40وتار

یاسای بەپارێزگابونی هەڵەبجە هێشتا نەگەشتۆتە کەناری ئارام

5/10/2025 2:21:00 PM
چۆمان محەمەد

مەترسیەكان لەدادگای فیدرالی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی یاساکە نەڕەویونەتەوە...
بەردەوامی ئاهەنگ و خۆشیەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کاری جدی و سیاسی و یاسایی و دبلۆماسی ماوە..
كیشەیەك لەسەر نیصابی كۆبونەوەی رۆژی دەنگدان لەپرۆژە یاساكە هەیەوبەڵگەی رەسمیش بلاوكراوەتەوە،كەبۆتە بنەما بۆ سكالای پەرلەمانتارە عەرەبەكان..
لەڕێی ئەم وتارەوە كۆیی بابەتەكە باسكراوە
بەپارێزگابونی هەڵەبجە لە سایەی چەكوشی دادگای فیدراڵیدا!!!

پاش ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای بەپارێزگابونی هەڵەبجەی دەرچواند بە ژمارە ۷ ساڵی ۲٠۲٥،قۆناغەكانی دەرچونی یاسای تێپەراند،لەرۆژی ٥/٥/۲٠۲٥ كەوتە بواری جێبەجێكردن،ئەم هەنگاوە لانی كەمی دڵدانەوەو بەگەورە لێروانینی ئەو تاوانە قێزەونەیە دەرهەق بەم شارە كراوە،هەرچەندە زۆر درەنگ وەخت بوە،پێویست بوو پرسی قەرەبوكردنەوەی كەسوكاری قوربانیانش لەگەڵ بەجینۆسایدناساندنی كاری بۆبكرێت،کە  نەكراوە،لەبەرامبەردا چەند پەرلەمانتارێكی عەرەب کە چاویان بە یاسای بەپارێزگابونی هەڵەبجەیە هەڵنایەت داوایەکیان لە دادگای فیدرالی بە ژمارە( ٦۸/اتحادیە/۲٠۲٥)،كەتێیدا داوای نادەستوری ئەو دانیشتنەی پەرلەمان دەكەن كە دەنگ دراوە بە پرۆژە یاساكە گوایە رێژەی یاسایی بونی نەبوە ئەمەش پێچەوانەی چەند مادەیەكی دەستورە...

هەرچەندە دادگای فیدرالی داواكاری فەرمان سالاری(الامر الولائی)ئەو پەرلەمانتارە عەرەبانەی رەتكردتەوە بۆ راگرتنی كاركردنی بە رێکارەكانی یاسای بەپارێزگابونی هەڵەبجە لەبەرواری (٦/٥/۲٠۲٥)،كەئەمە هەنگاوێكی باشە،بەڵام ئەمەكۆتایی پرسەكە نیە،چونکە مەترسیەك یاخود كەموكوریەك بەپێی بەڵگەنامەیەكی فەرمیی جێگیركراوەو بڵاو بۆتەوە لەلایەن بڕیاردەری پەرلەمان(غریب عەسكەر توركمانی)بەژمارە (۱٠۳۹ لە ۱٤/٤/۲٠۲٥) كە ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقی كردوە،ئاماژە بەوەدەدات لەبەرواری ئاماژەپێکراو كە رۆژی دەرچواندنی یاساکەیە نیصابی یاسایی كۆبونەوە نەماوە،ئەمەش بەڵگەیەكی فەرمیە دەبێت بەوردی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت،سەرباری ئەوەی بەپێی بریارەكانی رابردوی دادگای فیدرالیش بێت كەمتر خۆیداوە لە پرسی رێژەیی دەنگدان وپرسی نیصاب كۆبونەوەو دەنگدان كە چەندین بریاریش لەسەر ئەم پرسانە هەیە،بەڵام زۆر گرنگە ئەم داوایە ئیهمال نەكرێت نەوەک بریارێكی لەو چەشنە دەرچێت لەسەر نادروستی كۆبونەوەی ئەو رۆژە،لەوە گرنگتر لەرویی سیاسی و دیبلۆماسیش هەوڵ وفشار بكرێت ئەم پرسە بۆ كورد هێڵی سورە وهیچ پاساوێک نیە بۆئەو ئەندام پەرلەمانانە كار لەسەر ئەم هەڵوەشاندنەوەیە بكەن، چونکە ئەم یاسایە لانی كەمی مافە بۆ هەڵەبجەیەكان و كورد،ئەم نوسینەش پەیامێك یاخود ئاگاداركردنەوەیەكی یاسایی و سیاسی دلسۆزانەیە بۆ خەڵکی هەڵەبجە،بەهیوای ئەوەی داواكە رەتبكرێتەوە هەموومان  تاوەكو بتوانین بە ئاسودەیی  ئاهەنگی كۆتایی و بێ دودڵی بگێرین....

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن