نەمانی متمانەو (داربڕین)ەکەی تورکیا!
10/14/2026 8:37:00 PM
د. محەمەد شوانی
ئەوەی لە
کەناڵەکانی راگەیاندن و پلانفۆرمەکانی سوشیال میدیاوە بلاو دەکرێنەوە لەسەر
کاروانی بارهەڵگرەکانی تورکیا کە پڕن لە دار ، ئەگەری هەیە بۆمبێکی چێنراوبن ، لەم
کات وساتە هەستیارەدا کە قەوارەی هەرێم و نیمچە سەربەخۆییەکەی باشوری پێدا
تێدپەڕێت ،کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هەوڵەکانی بەهێزکردنەوەی ناوەند و پیلانی
هەرێمی بۆ داڕشتنەوەی ناوچەکە و...هتد پێویستە لە رەهەندە نەرێنیەکانی ورژاندنی ئەم بابەتە تێبگەین ،هۆشیارانە مامەڵەی
لەگەڵ بکەین ،بە شێوەیەکی زانستی و یاسایی
هەوڵی چارەسەری بدەین کە گوزارشت لە ئاستێکی باڵای پێگەیشتنی نەتەوەیی کورد و
ئەقڵی مەدەنیانە و شارستانیانەی کورد بکات....
وروژاندنی ئەم بابەتە ناراستەوخۆ داواکاریە بۆ
گەرانەوەی سوپای عێراق و کۆنترۆڵکردنی سنورەکان و بچوککردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێم
کە نزیکەی سەدەیەکە کورد لە باشوری کوردستاندا خەباتی بۆ دەکات و قوربانی لە
پێناودا داوە، بە داخەوە لە ماوەی سی و پێنج ساڵی رابردوودا ، سەرەرای ئەو دەرفەتە
زێڕینە، بە هۆی پیشخستنی بەرژەوەندی کەسی و بنەماڵەیی و حیزبیەوە بەسەر بەرژەوەندی
نەتەوەیی و نیشتمانیدا ،فۆرمێکی دەسەڵاتی میرنشینی دروست بوو لە باشوری کوردستان
،بروای بە دامەزراوە و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و شەفافیەت و لێپرسینەوەو بەشداری
خەڵک نیە لە بەرێوەبردندا، رێگا نادات دامودەزگاکانی دەوڵەتداری دروست بن ، یاسا سەروەر بێ و دامەزراوەکان
جێگای متمانەی خەڵک بن تا لە کاتی گرفتێکی لەم جۆرەدا، هەر روونکردنەوەیەکیاندا
ئیتر شایانی قسەلەسەر کردن نەبێت و کۆمەڵانی خەڵک باوەڕی پێ بکەن ، خەڵک متمانەی بە حوکمڕانی هەبێت ..
نارۆشنی ئەم بابەتە و روون نەکردنەوەی هۆکارێکە
بۆ وروژاندن و بەردەوامی قسەلەسەرکردنی، وەکو ئاماژەم پێکرد ،ئەمەش بە زیانی پرسی
نەتەوەیی کوردە و هەرەشەیەکی کوشندەیە لەسەر ئایندەو چارەنوسی ئەم نیمچە ئازادیەی
بە خەبات و خوێن و قوربانیدان بە دەست هاتووە.
یەکێک لە
مەترسیە گەورەکانی نا رۆشنی هەر کێشەو
گرفت و پرسێک لە کۆمەڵگادا ،کوشتنی
متمانەیە بە دەسەڵات ،دروستکردنی خەرەند و کەلێنی گەورەیە لە نێوان خەڵک و حکومەت، بە تایبەتی لە پرسی بازرگانیدا ،وێنا
کردنی فەرمانڕەواییە بە دز و بە بەچەتە، ئەمە هۆکاری سەرەکی داروخانی دەسەڵاتەکانە
لە مێژوودا ،چونکە متمانە یەکێکە لە پایەو کۆڵەگە سەرەکیەکانی حوکمڕانی دروست (Good governance) ، متمانەش ئەو کاتە دروست
دەبێت هاوڵاتی هەست بکات حکومەت بە پێی یاسا و دەستور کار دەکات و رێز لە ماف و
ئازادیەکان دەگرێت ، پەرلەمانێکی بەهێز هەیە چاودێری دەکات و ئاگاداری مامەڵەو
پەیوەندی و گرێبەستی بازرگانی و داهات و خەرجیەکانیەتی ، لە کاتی پێویستدا
لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکات و ئەگەر (خوانەخواستە) گەندەڵیەک هەبێت ،بە پێی دەستورو
یاسا گەندەڵکار سزای خۆی وەردەگرێت ، کەس لە سەروی یاساوە بوونی نیە ..
بەڵام لە هەرێمی
کوردستان ، لە غیابی هەموو ئەوانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد،بە پێچەوانەوە کاتێک خەڵک دڵنیا بن بەرژەوەندی شەخسی دەخرێتە
پێش بەرژەوەندی حیزب و بەرژەوەندی حیزب دەخرێتە پیش بەرژەوەندی نەتەوە، و کەناڵە
شەخسیەکان ئامرازی سەرەکی هەواڵ و لێدوان و روونکردنەوەن نەک کەناڵی حکومەت و
بێلایەن ، متمانە چۆن دروست دەبێت! ئیتر لێکترازانی کۆمەڵگا لە جیاتی یەکگرتوویی و
بێهزی لە رووبەرووبوونەوەی قەیرانەکاندا دێتە ئاراوە ، ئەمە بۆ نەتەوەیەکی بێ
دەوڵەتی پارچە پارچەکراوی وەکو کورد مەترسی زۆر زیاترە لە هەر نەتەوەیەکی خاوەن
دەوڵەتی دیکە، چونکە لە کاتی نەمانی متمانەو رووخانی هەر حکومەتێکی خاوەن دەوڵەتدا
دەستاودەستکردنی دەسەڵات هەر لە نێوان خۆیاندا دەبێت بەڵام بۆ کورد هاتنەوەی
داگیرکەرە ، ئەگەری دووبارە بوونەوە یهەموو کارەسات و مەینەتیەکانە ، بۆیە دروستکردنی
متمانە سەرەتاو بەردی بناغەی دەوڵەتداریە بۆ کورد..
فرانسیس
فۆکۆیاما لە باسی سەرمایەی کۆمەڵایەتیدا ، پێیوایە متمانە بزوێنەری بنەڕەتی و
سەرەکی گەشەکردنی ئابووری و سیاسیە، کاتێک خەڵک متمانەی بە دەستپاکی و لێهاتوویی
دامودەزگاو دامەزراوەکانی حکومەتەکەی بێت ،یەکگرتووی کۆمەڵگا بەهێزتر دەبێت و
توانای بۆ رووبەرووبوونەوەی قەیرانەکان زیاتر دەبێت ..
بە لای
فەیلەسوفانی گرێبەستی کۆمەڵایەتیەوە (جۆن لۆک و رۆسۆ و هۆبز) متمانە بنچینەو
بناغەی شەرعیەتە، بۆیە دەتوانین بڵێین بە نەمانی متمانە لە دەستدانی شەرعیەتە ..
ئیبن خەلدون
(١٣٣٢-١٤٠٦) پێش شەش سەد و پەنجا ساڵ لەمەوبەر لە کتـێبەکەیدا (پێشەکی) دەڵێت (دەوڵەتان
نە تەنیا بە شمشێرو هێزی سەربازی دروست دەکرێن، و نە بە سەروەت و سامانی زۆر، بە
ڵکو بە یەکبوونی ئامانج وبە هەستکردنی کۆمەڵگا بە چارەنوسی هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەش دروست دەبێت ،کاتێک هەوڵەکان
یەکدەخرێن و بەرژەوەندی نیشتمان دەخرێتە پێش بەرژەوەندی تەسکی بنەمالەیی و
کەسیەوە، دەوڵەت بەهێز دەبێ و گەشە دەکات و پیش دەکەوێت)
بە پێچەوانەوە لە
هەرێمی کوردستان کار بۆ هەڵوەشاندنەوەو پێشخستنی بەرژەوەندی کەسی و هەستنەکردن بە
چارەنوسی هاوبەش دەکرێت، دابەشبوونی قوڵی چینایەتی دروستبووە، داهات و سەروەت و
سامان و موڵک و ماڵ و شوێنی ینشتەجێبون و کوالتی ژیان و شێوازی پەروەردەو قوتابحانەو
نەخۆشخانەو سەفەرو گەشتوگوزارو هەموو ئەوانەی دەسەڵاتدارن لە چینەکانی دیکە
جیاکراوەتەوە ، کاتێک کێشەیەک دروست دەبێت بە ئامرازی یاسایی و شێوازی مەدەنی و
شارستانی چارەسەر ناکرێت ، بۆ لێدان و ململانێی سیاسی و دژایەتی یەکتر بەکار دێت .
بۆ نمونە ، لەم
رۆژگارە هەستیارەدا ، بابەتی داربڕین و پرسی ژینگەی کوردستان و مامەڵە یبازرگانی
نێوان هەرێم و تورکیا چۆن وروژێنراوە؟!
دوو کەناڵی
فەرمی کە لە داهاتی گشتی بودجەیان بۆ تەرخان دەکرێ ، ئەرکیان گەیاندنی راستیەکان و روونکردنەوەی
رووداوەکان و دروستکردنی پردی متمانەیە لە نێوان خەڵک و دەسەڵات ، کەچی
یەکێکیان دەڵیت تورکیا ژینگەی باشوری کوردستان
وێران دەکات ! بە پێچەوانەوە ئەویتریان دەڵێت تورکیا بەشدارە لە ئاوەدانکردنەوەی
هەرێم ،سەرمایەگورزای لە باشور کرودوەو کۆمپانیای هەیە و لە ناوخۆی تورکیاوە
کەرەستەی خاو دێنێت !
ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین ، هەردوو کەناڵەکە
جەخت لەسەر چەند راستیەک دەکەنەوە، دەتوانین بە کورتی لێردا ئاماژەیان پێ بکەین :-
١-هەڵمەتێکی
داربڕین لە لایەن تورکیاوە هەیە.
٢-لەم دیو بێت
یان لەو دیو رێژەی سەوزی لە ژینگەی کوردستان کەم دەکرێتەوە.
٣-رێکەوتنێکی
بازرگانی لە نێوان هەرێم و تورکیا واژۆ کراوە .
٤- کۆمپانیایەک
بۆ دروستکردنی کاڵاو شمەک لە دار هەیە و پێویستی بە کەرەستەی خاوە .
٥-یان دارستان
فرۆشراوە بۆ دابینکردنی پێویستیەکانی کۆمپانیایەک لە دەرەوەی هەرێم یان مۆڵەت بە کۆمپانیایەکی تورکی دراوە لە هەرێمی کوردستان کار بکات .
٦-پروسەیەکی
چڕی دارگواستنەوە لە نیوان باشوور و
باکوور ئەنجام دەدرێت
٧- بارهەڵگرەکان
تورکین یان بۆ کۆمپانیایەکی تورکی کار دەکەن.
٨-.بارەهەڵگەرکان پڕن لە دار، لە باکورەوە بۆ باشوور یان پیچەوانە لە باشورەوە بۆ باکور
بڕۆن ،دەبێ بازگەی سنوری نێوان هەرێم و تورکیا ببڕن، (خۆ بە قاچاغ تێناپەڕن).
٩-ئەگەر لە
باکورەوە بۆ باشور بێن ، هاوردە کردەنە و بە پێچەوانە ئەگەر لە باشورەوە بۆ باکور
برۆن ناردنە دەرەوەیە، لە هەردوو بارەکەدا داهاتی نەتەوەیی و نیشتمانی تایبەت بە
خۆی هەیە .
١٠-ناردنە
دەرەوە یان هاوردە کردن دەبێتە مایەی جوڵەی بازرگانی و گەشەکردنی ژێرخانی ئابوری
هەرێمی کوردستان
بەڵام بە داخەوە
،بە هۆی ئەوەی ئەم پرۆسەیە هەر لە
بنەڕەتدا شەفاف و روون بە رێوە ناچێت ، هیچ پسوڵەیەکی پارەوەرگرتن نە لە ناردنە
دەرەوە نە لە هاوردەکردن لە پەرلەمان تاوتوێ ناکرێت ، بۆیە لە ماوەیەکی کورتدا
یەکلایی ناکرێتەوە و دووبارە و چەند بارە دەکرێتەوەو زیاتر متمانە بە دەسەڵات
دەکوژێت ، ئەگەر لە هەر کۆمەڵگایەکی دامەزراوەیی و مەدەنی و دەستوری بێت نە مایەی
نیگەرانی و دووبارەکردنەوەو وروژاندنە و نەمایەی دووبەرەکی و کوشتنی متمانەیە ،
چونکە بە راپۆرتێکی لیژنەی پەرلەمانی
تایبەت بە ئابوری بازرگانی کۆتایی دێت و
خەڵک باوەڕی پێ دەکات .