445وتار

بەچەند رێگایەک گرێبەستی نوێی كامێراكانی تیژڕەوییی هەڵدەوەشێتەوە

8/16/2022 4:31:00 PM
چۆمان محەمەد

وەزارەتی ناوخۆ بە رەزامەندی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، گرێبەستێكی ئەنجامداوە لەگەڵ كۆمپانیایەك بۆ دانانی (225) كامێرای دیاریكردنی تیژڕەوی ئۆتۆمبێل، لەسەر حسابی هاوڵاتیانی شاری سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین، گەرمیان، هەڵەبجە و شارەزوور تائیستا لە ھەولێر و دهۆك ئەنجام نەدراوە، هەرلەبنەماوە پرس و راوێژ بەپارێزگاری سلێمانی وهاتوچۆی سلێمانی ئەنجومەنی پارێزگا نەكراوە، مانای تێدانیە پرۆژەیەكی گەورەی لەم چەشنە حكومەتی خۆجێی سلێمانی ئاگادار نەبێت، ئێستاش25 ئەندامی ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لە یاداشتێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیان كردوە، داوایان كردووه‌ دانانی كامێرای چاودێری به‌ ته‌نیا له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی ره‌تبكرێته‌وه،‌ چونكه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كارێكی نایاساییه‌ له‌ هه‌مان كاتیشدا كارێكی نه‌گونجاوه‌ و به‌ قوربانیكردنی شاره‌كه‌یه‌، هەروەها داوایان كردووه‌ داوا له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ بكرێت گرێبه‌ستی كۆمپانیای جێبه‌جێكار هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، ئەم هەنگاوە سەرباری ئەوەی درەنگ وەختە بەڵام جێی دەستخۆشی و ستایشە.

 هاوار و تكاو داواكاریمانە لەفەرمانگەی داواكاری گشتی بێتە سەرخەت بۆ ئەم پرسە، چونکە یەكێك لەئەركە بنەڕەتیەكانی ئەوان پاراستنی ماڵ و داهاتی گشتییە، پرس لەمە پێویسترو گرنتر نیە كە دەستی بۆ ببرێت، یەكێتی و گۆرانیش گەر لەخەمی خەڵكی ئەم شارەدا بن ناكرێت ئاوا كەمتەرخەمم و بێ هەڵوێستبن، بەداخەوە  دڵمان ژان دەكات سلێمانی و خەڵكەكەی ئاوا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، هەگیزاوهەرگیز شایستە ئەم جۆرە سیاسەت و ئیدارەدان و حكومڕانیە نین، پاشان ناوەرۆكی گرێبەستەكە ئەوەندە نادادپەروەری و ستەم و نایاسایی و بەهەدەردانی تێدایە، هەر مرۆڤ و بەرپرسێك یەك زەڕە ویژدانی زیندوبێت رایدەچەڵەكێنێت، زۆر بەكورتیی چەند سەرنجێكی گشتی لەسەر گرێبەستەكە:

‎١- سەرلەبەریی گرێبەستەكە پێچەوانەی بنەما بنەرەتیەكانی یاساكارپێكراوەكانە، چونکە سەرپێچیی هاتوچۆ  تاوانە جۆری تاوانەكەش بریتیە لە پێبژاردن(غرامە)كەوەرگرتنی غرامات  بەپێی یاسا لای دادگایە یا ئەو دامەزراوە فەرمیانەی یاسا دیاری كردووە، لێرە چۆن دەكرێت پارەی داهاتی سەرپێچیی بۆ كەرتی تایبەت بێت، بۆیە داواكاری گشتی گەر لەم جۆرە كارە نایاسایی و بەهەدەردانانە نەیەتە خەت كە لە سودی گشتییە، دۆخەكە خراپتر دەبێت و بۆیان دەچێتە سەر، بەكەمتەرخەمم لەقەڵەم دەدرێن بۆ ئەم پرسە.

‎٢- ناوەرۆكی گرێبەستەكە لەڕووی ماوەی گرێبەست و شێوازی پشكی كۆمپانیای گرێبەست لەگەڵ كراو، بەئەندازەیەكە زۆر بەئاشكرا بەهەدەردانی پارەیە لەداهاتی گشتی، چونکە ئەم ئەركە نابێت رادەستی كەرتی تایبەت بكرێت پێویستە لای حكومەت بێت، سەرباری ئەوەش تێچوی كامێراكان و ئەو مصروفانەی كۆمپانیا دەیكات سەرجەمیان دەدرێتەوە لەداهاتی گشتی و زیاتر لەوەش دواتر بۆماوی 15 ساڵ بە رێژەی لەسەدا20 داهاتی پرۆژەكە دەدرێتە كۆمپانیاكە.

‎٣- بەپێیی ناوەرۆكی گرێبەستەكە وەزارەتی ناوخۆو هاتوچۆ خۆی هەڵدەستێت بە كۆكردنەوەی داهات و پێبژاردنەكە، بۆ دەكرێت لەبەرامبەر دانانی كامێراكان و دانانی چەند بەرنامەی نێتوۆرك و نۆژەنكردنەوەی كامێراكان، كۆمپانیایەك داغل بكرێت و ببێتە هاوپشكی حكومەت بەو بڕە پارە خەیاڵییە کە ئەركەكەی هەرگیز هاوتا نابێت بەو خزمەتەی پێشكەشی دەكات لەبەرامبەر قازانجی بەدەست هاتوو.

‎٤- سیستەمی پەیڕەوكراو لەم گرێبەستە بریتیەلە(سیستەمی پۆینت تو پۆینت)، واتا سنورێك دیاری دەكرێت دەبێت ڕێگاکە بە ماوەیەك ببڕێت، گەر كەمتر بێت ئەوا غرامە دەكرێت، كەئەم سیستەمە تەواو نادادوەریی تێدایە و دەروازەییەكە بۆ ئەوەی هیچ  خانەوادەیەك بێ بەش نەبێ لەم سزایە چونکە، سیستەمی دادپەروەر و پەیڕەوكراو بریتیە لە رێژەی خێرایی كە لێرەدا پەیڕەونەكراوە، ئەمەش بۆ زۆركردنی بڕی پارەو بارگرانی هاوڵاتیانە بە تەنها، بەتایبەت لەم دۆخە خراپەی ئابوری هاوڵاتیاندا، بێ ويژدانیەكی كەموێنەیە.

‎٥- دەپرسین حكومەتی هەرێم لەرابردوو كامێرای گەرۆك و جێگیری کڕیوە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی تیژڕەوەیی، گەر نیازیی ئەم گرێبەستانەتان هەبوو، بۆئەو ژمارە زۆرەی كامێرای چاودێریتان کڕی؟ بۆ ئەوەندە ئاسانە بەهەدەردان وخەرجكردنی داهاتی گشتیی؟ كەسەرجەم كامێرا كڕاوەكان سودیان نامێنێت، كەهەندێكیان تا ئێستا بەكارنەهاتون.

٦- خراپی رێگاوبانەكانمان وهاتوچۆیی ئۆتومبێل لەكوردستان ئەم جۆرە سیستەمی پۆینت وتو پۆینت، ناگونجێت بۆی.

٧- ئێمە نە دژی دانانی كامێراین، نە دژیی جڵەوكردنی تێژڕەوین، هەروەها دژیی كەرتی تایبەت نین، بەڵكو زۆر باش وبەسودن، بەڵام بە سیستەم و رەچاوكردنی دۆخی خەڵک و لۆژیك داهاتی گشتی، بەداخەوە نیەت و هەنگاوەكانی ئەم كابینەیەی حكومەت زۆرتر و زیاتر خاوەن مەیلە بەئاراستەیی رادەستكردنی كارو خزمەتگوزارییەكان بە كەرتی تایبەت و کۆمپانیاكان، بەڵام هەموو كۆمپانیایەك نا، زیاتر ئەو كۆمپانیایەی نزیکن یاخود كۆمپانیای حیزبین، بۆیە زۆربەی هەنگاوەكانیان لەسەر حسابی كاردۆزینەوە بۆ كۆمپانیاكان و دەوڵەمەندكردنیان لەسەر حساب و مایەپوچبونی خەزێنەی حكومەتە، كەبەداخەوە هاوڵاتی و خەڵک لەبەرامبەر ئەم جوڵانەی حكومەت ناڕەزایی و فشاری راستەقینە ناكات بۆیە چیان ویستوە بۆیان چۆتە سەر..
‎چۆن هەڵدەوەشێنرێتەوە؟؟
گرێبەستێكی رەسمی كراوە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆو كۆمپانیایەك، سێ ڕێگاهەیە بۆ هەڵوەشانەوەی دەخەینەڕو کە ئەمانەن:

یەكەم- فشار و پێداگریی ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگار و هاتوچۆیی سلێمانی، ستافی یەكێتی و گۆران لەحكومەتی هەرێم بۆ هەڵوەشانەوەی، كە بەدیدی من رێگایەكی ئەستەمە چونکە پێشتریش رەزامەنی ئەنجومەنی وەزایران وەرگیراوە بۆیی، بۆیە ئاسان نیە پاشگەزبونەوە، هەڵوەشانەوەی گرێبەستەكەش پابەندی دارایی  دەكەوێتە ئەستۆیی حكومەت، چونکە كۆمپانیاكە خەرجی هەبوە و پارەی زۆری خەرج کردووە، دەریشدەكەوێت ئیرادەیەكی باڵا هەبوە لە زۆنی سەوزەوە ئەم گرێبەستە ئەنجام بدرێت.

دووەم- رێگای دادگاو هەڵوەشانەوەی یاسایی گرێبەستەكە، ئەمەش هۆكارو رێوشوێنی خۆیی هەیە و ماوەیەكی دەوێت بۆئەم پرسە.

سێیەم_جوڵاندن و بەدواداچونی دامەزراوەی داواكاری گشتی بۆ ئەم كەیسە، لەباری بەهەدەردان وپاراستنی سامانی هاوڵاتیان وداهاتی گشتیدا، ئەمەش بەئامانجی فشاركردن بۆ هەڵوەشانەوەی گرێبەستەكە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن