هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان لەنێوان موزایەدەو روانگەی یاسایی و سیاسیدا
5/1/2025 8:49:00 PM
چۆمان محەمەد
لەبەرواری ۳٠/٤/۲٠۲٥ نوسراوێك لەلایەن بەرێز محەمەد سلێمان لەلیستی نەوەی نوێ، ئاڕاستەی سەرۆكی هەرێم كراوە كەخۆی ناساندوە وەك (سەرۆكی كاتی پەرلەمان و سەرۆكی یەكەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان)، تیایدا ئاماژەی بەوەداوە خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بە هەڵوەشاوە حسابەو پێویستە فەرمانی هەڵوەشانەوی بۆ دەربكرێت، لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە، ئەم نوسراوە قسەی حسابی زۆر هەڵدەگرێت بەڵام بەسەرنجدان لە مادەو بڕگە یاساییەکان و تایبەتمەندی دامەزراوەكان هیچ بنەمایەكی نیە، جگە لە موزایەدەكردن، وە خۆدەربازكردنە لە بەرپرسیاریەتی سیاسی گوایە نەوەی نوێ خاوەنی زۆرترین كورسی پەرلەمانی ئۆپۆزیسیۆنە، چونكە بەرێز سەرۆكی بەتەمەنی پەرلەمان بۆ یەكەم دانیشتن، لەماوەكانی رابردوودا دەستی لەكاركیشایەوە، خێرە ئێستا ئەم ناونیشانە بێ پایە و پێگەی داوەتەوە بەخۆی بۆ داواكردنی هەڵوەشانەوەی پەرلەمان، لە هەموو ئەمانە گرنگتر بەڕێزانی نەوەی نوێی خۆیان بەشێك بوون لە دانیشتنی ۲/۱۲/۲٠۲٤ سوێندی یاساییان خواردوە، سەرۆكی كاتی خۆی كۆبونەوەی بەكراوەیی جێهێشتووە ئیستا دەڵێن كۆبونەوە نەكراوەوخولی شەشەم بەهەڵوەشاوە حسابە، سەرباریی ئەوەی بەپێی بڕگەی ٤ لەمادەی ۱٠ لەیاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێویستە لەماوەی ٤٥ رۆژەدوای رۆژی هەڵبژاردن هیچ كۆبونەوەیەك نەكرابێت پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام كۆبوونەوە كراوە لە ۲/۱۲/۲٠۲٤ ئەندامان سوێندی یاساییان خواردووە، تەنها هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان مابوو كە دەرگای خۆپالاوتنیان كردوە، بۆیە مادام برادەرانی نەوەی نوێی ئەم خولە پەرلەمانیان بەهەڵوەشاوە لا حسابە، باشترین كارێک بیكەن نەچنەوە ناو پەرلەمان، لەبەرامبەردا رێگە چارەی یاساییی بۆ كۆتایهینان بەم چەقبەستوییەی پەرلەمان لەپەنابردن بۆ دادگای فیدراڵی یاخود دادگاكانی هەرێم پێویستی بەوردبینی ودیراسە هەیە ،بۆیە پێویستە هێزەكانی دەرەوەی یەكیتی وپارتی بیر لەهەنگاویی سیاسیی بكەنەوە چیتر تەماشاچی دۆخەكە نەبن.