268وتار

هەڵبژاردن بە چ ئامارێکى دانیشتوان؟

1/29/2023 8:12:00 PM
چۆمان محەمەد

لەئێستادا پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندوە رەزامەندە بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن، بەوەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەی (فرەبازنە) بەڕێوەبچێت، واتە ھەرێمی کوردستان دابەشبکرێت بەسەر چوار بازنەی ھەڵبژاردندا، ھەر پارێزگایەک بازنەیەکی ھەڵبژاردن بێت، هەرچەندە ئەم بابەتە وادەبینرێت، نەمانی یەكێك لەخاڵی ناكوكی نێوان لایەنە سیاسییەكان بێت، بەڵام ئێمە وایدەبینین ئەو پێداگریەی پارتیش هەرلەسەرەتاوە تەنها كارتی فشار بووە بۆ بەدیهێنان و فشاری حیزبی و دوركەوتنەوە لە قسەكردن لەسەر بابەتی كۆتاكان، مەترسیەكی جدی یاخود بۆمبێكی گەورە لەبەردەم چواربازنەیدا هەیە، ئەویش ئایا ئەم بازنانە پشت بەكامە داتاوزانیاری دەبەستێت بۆ دیاریكردنی كورسی پارێزگاكان، ئایا ئاماری دانیشتوانی هەرێمێ كوردستانە یاخود بەغداد، چونکە جیاوازی یەكجار گەورە هەیە لەنێوانیاندا.

هەربازنەیەك (پارێزگایەك) لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوانی كورسی بۆ دیاریدەكرێت، گەر بۆ ئەم بابەتە پشت بە داتاو ئاماری هەرێمی كوردستان ببەسترێت، جیاوازی گەورە و نازانستی و ناواقیعانە بونی هەیە بەراورد بە داتاو زانیارییەكانی حكومەتی عێراقی تایبەت بە ژمارەی دانیشتوان، جیاوازیەكەش بەئەندازەیەك گەورەو خەیاڵیە بەڕێژەی  700 هەزار کەس جیاوازی هەیە لە نێوان ئاماری هەرێم وعێراق بۆ ژمارەی دانیشتوان.

ژمارەى دانیشتوانى هەرێم لە نێوان دوو داتادا

بەپێى داتاى حکومەتى عێراق ژمارەى دانیشتوانى هەرێم بەم شێوەیەیە:

 هەولێر: یەک ملیۆن و 903 هەزار و 609 کەس
سلێمانى: دو ملیۆن و 219 هەزار و 193 کەس
دهۆک: یەک ملیۆن و 326 هەزار و 558 کەس

بەپێى داتاى حکومەتى هەرێم ژمارەى دانیشتوانى هەرێم بەم شێوەیەیە:

هەولێر: دوو ملیۆن و 254 هەزار و 422 کەس
سلێمانى: دو ملیۆن و 268 هەزار و 050 کەس
دهۆک: یەک ملیۆن و 648 هەزار و 611 کەس

جیاوازى نێوان هەردوو داتاکە

هەولێر: 350 هەزار و 813 کەس+
سلێمانى: 48 هەزار و 857 کەس+
دهۆک: 322 هەزار و 053 کەس+

کۆى گشتى جیاوازییەکە : 721 هەزا و 723 کەسە

لێرەوە دەردەکەوێت، بەنزیكەی 677 هەزار دانیشتوانی زیادە بەر پارێزگای هەولێر و دهۆك دەكەوێت بەبەراورد بەوەی عێراق، سلێمانی و هەڵەبجەش جیاوازیەكی زۆر كەم وسنوردارە، بەواتایەكی رونتر بەپێی ئاماری هەرێم بێت هەولێرو دهۆك بەردەوام و بە رێژەی خەیاڵی لەدایكبون رویداوە و لەسلیمانی هەڵەبجە وەك ئەوەی كەس لەدایك نەبوبێت، ئەم ژمارانە بەبێ مەبەست و بەسوتفە دیارینەكراون، هیچ هێزێكی سیاسی خاوەن بنەماو پرەنسیپ هەرگیز نابێ رێگە بدات، پاڵپشت بە داتاكانی هەرێم كورسی پەرلەمان بۆ بازنەكان دیاریبكرێت، بەتایبەت یەكێتی و گۆران و هێزە ئیسلامییەكان پیویستە زۆر پێداگرو جدی بن بۆ ئەم بابەتە، چونکە گەر ئەم داتاو زانیارییانە جێگیر بێت وەك بنەمای دیاریكردنی كورسی بۆ بازنەكان، ئەوا كورسی پێشوەختە و زیادە بە نادادپەروەری لەسەر حسابی هەڵەبجەو سلێمانی دەڕوات بۆ دوو پارێزگاكەی  تر لەدەرەوەی ململانێ هەڵبژاردن، ئەمەش دیسانەوە بەشداری هەلبژاردن نەكراوە چەند كورسیەك مسۆگەر كراوە وەك 11 كورسی کۆتاكان، ئەم بۆچونەش بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری هەڵبژاردنە نەك دژایەتی پارێزگایەك، بۆ قوڵكردنەوەی دوو ئیدارەی نیە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن