557وتار

‎هاوڵاتی لەپای دلخۆشیان بە بڕیاری دادگای فیدراڵی ئایا خائن و خۆفرۆشن؟

2/16/2022 8:48:00 PM
چۆمان محەمەد

‎دوابەدوای ئەوەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق کە یاسای نەوت و گازی هەرێمی بە نادەستوریی لە قەڵەم دا، خۆشحاڵی و دڵخۆشی زۆرێك له‌ هاوڵاتیانی هەرێمی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەم دڵخۆشیەی شەقام بۆ پێگەی كورد و قەوارەی هەرێم و پێكهاتەی كورد بۆ داهاتوو مایەی خەم و مەترسییە، خەڵك بە كۆمەڵێك هۆكاری زۆر رەوا گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی نەوت بۆتە بەڵایەكی گەورە بۆ هاوڵاتیان، هەرگیزئەم سامانە بەنرخە نەبۆتە مایەی خزمەت و سودی گشتی و زۆرکردنی داهاتی ناوخۆو موچەو باشكردنی ژیانی خەڵك، ئیدارەدانی ئەم پرسە ناشەفاف و ناڕون، داهاتی نادیار، بەهەدەردانی سامان بەئاشكرا، داهاتەكەشی لەبەرژەوەندی حزب و خێزان و كۆمەلێك لە كەسی سنورداری لێکەوتۆتەوە، هەر بەم پارەی نەوتە كەوتونەتە وێزەی خەڵك و ململانێی حزبی پێدەكەن وئیرادەی خەڵكی پێدەكڕن، دۆخێك لە سیاسەتی هەڵەو گوێنەگرتن كەوتۆتەوە.

هاوڵاتی هەرێم بەداخەوە متمانەی بەم كاستە سیاسیە و حیزب و بەشداری سیاسی و ئاڵا و نیشتیمان نەماوە، ئیستاش لەبری ئەوەی بێن بەدوای لابردنی هۆكارەكانی بێ متمانەی خەڵك بگەرێن و هەوڵی لابردنی رێگریەكان و شەفافی نەوت بدەن، بەپێچەوانەوە لێرەو لەوێ بەرەیەک بەرژەوەندیخوازی حزبی، خەڵك تەخوین دەكەن، بە خۆفرۆش و خائین بە خاك و نیشتیمان و بێ ئەزمون و دەمڕوت.

لەراستیدا ئەوە ئێوەن خیانەتان لە میللەتی خۆتان كردوە، پاڵپشتی و پشتگیری خەڵك بۆ سەربەخۆیی بواری دارایی و بەهێزبون و مانەوەی ئەم هەرێمە، یەكجار گرنگە، دەبێت خەم و هەوڵی ئەم كاسته‌ لە پێناو گەرانەوەی متمانە، شەفافی پرسی نەوت  وخزمەتكردنی هاوڵاتیان بێت.

 وێنەیەك جێگیر كراوە لای هاوڵاتی هەر ئیدارە و حكومڕانییەك بێت باشترە لەم فۆرمەی هەرێمی كوردستان، ئەمە پێویستی بە راستكردنەوە هەیە، بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەستوریە یاخودنا، كاریگەریەكانی چۆنە و زیان و مەترسی و رێگریەكان و چۆنیەتی رێکەوتنی لە قۆناغیكی تر راڤەی دەكەین، بەڵام قەوارەی هەرێم و مافی كورد و پێگە ومانەوەی بە بەهێزی وەك پێكهاتە لای ئێمە پیرۆز وگرنگە لەهەر بارێكدا بێت شیاوی سازشكردن نیە.

 لەکۆتایدا بۆ بیرهێنانەوە سەرنجی خوێنەر رادەکێشم بۆ دیدگای واقعی شادڕەوان نەوشیروان مستەفا کە پێی وابوو نەوت و سامانە سروشتی و کانزاییەکان موڵکی خەڵکی کوردستانەو ناکرێت سازشی لێبکرێت لەژێر هیچ پاساوێکدا بۆ رکێفی ناوەند، بەڵام ئیدارەدانی ئەم مەلەفە بە دیدگاو نەفەسی حزبی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و حزبی و تاڵانکاری تێیدا هاوشێوەی وێنەی یەکەمە،نیشانەی فەشەلی راستەقینەیە لەسیاسەتی نەوت وحكومرانی..


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن