وتار

‎دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم خۆتان خەمخۆربن!!

12/9/2021 8:40:00 PM 333 جار خوێندراوەتەوە
چۆمان محەمەد

 


‎لەمیانەی مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی تازەی ئەنجومەنی دادوەری لەبەردەم سەرۆكی هەرێمێ كوردستان، بەرێز (نێچیرڤان بارزانی) وتەیەكی پیشكەش كرد لەسەر دۆخی دادگا و دەسەڵاتی دادوەری، هەرچەندە نەیتوانی خۆی قوتاربکات لەودۆخە خراپەی بەسەر دادگا و سەروەری یاسا و دەسەڵاتی دادوەری هاتوە.

بەداخەوە واقیعی ئیستا لە  خەیاڵدانی خەڵكدا متمانەی دادگا و دەستوەردانەكان لە دۆخێكی خراپدایە، قسەكانی سەرۆكی هەرێم پیشاندانی رۆڵی دادوەر و دادگا و دەسەڵاتی دادوەری لە رێگری دەستوەردانەكان وخەمخۆری بۆ پیشەو دەسەڵاتەكەیان بەگرنگ و زەروری باسكرد، بەڵێ راستە تەحەدا و خەمخۆی دادوەر و دەسەڵاتی دادوەری بۆ خۆیان و پیشەكەیان هەنگاوی پێشمەرجەیە بۆ سەربەخۆی دادگاوسەروەری یاسا، بەڵام داخە گەورەكە لەوەدایە حیزبی دەسەڵاتدار لەهەردوو زۆن بە حزبەكەی سەرۆكی هەرێمیشەوە، دەسەڵاتی دادوەریان سیغناغ كردوە بە حیزبی كار گەشتۆتە ئەوەی دابەشبونی حیزبی دادگای پیداچونەوەشی گرتۆتەوە، بۆیە بەئاسانی ناتوانن بوەستن لە بەرامبەر ئەم دۆخە خراپەی بەسەردەسەڵاتی دادوەری هاتوە، لەباری وەستانەوەی دادوەر بۆ فشارو دەستوەردانەكان لەبری پشتگییری و هاوسۆزی لەلایەن دەسترۆشتوانی ئەم دەسەڵاتە دەگوازرێنەوە و فەرامۆش دەكرێن.

بۆیە چاندنی ئەم رۆحیەتە هەروا ئاسان نیە، بێمنەتی لە حیزب و خۆراگری وپشتگیری لەبەرامبەر فشارەكانی دەوێ، هەتا زیاتر لەوەش پشتگیری سەرۆكی هەرێمی دەوێ بەحوكمی پێگە یاسایی و حیزبیەكەی بۆ هاوكاری ودەعمی دەسەڵاتی دادوەرییەی هەرێم، لەئێستادا دەستوەردان بۆ كاری دادگا ودەسەڵاتی دادوەری نەك هەر حزب بگرە لەلایەن دەسەلاتی جێبەجێكردن و یاسادانانیش دەكرێت، هەتا حیزب وەك كۆی دامەرزاوەكانی تر وەك بارەگایەكی حزبی لەدادگا بڕوانێت وبەفلتەری خۆیدا بیانكاتەدادوەر و دەستبەرداری ئاراستەكردنی نەبێ، ئەستەمە باسی چاكسازی راستەقینە لەم دەسەڵاتەدا بكرێت، ئومیدەوارین سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری تازە رۆڵی هەبێ بۆ گێرانەوەی متمانەی هاوڵاتیان بەدادگا و دەسەلاتی دادوەری، پشتگیری  هەڵوێست و كاری ئەو دادوەرانە بێت كە دەوەستنەوە لەئاست دەستوەردانەكان.

تەمانە دەكەین سەردەمی ئەم دادوەرە بەرێزە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ دادوەری مەحكەم و دامەزراو و حساب بۆكراو بێت لەهەرێمدا، کۆمەلگای كوردیمان قۆناغی داڕوخاندایە، ئاسایشی کۆمەڵایەتی تاك وخێزان لە مەترسیدایە، تاكە شوێنێك دادپەروەری و سەروەری یاسا و یەكسانی و هاوسەنگی بۆ کۆمەلگا بەدی بهێنێت، دادگا و دەسەلاتی دادوەرییە، بۆیە پێویستە خودی ئەنجومەنی دادوەری خەمخۆری راستەقینەی دەسەڵات و پێگەو ناو ناوبانگ و گەورەی پەیامی دادپەروەری و یەكسانی وسەقامگیری بێت و هەرخۆیان بەرپەرچی ئەو هەوڵانە بدەنەوە كە پاشكۆیەتی ودەستوەردان وحساب بۆ نەكردن وبێ متمانەی لێدەكەوێتەوە، بەهیوای سەركەوتن بۆ سەرۆكی تازەی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان..

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن