لە میری كێ قوربانی بوو؟
10/14/2026 8:33:00 PM
ئەنوەر حسێن (بازگر)
* بەدوای قسەكانی نێچیرڤان بارزانی لە دیداری میری كە وتی؛ "دیموكرات
و كۆمەڵە، پژاك زۆر نامەسئولانە ڕەفتاریان كرد..."
* هەر دوای قسەكان، كوردانی ڕۆژهەڵات بۆ (48) كاتژمێر لە سوسیال میدیا،
كەوتنە هێرش بۆسەر پارتی، بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ و وتارەكانی شەهید د.قاسملوو و
هەڵدانەوەی مێژووی حەفتا و هەشتاكان، دروستكردنی بارگرژی.
* بەدوایدا، بارەگای بارزانی ڕاگەیاندنێكی توندی دا: كە (میری) هیچ
پەیوەندییەكی بە پارتی-ییەوە نییە، واتا هەموو وتارەكان و دیالۆگەكان قبوڵ ناكەین.
* بەدوای هێنانی سوپای پاسداران لەلایەن یەكێتی بۆسەر دیموكرات و ساڵانی
دواتر، كێرڤی پارتی لە ڕۆژهەڵات تا دەهات بەرز دەبوەوە، بەتایبەتی دوای ڕیفراندۆم
و تەنانەت دوو هێز لە ڕۆژهەڵات لەسەر نفوز ململانێیان بوو (پارتی و پ.ك.ك)بوون.
بەڵام دوو بابەت جێگەی نیگەرانی ڕۆژهەڵاتییەكان بوو لە پارتی:
یەكەم: (بارزانی و بزوتنەوەی
ڕزگاریخوازی كورد، بەرگی چوارەم) هێرش بۆسەر حدكا و قاسملوو و هێزەكانی ڕۆژهەڵات و
سەركردەكانیان.
دووەم: سەردانی نێچیرڤان
بارزانی بۆلای خامنەئیی، ڕابەری باڵای پێشووی كۆماری ئیسلامی ئێران.
* تازەگیش ئەم لێدوانانەی بارزانی بوو لە میری، كە نیگەرانییەكان ئاوا
سەرچاوەیان گرتوە؛
یەكەم: نیگەرانی و
ناڕەزایەتی كوردانی ڕۆژهەڵات و ئەگەری لێكەوتەی خراپ.
دووەم: وجودی بەردەوامی مەزڵوم
عەبدی بە ئۆتۆریتەوە و نیگەرانی توركیا و پەراوێزخستنی ئەنەكەسە.
سێیەم: وتارەكانی یەكێتی.
* دوای هەموو ئەم بابەتانە؛ حیزبی دیموكرات ڕاگەیاندنێكی بۆ تەشكیلاتی
خۆیان ناردوە كە قسەكانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ دیموكرات نییە..! (نا لەگەڵ
من-یەتی) پژاك و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و كۆمەڵەی زەحمەتكێشان و سازمانی خەبات و پاك،
فزەیان نەكرد، هیچ قسەیان نەكردوە.
* كە لە ڕاستیدا، دەبێ بە هاوڕێیانی (حدكا) بڵێن؛ بەڵێ، نێچیرڤان بارزانی
ڕێكاوڕێك و بەتایبەت لەگەڵ ئێوەی بوو، خۆ كە ناشتوانن وەڵام بدەنەوە، بێدەنگیتان باشتر
بوو وەكو كۆمەڵە و خەبات.
* خۆ گەر بە قەناعەتی خۆتان قسەكانی میری لەگەڵ ئێوەی نییە!؟، خۆ قسەكانی
بەشی پێنجەمی بەرگی چوارەمی (بارزانی و
بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد) ڕێك لەگەڵ ئێوە و سەركردەی شەهید د. عەبدولرەحمان
قاسملوو، سكرتێری حدكا-یە، دەفەرموو وەڵام بدەنەوە.
* با ئەوەش بڵێم؛ گەر هەر لایەك لە خەمی ئەوەدایە كە نوێنەری كوردی ئێرانی
لێ نەبوە، فەرموو لە جیاتی (میری)، (بان میری)یەك ساز بدەن و میوانداری ڕێبەرانی
ڕۆژهەڵات (عەبدوڵڵا حەسەن زادە، ئیبراهیم عەلیزادە، سیامەند موعینی، شێخ بابا شێخ
حوسێنی، ڕەزا كەعبی، عومەر ئێلخانیزادە) دەعوەت بكەن با قسەی خۆیان بكەن و منیش لە
خزمەتتاندام كۆڕەكەتان بۆ بەڕێوەبەرم.
* بارەگای بارزانی هەقی خۆیەتی سیاسەت بكات و دڵی كوردانی ڕۆژهەڵات و
ڕۆژئاوا نەڕەنجێنێت، بەڵام نێچیرڤان بارزانی-ش هەقی خۆیەتی ڕەچاوی دۆستایەتی و
دراوسێیەتی كۆماری ئیسلامی ئێران بكات، بەڵام ئەوەی لەو نێوەندەدا قوربانییە و
بێدەنگە، دیموكرات و كۆمەڵە و كوردانی ڕۆژهەڵاتن...