326وتار

ئایندەی گۆران لەنێوان دروشم وكرداردا!

2/15/2023 7:01:00 AM
چۆمان محەمەد

نزیك دەبینەوە لە پێنج سەد رۆژ بە سەر شكستی بزوتنەوەی گۆران لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ۲٠۲۱، بەداخەوە چەقبەستوییی حیزبی و بێ جوڵەیی و بێ پلانی و بێ روئیای سیاسی و بێ هەڵوێستی یەخەی ئەم بزوتنەوەیەى گرتوە و لەزۆر لاوە دەردەدارین..

ئەوەی ئێستا هەیە سیاسەتی مانەوە و دەستگرتنە بەو داروپەردوەی كە لەنێو بزوتنەوەكەن بەبێ سەركیشی كردن و قوربانیدان و جوڵەی جیاوازو گۆرانکاری ڕیشەیى، بەبێ گێرانەوەی متمانەی خەڵكی و ئاشتەوای راستەقینە، كە ئەمەش خراپترین چارەنوس و داهاتوو بۆ گۆران دێنێت، چونکە بزوتنەوەى گۆران بزوتنەوەى كاریگەرو دروستکردنى روداو بووە لە رابردودا.
تێپەرينی ئەو ماوە زۆرە بەو بێخەمیە، وا دەردەكەوێت هیچ هەڵبژاردن لەهەرێم ئەنجام نادرێت، كە دڵنیاین درەنگ بێ یا زوو پێمان خۆشبیت یاخود نا، گەر بەم شێوەیە و بەم رۆحیەتە و بەم بێ جوڵەییە بەردەوامبین چارەنوسێكی خراپتر لە هەڵبژاردنی عێراق چاوەڕێمانە كە ئەمەش ئاکامی بێمنەتیە لە خەڵك و خەم نەخواردن بۆداهاتوو و رێزنەگرتنە لەو پڕۆژەیەى نیو ملیۆن دەنگدەرى لەخۆى کۆکردەوە.

راگەیاندنى دەستپێشخەرى ئاشتەوایى و چەند سەرنجێک...

 ڕێگەی راستەقینە بۆ ئاشتەوای لەگەڵ خەڵك و دەنگدەرو هەڵسوڕاوانی ناڕازیی تەنها و تەنها بریتیە لە پێداچونەوە بە وتارو هەڵوێستی سیاسی و دەستبەرداربون لەو هەڵانەی كە لەڕابردودا ئەنجام دراوە، لەگەڵ لابردنی هۆكارەكانی ناڕازیبونی دەنگدەر، گۆڕان لەبەر متمانەی خۆی و ئەصالەتی خۆیی و داهاتویی خۆی دەبێت ئاشتەوای بكات، سەنتەروكرۆكی ئاشتەوای خەلك و هەلسوراوی ناڕازییە،ئەمەش پێویستی بەزەمینە سازی و هەنگاوی كرداری هەیە نەك دروشمبازی و مانۆڕی میدیایى بەتەنها، ئەگەر ئاشتەوایى پڕۆژەیە دەبێت بەکردار بسەلمێنرێت و بخرێتەڕو، ئەگەریش دروشم و مانۆڕى میدیاییە، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئاشتەوایى نایەتەدى و درزەکە گەورەتر دەبێت و متمانەکە لارتر دەبێت.

ئەگەر دەمانەوێ ئاشتەوایى بکەین، دەبێت ئاشتەوایى پڕۆژەى سیاسى بێت، دەبێت هەنگاوى کردەى بنرێت و بخرێتە بەردەم ئەو کەس و هاوڕێیانەى لێمان زویرن، پێویستە قوربانى بۆ بدەین و سازش بۆ یەکترى بکەین، تەنانەت ئەگەر پێویست بێت دەربەردارى پۆست و بەرپرسیارێتیمان ببین كە بەڵنیایەوە وادەخوازێت..

ئەم نوسینە، بۆ خۆبەپاڵەوان کردن نیە،وەك چۆن بۆئەوەش نیە كێشەو گرفتی حزبی بلاوبكەینەوە، بەڵام پێویستە ئەمڕۆ قسە بکەین، چونکە رەنگە سبەینێ ئەو قسانە بە زیادەشەوە سودێکمان پێنەبەخشێ و کۆمەکمان نەکات، چونکە ئەم پرسە لە بابەتی ناوخۆیی دەرچوە خەمی مان و نەمانی بزوتنەوەی گۆران و زیندوو هێشتنەوەی بەرنامەی كاك نەوشیروانە، خەمی بچوكبونەوە و نەمانی كاریگەری حیزبیە وەك حیزبێكی دوكانی سیاسی، خەمی ئەوەیە گۆران ناكرێت ئیزافەو باشەی بۆ کۆمەڵگای خۆی نەبێت، بۆیە وەك ئەركێكی دینی و ئینسانى و سیاسیم، بۆ ناو و بەرنامەی كاك نەوشیروان. پێویستە رای خۆمان پیشان بدەین، لەپێش هەموانە ئەم 500 رۆژە بخەمەوە یادی خۆم و بزوتنەوەكە كە چەندە ئاسان راهاتین لەگەڵ ئەم شكستە كەمەر شكێنە و لەیادمان كرد وەك ئەوەی هیچ ڕوینەدابێت،بۆیە باشبونی داهاتوو ئایندەی گۆڕان كرداری ڕاستەقینەو ئازایانەوجیاوازوشۆك ئامێزی دەوێت،نەك بە قسەونەرمە جوڵەیی بێ ئەنجام...


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن