11وتار

دەنگی واقیع بینی لە دیداری میریدا

10/14/2026 8:36:00 PM
هیوا ئەحمەد

‎تا ئاستێك دیدارە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت دیداری میری، لە ساڵانی ڕابردوودا بوونەتە مێزێكی باش بۆ گۆڕینەوەی دیدو  تاوتوێكردنی ژمارەیەك لە ئاڵۆزترین دۆسیە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە.

‎لە وێنە گشتییەكەدا، وتار و لێدوانەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەمیشە وەك نەخشەڕێگایەكی ستراتیژی و میانڕەوانە سەیر كراون. دیدی سەرۆكی هەرێم، لە قووڵایی قەیرانە یەك لە دوای یەكەكانەوە سەرچاوە گرتووە و دەیەوێت پەیامێكی هۆشیارانە ئاڕاستەی ناوچەكە و جیهان بكات، بە جۆرێك كە هاوسەنگییەكی ورد لە نێوان واقیع‌بینیی سیاسی و بەرپرسیارێتیی نیشتمانیدا بپارێزێت.
‎دیارترین خەسڵەتی ئەم دیدە، واقیع‌بینیی سیاسییە. سەرۆكی هەرێم لە لێدوانەكانیدا دوور بوو لە دروشمی ئفتیزازی و سۆزداری، بەڵكو لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی قووڵ لە هاوكێشە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان قسەی كرد. لەم ڕوانگەیەوە واقیع‌بینی واتە داننان بە قەبارەی تەحەددییەكان بەبێ بچووككردنەوە یان گەورەكردنیان، هەر ئەم فەهمەش بووە بنەمای متمانەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا كە هەرێمی كوردستان فاكتەری سەقامگیریی ناوچەكەیە نەك پشێوی.
‎فاكتەرێكی تری واقیعی بوون لەم وتارەدا، دەربڕینی نیازی ڕوون و پۆزەتیڤە بۆ خاوكردنەوەی گرژییەكان. لە كاتێكدا ناوچەكە بەدەست جەنگ و ئاڵۆزییەوە دەناڵێنێت، وتاری سەرۆكی هەرێم بناغەی بانگەوازە بۆ دیالۆگ، لێكتێگەیشتن و دووركەوتنەوە لە زمانی هەڕەشە. ئەمە نیشانەی كامڵیەتی ئەو ئەنجامگیرییە كە دەزانێت توندوتیژی تەنها قەیرانەكان قوڵتر دەكاتەوە، و تەنها لە ڕێگەی زمانی ئاشتی و نەرمی دیپلۆماسییەوە دەتوانرێت كێشە ئاڵۆزەكان خاوبكرێنەوە و دواتر چارەسەر بكرێن.
‎پەیامی پشت وتارەكە دەلالەتێكی قوڵی هەیە لەم دۆخە هەستیارەدا، ئەویش ویستی بەرپرسیارانەیە بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان ، لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان بەهۆی پێگە جوگرافی و سیاسییەكەیەوە، هەمیشە لە بەردەم مەترسیی ئەم ململانێ و جەنگەدا بووە. كاتێك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ڕوونی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە هەرێمی كوردستان و نەبێتە گۆڕەپانی یەكلایكردنەوەی تەسویەحسابی نێودەوڵەتی، و دەبێت وەك كیانێكی ئیستقرار و دوور لە جەنگ بمێنێتەوە، ئەمە ئەو هەڵوێستە نشتمانیەیە كە پێویستی بە هاوسەنگییەكی وردی دیپلۆماسی هەیە لە نێوان بەرژەوەندییە هاوبەشەكان و پاراستنی سەروەری و سەلامەتی خاكی هەرێمدا.
لە دیداری میرییدا دیدی سەرۆكی هەرێم تەنها قسە نەبوو بۆ میدیاو جەماوەر، بەڵكو ڕەهەندەكانی لەبەرچاو گرتبوو  ئەو بۆچوونی سیاسیانەی پێشكەش كرد كە لەگەڵ تەحەدییەكانی ئەمڕۆدا دەگونجێت. جەوهەری لێدوانەكانی نموونەی دنیابینی كارەكتەرێكی بەرپرسیارە كە لە كاتە قورسەكاندا لە بیری پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستاندایە.
لە تەنیشت ئەم فاكتەرە سیاسییانە، خەسڵەتی ئەكادیمی و قیادییەكان، ڕۆژەڤی ئەم گوتارە دەوڵەمەندتر و عەقڵانی‌تر كرد. لە ڕووی ئەكادیمییەوە، قسەكردن بە زمانی زانست و لێكۆڵینەوەی ستراتیژی لە دیدارەكاندا، هەروەها گۆڕینی داتاكانی قەیران بۆ پەیامێكی هۆشیارانە.

‎لە کۆتاییدا، وتار و لێدوانەکانی سەرۆکی هەرێم لەم دیدارەدا تەنها زنجیرەیەک وتەی كاتی و عەفەوی نەبوون، بەڵکو فەلسەفەیەکی فکریی قوڵن بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان. ئەم گوتارە سەلماندی کە دەکرێت لە ناوەڕاستی ئاگری ململانێکاندا، دەنگی عەقڵ بە میانڕەوی و واقیع‌بینی بمێنێتەوە و سەرچاوەی هیوایەكی ڕاستەقینە بێت بۆ داهاتوویەكی ئارامتر.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن