521وتار

دیوەشاراوەكانی پشت رازیبونی پارتی بە فرە بازنەیی!!

6/3/2022 10:08:00 PM
چۆمان محەمەد




لەسەروبەندنی گفتوگۆی لایەنە سیاسییەكاندا بۆ پرسی هەڵبژاردن و كۆمیسیۆن و یاسای هەڵبژاردن، بۆچون و دیدی جیاواز هەیە لە زۆر بواردا تایبەت بەم پرسە، لەئێستادا وا بڵاوكراوەتەوە کە پارتی رازى بووە بەوەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەی (فرەبازنە) بەڕێوەبچێت، واتە ھەرێمی کوردستان دابەشبکرێت بەسەر چوار بازنەی ھەڵبژاردندا، ھەر پارێزگایەک بازنەیەکی ھەڵبژاردن بێت، هەرچەندە ئەم بابەتە وادەبینرێت، نەمانی یەكێك لەخاڵی ناكوكی نێوان لایەنە سیاسییەكان بێت، بەڵام ئێمە وایدەبینین ئەو پێداگریەی پارتیش هەرلەسەرەتاوە تەنها كارتی فشار بوە بۆ بەدیهێنان و دەستكەوتنی دوو ئامانجی مەترسیدار كە بریتین لەوەی:

یەكەم:  پشتبەستن بەداتا و زانیارییەكانی هەرێم تایبەت بە ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكان بۆ دیاریكردنی ژمارەی كورسی بازنەكانی هەڵبژاردن مەرامێكی  مەترسیدار لەپشتی دەگوزەرێت، دیسانەوە یاریكردنە بە ژمارەی كورسی پەرلەمان و ناعەدالەتی جوگرافی و جیاوازی نێوان پارێزگاكان و مسۆگەركردنی كورسی پێشوەختە. چونکە هەربازنەیەك (پارێزگایەك) لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوانی كورسی بۆ دیاریدەكرێت، گەر بۆ ئەم بابەتە پشت بە داتاو ئاماری هەرێمی كوردستان ببەسترێت، جیاوازی گەورە و نازانستی و ناواقیعانەبونی هەیە بەراورد داتاو زانیارییەكانی حكومەتی عێراقی تایبەت بە ژمارەی دانیشتوان، جیاوازیەكەش بەئەندازەیەك گەورەو خەیاڵیە بەڕێژەی  700 هەزار کەس جیاوازی هەیە لەنێوان ئاماری هەرێم و وعێراق، بۆنمونە بەنزیكەی 677 هەزار بەر پارێزگای هەولێر و دهۆك دەكەوێت سلێمانی و هەڵەبجەش جیاوازیەكی زۆر كەم وسنوردارە، ئەم ژمارانە بەبێ مەبەست و بەسوتفە دیارینەكراون، هیچ هێزێكی سیاسی هەرگیز نابێ رێگە بدات، پاڵپشت بە داتاكانی هەرێم كورسی پەرلەمان بۆ بازنەكان دیاریبكرێت، بەتایبەت یەكێتی و گۆران وهێزە ئیسلامییەكان، چونکە گەر ئەم داتاو زانیارییانە جێگیر بێت كورسی پێشوەختە بۆ حیزبێك بە نادادپەروەری دەڕوات لەدەرەوەی ململانێ هەڵبژاردن.

دووەم: واپیشاندانی رازیبون بەفرەبازنەیی وەك خاڵێكی دانوستانە بۆ قسەنەكردن لەسەر كورسی پێكهاتەكان و رێكخستنی ئەم بابەتە، واتا کورسی کۆتاکان دابەش نەکرێت بەسەر بازنەکانی ھەڵبژاردنداو ھەر لە سنوری ناوچەیەكی دیاریكراو بێت و ژمارەی کورسییەکانیش کەم نەكرێتەوە و بەجۆرێك رێك نەخرێت كە دادپەروەری نوێنەرایەتی بەدیبهێنێت. ئەم بابەتەش دیسان رای راشكاوانە و پێداگری دەوێت كە ئێمە هەرگیز دژیی كەمكردنەوەی مافی پێكهاتەكان نین، بەڵام پێمان وایە دەبێت پێکهاتەکان خۆیان خاوەنى نوێنەرى راستەقینەى خۆیان بن و نوێنەرەکانیشیان گوزارشت بکەن لە مافى پێکهاتەکان نەک بۆ ململانێ و راستکردنەوەى باڵانسی سیاسى بەکاربهێنرێن. بۆ ئەمەش دەکرێت میکانیزمێک بدۆزرێتەوە کە رەنگە دروسترینیان بۆ ئەم قۆناغەى ئێستا ئەوە بێت پێکهاتەکان تۆمارێکى تایبەت بەخۆیان هەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن