(ڕاگەیاندنی باری جەنگ لە نێوان واقیع و دەستوردا: کاریگەری لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان)
3/28/2026 1:09:00 PM
چۆمان محەمەد
پاش تێپەڕینی ٢٧ ڕۆژ بەسەر شەری ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، عێراق تا ئێستا وەک دامەزراوەی دەستوری و دەوڵەتی نەبووە بەشێک لە جەنگ، بەڵام لە ڕووداوەکاندا هێزە چەکدارە میلیشیاو فەصائلەکان مامەڵەیەکی جیاوازتر دەکەن،بەجۆرێك
میلیشیاکان هێرشی درۆنییان بەردەوامە بۆسەر هەرێمی کوردستان و زۆر شوێنەکی تر لە ناوخۆی عێراق کە بارەگای ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی تێدایە، و دەیانەوێت عێراق پەڵکێش بکەن. ئەم ڕەفتارانەی هێزە چەکدارەکان لێکەوتەی خراپی دەبێت و مەترسی سەپاندنی سزای نێودەوڵەتی هەیە.
ئەمەش بووە هۆی ئالۆزی و ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکان، کە بە ئاسانی کۆنترۆڵ ناکرێت. هەر بۆیە، بەرێز (فایەق زێدان)، سەرۆکی ئەنجومەنی بالای دادوەری عێراق، لە نوسێکی جیاواز و دەربرینێکی پڕپەیامی سیاسی دا دەڵێت:
(ڕەفتاری هەندێک لە گروپە چەکدارەکان و هەوڵدانی تاکلایەنانەیان بۆ بڕیاری جەنگ و ئاشتی لە عێراقدا، هەرەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەروەری دەوڵەت و سەقامگیری کۆمەڵگا، و دەبێتە هۆی پەشێوی ئەمنی و یاسایی. بۆیە ئەم هەنگاوە تاکلایەنانەی میلیشیاکان بۆ ئەوەی بە کرداری (عملی) باری جەنگ ڕابگەیەنن، لە ڕێگەی ئەنجامدانی هەندێک چالاکی سەربازی کە سروشتی راگەیاندنی جەنگی هەیە، پێشێلکردنی زەقی دەستورە).
لە ناوخۆی عێراق دا هەوڵێک هەیە بۆ راگەیاندنی باری جەنگ. ئەمەش یەکێکە لە مەترسیدارترین و هەستیارترین هەنگاوە سەروەرییەکان، کە تەنیا دەوڵەت بە گوێرەی دەستور و یاسا دەسەڵات و تایبەتمەندی هەیە، چونکە کاریگەرییە سیاسی، دارایی، کارگێری، ئەمنی، سەربازی و یاسایییەکانی یەکجار گەورە لەدوای خۆی دروست دەکات.
دەستوری عێراق چی دەڵێت؟
دەستوری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ ڕێکارێکی ڕوونی بۆ راگەیاندنی باری جەنگ دیاریکردووە، کە ناتوانرێت بە شێوەی تاکەکەسی یان هەڕەمەکی بڕیار لەسەر بدرێت، بەڵکو پێویستی بە کۆمەڵێک هەنگاوی وردی دەستووریی هەیە،کە هاوسەنگی لەنێوان پاراستنی دەوڵەت لە مەترسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، پاراستنی سیستەمی دیموکراسی و ڕێگرتن لە دیکتاتۆری دروست دەکات..
بەپێی ماددەی (61/ نۆیەم) لە دەستور، راگەیاندنی باری جەنگ یان بارودۆخی فریاکەوتن بە داواکارییەکی هاوبەش لەلایەن سەرۆکی کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەبێت، پاشان ئەم داواکارییە دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پەسەندکردن،هەروەها دەستور بەمەرجی داناوە کە پێویستە دوو سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران ڕازی بن بۆ راگەیاندنی باری جەنگ. ئەمەش نیشانەی گرنگی و مەترسیی ئەم بڕیارەیە و ئامانجی ئەوەیە کە پێش چوونە ناو باری جەنگ، زەمینەسازی و ڕێککەوتنێکی نیشتمانی فراوان هەبێت،كە بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ رادەگەیەنرێت، کە شیاوی تازەکردنەوەیە، بەڵام هەموو جارێک رەزامەندی پەرلەمان پێویستە.
هەرێمی کوردستان و راگەیاندنی باری جەنگ
لە گریمانەی هەنگاوی راگەیاندنی باری جەنگ لە عێراقدا، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە دەستکردنەوەی زیاتری بێ لێپرسینەوە تێدایە بۆ دەسەڵات، و بە شێوەیەک حوکمی عورفی پەیڕەو دەکرێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی مەترسی لە ڕووی ئاسایش، دارایی، موچە، بەرێوەبردنی سەربازی و دەستبردن بۆ ئەو شتانەی کە دەستور قەدەغەی کردوون.
بۆیە زۆر گرنگە کورد و هەرێمی کوردستان لە پەیامی پشت ئەم هەنگاوانە تێبگەن، چونکە بابەتەکە نابێت بەسەرپێی ڕووکەشی وەرگیرێت. دەبێت بزانرێت هەرێمی کوردستان لە کوێی ئەم باری جەنگەدایە و تا چەند پارێزراو دەبێت..