وتار

پڕۆژەى زۆرەملێى سەربازى لە هەرێم پیادە دەکرێت؟

11/9/2022 2:45:00 PM 314 جار خوێندراوەتەوە
چۆمان محەمەد

حکومەتی ناوەندى لە ساڵى 2021 پرۆژە یاسای زۆرەملێی سەربازی ئامادەكردوە بەناوی (خزمەتی ئاڵا)، ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كردوە بۆ دەرچواندنی و پەسەندكردنی،ئێستا لەپەرلەمانی عێراقە بڕیارەبخرێتە بەرنامەی كارەوە و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت.

 


ئەم پرۆژەیە پوختەكەی بریتیە لە پابەندكردنی هەموو هاوڵاتییەكی عێراقی لەنیوان تەمەنى ۱۸ سال بۆ ٤٥ ساڵ لەرەگەزی نێر، كەتیایدا هاوڵاتی عێراقی پابەند دەكرێت بە سەربازیكردن بۆ ماوەیەكی دیاریكراو كە بەپێی بونی بڕوانامەی كەسەكە ماوەی سەربازیكردنیان دەگۆڕێت  ١٨ مانگ بۆ بێ بڕوانامەكان و سەرەتاییەكان ،۱۲ مانگ بۆ بروانامەی ئامادەی و ۹ مانگ بۆ بەكالۆریۆس و ٦ مانگ بۆ ماجستەر تا بەپێی رێژە كەمدەكرێتەوە بۆ ۳ مانگ بۆ بروانامەی دكتۆرا، ئەم پرۆژەیە زۆر بڕگەو ماددەی تێدایە باسی ئەوكەسانە دەكات ئەم خزمەتە نایانگرێتەوە لەگەڵ دواخستنی خزمەت و بڕگەی سزاكان، كە لەئێستادا پێویست نین و زیادەیە قسەكردن لەسەری.



هەرێمی كوردستان و پرۆژەی زۆرەملێی سەربازى!!


حكومەتی عێراق زۆر جدییە و مەبەستیەتی وەك دەوڵەت و دەسەڵاتی حصری بەپێی مادەی 110 دەستوری عێراق هەنگاوی زۆرەملێی سەربازی پیادە بکات، ئەم پرسە تەنها بۆ ناوەراست و باشوری عێراق نیە بەپێچەوانەوە بۆ هەموو عێراقە بە هەرێمی كوردستانیشەوە، بۆیە ئەم پرسە لێکەوتەوكاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەرێم دەبێت، گرنگە حیزبەكان و دەسەڵاتەكانی هەرێم هەر لەئێستاوە رای خۆیان هەبێن سود و زیانی پرۆژەكە چیە؟ ئایا مەترسی نیە بۆ كورد وەك پێكهاتە؟ ئایا تاكی هەرێمی كوردستان وەك هاوڵاتی تاچەند پێویستی بەم پرۆژە یاسای زۆرەملێ دەبیت؟ كە ئێمە وایدەبین بیرۆكەی سەربازی زۆرەملێی یەكجار پێویست و گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان، ئامرازێكی كاریگەرە بۆ لاوازكردنی هەژمون و پێگەی حیزب لە نێو هێزە سەربازییەكان، هەروەها دەروازەیە بۆ رێكخستنی هێزی چەكداری و راهێنانیان بەشێوەی سەردەمیانە، سەرباری ئەوەی چەندە رێگایەكی كاریگەرە بۆ دوبارە بنیادنانەوەی تاكی بەرپرس وخەمخۆر وهەستكردن بەبەرپرسیارێتی و زیادكردنی ئینتیمای نیشتیمان و دامەزراوەكان، هەروەها جۆرێك لەدورخستنەوەی لاوان و گەنجانی هەرێم وعێراقە لە بێكاری و سەرقاڵی بەكاری خراپ و تێكدەرانی خێزان و كۆمەڵگە.

 



گەرپرۆژەكە وەك خۆی جێبەجێببێت و نەبێتە كارتی سیاسی و ململانێی حیزبی، رۆڵی گەورەی دەبێت لە گۆرینی تێروانین و بۆچون و شوناسی ئەرك ومهامی هیزی چەكدار، كەپێناسەی سادە بۆ ئێستا یان تەنها بریتیەلەوەی ئێمە خاوەنی هێزی نیشتیمانی و سەردەمیانە و مەدەنیانە نین.

 


نەوشیروان مستەفا وپرۆژەی زۆرەملێی سەربازی!!


پرۆژەی بەزۆر سەربازیكردن خەون و دنیابینی و باوەری راستەقینەی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا بوە كە پێی وابو سود وقازانجی گەورەی هەیە بۆ كۆمەڵگاو ڕێكخستنەوەی هێزەكان و چاكسازی راستەقینە لەوسێكتەرەدا، هەر لەسەر ئەو بنەمایە لەسەروبەندی دەستپێكی شەری داعشدا لەڕێی ژوری یاساییەوە پرۆژەكەی ئامادەكردوە رادەستی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێم وهیزە چەكدارەكان بەرێز (مەسعود بارزانی )كرد، بەڵام نەكاری پێكرا نە بەهەند وەرگیرا..

 



رێگری و زیانەكانی پرۆژەكە!!


هیچ پرۆژەیەك بێ كەموكوری وكەلێن نیە، بەتایبەت پرۆژە یاسایەكی گرنگی لەم چەشنە كە رەهەندی سەربازی و ئەمنی و ئیستخباراتی و دارایی و كۆمەڵایەتی هەیە، پرۆژە یاسای زۆرە ملێی سەربازی ئاسان جێبەجێ نابێت رێگری و لەمپەری دەبێت، حیزبەكانی عێراق و میلیشیاكانیان پیشبینی كراوە زیاتر ئەو خەڵكە بنێرنە دەورەكان لەسەرەتادا كە نزیكی خۆیانن و موچەییان بۆ دابین دەكەن وەك كاسبی دۆزینەوە، ئەم پرۆژەیە ئاسان جێبەجێ نابێت بودجەو پارەیەكی زۆری دەوێت، ئایا عێراق ئامادە دەبێت خەرجی و پارە بۆ ئەم بابەتە لە هەرێم خەرج بكات؟، دواتر ترسێك هەیە لەوەی دوای ئەم هێزەی راهێنان و شیاندنیان پێدەكرێت لەململانێ ناوخۆی هێزەكان بەكاربێت هەرچەندە ئاسان نیە رودانی ئەمەش، بەڵام ترسەو عێراق پێشبینی كراوە هەموی روداوێكی تیا روبدات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن