوەكان، دیارە ئەم حیزبانەی ئێستای هەرێم باوەڕیان بەخودی رەوایەتی هەڵبژاردن و متمانەی خەڵك نەماوە بۆیە بیر لە بەدیل دەكەنەوە، لە جیاتى بەهێزکردنى پەرلەمان و دامەزاراوەکانى دەوڵەت، کۆبونەوە حیزبییەکانیان دەکەن بە سەنتەر، بەتایبەت بێ رۆڵکردنى پەرلەمان و دامەزراوەکان کە هیچ کات رەوانشاد نەوشیروان مستەفا لەگەڵ ئەو بۆچونە نەبووە، کاک نەوشیروان بڕواى بەوەبوو دەبێت حیزبەکان رۆڵ ببینن بۆ بەهێزکردنى پەرلەمان، واتا لەکاتى بونى کێشە و گرفت و ناکۆکییەک، کۆبونەوەى حیزبەکان بۆ ئەوەبێت لەمپەرەکانى بەردەم بڕیارى پەرلەمان لابدەن و پەرلەمان ئەو ئەرکە ببینێت، نەک حیزبەکان بەسەر پەرلەمان و دامەزراوەکانى دەوڵەتەوە بڕیار بدەن.

كاك نەوشیروان لە ساڵی 1992 بەتایبەت لە دوای راپەرینەوە دژی ئەم جۆرە بیرۆكانە بوە، دروستكردنی ئەنجومەنی سیاسی حیزبی قۆناغێكی پاشەكشێی راستەقینەیە، بەتایبەت بەشی زۆری ئەم حیزبانە  لەروی دەنگ و متمانەی خەڵكەوە تەنها وەك دوكانێكی سیاسی لێی دەڕوانرێت، ئەنجومەنی سیاسی دیسان دوبارەكردنەوەی سینارێوی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمە بە شێوەیەكی خراپتر، لەزەمەنێكدا قسە لەسەر ئەنجومەنی سیاسی حیزبەكان دەكرێت کە كۆی حیزبەكان بەبێ جیاكاری لەخەیاڵدان و بۆچونی خەڵكدا زۆر بیزراون.

 بزوتنەوەی گۆڕانیش نەك نابێت لەگەڵ بیرۆكەی لەم چەشنە بێت، بەپێچەوانەوە پێویستە زۆر دژیشی بێت، چونکە ئەمە بنەماو فكری كاك نەوشیروان و بزوتنەوەكە بوە، ئەم رایە نەك تەنها بۆ گۆران بۆ هەموو ئەو هێزانەی بانگەشەی دامەزراوەی بون و بەهێزبونی دەسەڵاتیان دەكرد نابێت بەشێكبن لەم گاڵتەجاریە، ئەگەر سەرۆک و بڕیار بەدەستانى حیزبەکان دەیانەوێت خۆیان بڕیار بدەن، با بۆ خولى داهاتوو خۆیان کاندید بکەن و بچن لەپەرلەمان گفتوگۆ بکەن و قسەى کۆتایى و بڕیارى کۆتاییان ببەن بۆ ئەو دامەزراوەیە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن