حكومەتی هەرێم لەنێوان لێبرینی خانەنشینی و مشورخواردنی موچەخۆراندا!!!
8/2/2025 1:34:00 PM
چۆمان محەمەد
حكومەتی هەرێم لەبری مشورخواردن بۆ پرسی پلەبەرزكردنەوەوپێزانین بۆ ئارامگرتنی دەساڵەی كولەمەرگی ژیانیان،هاتوە لەمانگی پێنجی ئەمساڵدا فەرمانی دەركردووە بە لێبڕینی خانەنشینی بەرێژەی لەسەدا (۳)ی موچەی بنەڕەتی لە فەرمانبەران وخانەنشینانی هەرێم بۆماوەی ۱٠ ساڵی رابردوو،دواتریش وەزارەتی دارایی گشتاندنی بۆ دەركردووە،ئەم بڕیارە زۆر قسە هەڵدەگرێت بەڵام دیارترینیان:
یەكەم/بڕیاریی دادگای فیدڕاڵی بۆ تطبیقكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق و بڕیاری حكومەتی هەرێمیش بۆ جێبەجێكردنی یاساكە بە هیچ شێوەیەك باسی(الاثر الرجعی)گەڕانەوە بۆ ڕابردوو ناكات، بۆیە هەموو بریارێكی دادگا لەرۆژی دەرچونیەوە شیاوی جێبەجێكردنە مەگەر بەئاشكرا باسی ڕابردوو بكات، بۆیە ئەم هەنگاوەی حكومەت كەموكوڕی یاسایی و ئیداریە، ناكرێت بەسەر رابردوودا جێبەجێبکرێت، هۆكاری نەچوونە ژێر باری تنفیذكردنی یاساكە حكومەتی هەرێم بووە نەك كەموكوڕی و هۆكاری فەرمانبەران..
دووم/لە نوسراوی حكومەتی هەرێمدا دیار نیە ئاخۆ ئەم بڕیارە لەسەر خواستی حكومەتی عێراق بووە یاخود نا؟ گەر حكومەتی عێراق داوایی لێكردبن،خەمێكی گەورەیەحكومەتی هەرێم نەتوانێ پارێزگاری لە مافی فەرمانبەران وخانەنشینان بكات،راستەوخۆ فەرمانی عێراق جێبەجێ دەكات بەلێبڕینی خانەنشینی،هەرچەندە تا ئیستاش سندوقی خانەنشینی لەهەرێم دروست نەكراوە..
سێیەم/بڕیاریی لێبرینی خانەشینی بەو رێژەیە بۆ ماوەی ۱٠ ساڵی رابردوو بەڕەهایی و بێ جیاوازی لەنێوات فەرمانبەران،نامۆیەوبنەمای یاسای نییە،چونکە لەماوەی ئەو دە ساڵەی دیاریكراوە بۆ لێبرین، فەرمانبەران و خانەنشیان چەندین مووچەیان پێ نەدراوەو پاشەکەوت كراوە یاخود بە لێبڕین دابەشكراوە ،ئاخر چۆن دەكرێت حكومەتی هەربێنە بێت لێبڕینی خانەنشینی لە موچەیەك ببڕیت هەر لەبنەماوە نەیدابێت ودابەشی نەكردبێت، ئەم قسەیە دیسان بۆ ئەو فەرمانبەرانە راستە كە مۆڵەتی بێ موچەیان كردووە، پاشان خەڵكانێكی یەكجار زۆر لە ۲٠۱٤ خانەنشین بوون، بێبەشكراون لەو مافانەی كە لەساڵانی رابردوو بە خانەنشینانی عێراق دراوە، بۆ دەبێت لەبارگرانی دارای خستنەسەریان بیانگرێتەوە، بەڵام بۆ شایستە دارایی ومافەكانیان شمولیان ناكات..
ڕێگە چارەی یاسایی!!
لێرەدا گەر ئەم لێبرینە بۆ سندوقەكەی عێراقە، زۆر نەنگیە وعەیبەیە بۆ حكومەتی هەرێم پێش هەموو فەرمانبەران شەڕی ئەم پرسە نەكات، پێویستە ڕێكاریی یاسایی بگیرێتەبەر، بەڵام گەر حكومەتی هەرێم ئامادە نەبێت، یاخود عێراق لە پرسەكەدا نەبێت، زۆر پێویستە زانیاریەكان وەربگیريت، ئەوكات ڕێگای (دادگایی كارگێری ودادگای بەرایی و دادگایی فیدڕاڵیش) لەبەردەم فەرمانبەران وخانەنشینانی هەرێمدایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی لێبرینی خانەنشینی، بەڵام زۆر گرنگە پەلە نەكرێت ودیراسەی وردی بكرێت وڕاوێژ بكرێت ئەو كات هەنگاوی یاسایی بنرێت، چونكە هەڵەكردن ودۆڕان لەم پرسانەدا یاخود بردنە جێیەکی هەڵە، شەرعیەت دانە بە پرسەكەو خەڵكیش بێ هیواتر دەبێت..