10وتار

پەیڤێکی کورت دەرھەق بە کاکە نەوە

5/17/2026 1:23:00 PM
سەعید كاكەیی

ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا ئەمین یەکێك بوو لە دیارترین و گرنگترین سەرکردە سیاسییەکانی کورد، کە لە ٢٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٤ لە سلێمانی لە دایک بوو و لە ١٩ی ئایاری ٢٠١٧ کۆچی دوایی کرد. ئەو زاتە نەمرە لە بنەماڵەیەکی ناسراو و ڕۆشنبیر هاتبووە دونیاوە، و لە ھەڕەتی گەنجێتییەوە شێوازی بیرکردنەوەی سیاسیی ئەوی تایبەتمەند کرد بە خوێندنەوەی وردی دۆخی کورد و ناوچەکە.

کاکە نەوە ڕابەرێکی ڕاستەقینە و ڕەوانبین و قسەزان و شارەزا بوو. لە کارە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانیدا هەمیشە لەگەڵ بیرۆکەی چاکسازی و گۆڕانخوازیدا بوو. ئەو باوەڕی بەوە هەبوو کە گۆڕینی ڕاستەقینە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا پێویستی بە دامەزراندنی ڕێکخستنێکی نوێی بازنەیی ھەیە تیایدا پرۆسەی بڕیار لە خوارەوە بۆ سەرەوە گڵۆڵە بکات لە ڕێگای پەیڕەوکردنی بناغەکانی شەفافیەت و بەرپرسیارێتی لەلایەك، و پێشخستنی بەشداریی جەماوەریانەی خەڵك لەلاکەی ترەوە.

بە دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی ٢٠٠٩دا، پێگەی سیاسی و جەماوەری نەوشیروان مستەفا گەیشتە پلەیەکی زۆر بەرز و بزوتنەوەی گۆڕان  بوو بە یەکێک لە گرنگترین هێزە سیاسییە نوێیەکانی هەرێمی کوردستان. لە ڕێگەی ئەم بزوتنەوەیەوە، کاکە نەوە کەلتور و نەریتی نوێی پرسیارکردن و چاکسازی و ڕەخنەی سیاسی لە ناو گفتوگۆ گشتییەکاندا بڵاوکردەوە و زۆر کەس لە کەللەڕەق و هاوپیشە سیاسییەکانی خۆی وەك کەسێکی جیاواز و ریفۆرمخوازێکی مەترسیدار سەیر و ھەڵسوکەوتیان لەگەلدا دەکرد.

پێش دامەزراندنی گۆڕان، ئەو لە ژیان و کارە سیاسییەکانیدا زۆر جار بە بابەتی حکمرانی ڕەشید و سەروەری یاسا و ڕێکخستنی دەوڵەت دوور لە دەستێوەردانی حزبی کاریگەری خۆی خستە سەر بیر و ھزری تاکەکانی کۆمەڵگای کوردەواری. ھەروەھا، بۆ چارەسەری کێشە ناوخۆییەکان قسەی لۆجیکیانەی ورد و ڕوونی هەبووە و زۆربەیانی بە نووسین بڵاویکردونەتەوە. جگە لە کار و بەرھەمە سیاسیەکانی، ئەو بە توێژەر و نووسەرێکی دیاری بابه‌تەکانی مێژوویی، ئەدەب و  کۆمەڵناسیش ناسراوە، بەوەش قەبارەی بیرکردنەوەی خۆی زۆر بەرفراوانتر کردبوویەوە.

بۆ زۆر کەس، نەوشیروان مستەفا نەك تەنها سیاسەتوانێك بوو، بەڵکو نمونەیەكی باڵا و بێھاوتا بوو بۆ ئەوەی سیاسەتوانە کوردەکان بتوانن لە ڕێگەی بیر و ھزر و گفتوگۆ و دانوستاندن، و ڕێکخستنەوەی کاروباری سیاسی کاریگەری بنەڕەتی دروست بکات.  
لە کۆتاییدا، ھەرچەندە کۆچی دوایی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا بۆ زۆرێك لە نەیار و ناحەزەکانی وەك کۆتایی سەردەمێکی گرنگ لە مێژووی سیاسەتی کوردی هەژمار دەکرێت، بەڵام بۆ تێکڕای ھاوڕێ دڵسۆزەکانی، و ھاوبیر و هاودەنگ و پشتیوانە ڕاستەقینەکانی، ئەوا نەك تەنھا ڕێبەرێکی نەمرە و ڕوحە بەرزەفڕەکەی لە ئاسمانی کوردستاندا وزەبەخشێکی پرشنگدارە، بەڵکو دوور لە گەڕەلاوژێی ھەلپەرست، پۆستپەرست و پۆپۆلیستەکان، مەشخەڵی گڕداری بیروباوەڕی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوەیان بەرز ڕاگرتووە بۆ بەگەڕخستنەوە و سەرخستنی بزوتنەوەی گۆڕان کە دوا پڕۆژەی شۆڕشی زانستیانەی سیاسی ئەو ڕێبەرە ھەمیشە زیندووەیە.

درود بۆ گیانی پاکی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا و نەفرەت لە نەیار و ناحەزانی بێت


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن