57 عیراق

هێرشی پۆلیسی تورکیا بۆ سەر تەلەڤیزیۆنی ڕەخنەگر لە ئەردۆغان؛ پەخشی ڕاستەوخۆی وەستێنرا

08:56 - 14/10/2026

زه‌مه‌ن - هه‌واڵ

پۆلیسی تورکیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئەستەنبوڵ هەڵیکوتایە سەر بینای کەناڵی هاڵک تیڤی کە میدیاییەکی ڕەخنەگرە لە حکومەتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان. پۆلیس پەخشی ڕاستەوخۆی میدیاکەی ڕاگرت و هاوکاتیش سەرپەرشتیارێکی بۆ بەڕێوەبردنی کەناڵەکە دیاریکرد.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، ئەفسەرانی پۆلیس چوونەتە ناو بینای تەلەفزیۆنی هاڵک و ڕێگرییان لە چوونە ژوورەوەی کارمەندان کردووە بۆ شوێنی کارەکانیان. هەروەها پەخشی ڕاستەوخۆی کەناڵەکە لە نزیکەی کاتژمێر 6:30 بەیانی بە کاتی تورکیا پچڕا.

داواکاری گشتی ئیستەنبوڵ ڕایگەیاندووە ئۆپەراسیۆنەکە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی بەرتیل وەرگرتن و ساختەکاری و سپیکردنەوەی پارە ئەنجامدراوە.

بەپێی ئاماری دەسەڵاتدارانی دادوەری، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 17 کەس دەرچووە و لانیکەم 11 کەسیش دەستگیرکراون.

کەناڵی هەڵک تیڤی یەکێکە لەو کەناڵە ناسراوانەی ڕەخنە لە حکومەتی ئەردۆغان دەگرێت و بە شێوەیەکی بەرفراوان هەڵوێستی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان بەتایبەت پارتی گەلی کۆماری دەگرێتەوە.

پێشتریش تەلەفزیۆنی هاڵک ڕووبەڕووی سنووردارکردن بووەتەوە. لە ساڵی 2025دا دوو ڕۆژنامەنوسی ئەو کەناڵە دەستگیرکران. هەروەها دەزگای چاودێری میدیای تورکیا، غەرامەی سەپاند بەسەر چەند کەناڵێکدا بەهۆی ڕووماڵکردنی ناڕەزایەتییەکانی دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ و یەکێک لە ڕکابەرە سیاسییە سەرەکییەکانی ئەردۆغان.

حکومەتی تورکیا دەڵێت ئەو ڕێوشوێنانە جێبەجێکردنی یاسایە و بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییەکان دەکەن، بەڵام پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن و ڕێکخراوەکانی ئازادیی میدیا وەک بەشێک لە پرۆسەی سنووردارکردنی میدیای سەربەخۆ و ڕەخنەگر ناوی دەبەن.

تورکیا لە ڕیزبەندی ئازادی ڕۆژنامەوانی رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور لە ساڵی 2025دا لە کۆی 180 وڵات پلەی 159ی بەدەستهێنا.

ڕیزبەندی 159ـی تورکیا لە کۆی 180 وڵات لە پێوەرەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەری جیهانی لە ساڵی 2025 لەلایەن پەیامنێرانی بێ سنوورەوە بەو مانایەیە کە تورکیا ڕووبەڕووی سنووردارکردنی جددی دەبێتەوە بۆ ئازادی میدیا و کاری ڕۆژنامەنووسان.

ئەم ڕیزبەندییە تورکیا لە خوارەوەی لیستی جیهانی دادەنێت و لەلایەن ڕێکخراوەکەوە بە "زۆر خراپ" پۆلێن دەکرێت.

سانسۆر، فشاری سیاسی لەسەر میدیای سەربەخۆ، دەستبەسەرکردن و دادگاییکردنی ڕۆژنامەنووسان و سنووردارکردنی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ڕەخنەگرانە لەو هۆکارانەن کە بەشداربوون لەم هەڵسەنگاندنەدا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن