22 کوردستان

هۆشیار عه‌بدوڵا: له‌ ئێستاوه‌ به‌دوژمنكردنی وەزیری دارایی كارێكی هه‌ڵه‌یه‌

02:07 - 16/05/2026

زەمەن - هەواڵ

 

 له‌ نوسینێكدا له‌ژێر ناونیشانی "وەزیری نوێی وەزارەتی دارایی عێراق؛ وەک ئەوەی بینیومە و دەیناسم" هۆشیار عەبدوڵا په‌رله‌مانتاری پێشوتری كورد له‌ په‌رله‌مانی عێراق، دەڵێ"لە ساڵی ٢٠١٤ەوە فالح ساری دەناسم، یەکەمجار لە سەردانێکی سەید عەمار حەکیم بەیەکتری ئاشنابوین، دواتر وەک یەکێک لە هەڵۆکانی شیعە لە نێو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەرکەوت و زیاتر ناسیم، لە ٢٠١٨ەشەوە تا ساڵی ٢٠٢١ پێکەوە لە لیژنەی دارایی بوین."

بەبۆچونی هۆشیار عه‌بدوڵا "فالح کەسێکی لەسەرخۆیە بەڵام زۆر رژدە لەسەر هەڵوێست و تێگەیشتنەکانی، لەوانەیە کە ڕای خۆی بە ئاسانی ناگۆڕێت، بەڵام حزبییەکی تەواو پابەندە و لە قسەی سەید عەممار دەرنەدەچو."

هۆشیار عه‌بدوڵا وتوشیه‌تی "بە درێژایی ماوەی مامەڵەم لەگەڵیدا قەت هەستم نەکردوە یان لێی دەرنەکەوتوە بەرامبەر کورد شۆڤێنی بێت یان قسەیەک دژی کورد وەک نەتەوە بکات، بەڵام بەڕونی زۆر دژی سیاسەتی دارایی و نەوتی هەرێمی کوردستان بوە و نەیشاردۆتەوە."

له‌باره‌ی به‌راوردكردنی له‌گه‌ڵ ته‌یف سامی كه‌ گوایه‌،ة فالح ساری "توندتره‌"، هۆشیار عه‌بدوڵا وتویه‌تی"هیچ کات بەراوردی نێوان ئەو دوانە دروست نییە چونکە ته‌یف هەم توند بو هەم نالۆژیکی و لاواز لەبەردەم هێزەکانی شیعەدا، فالح لۆژیکیترە و لاوازیش نییە بەرامبەر ئەوانیتر، ته‌یف مەرجەعی ڕونی نەبو جگە لە سودانی، فالح هەیەتی و وەک وتم سەرکردەیەکی سیاسی و حزبییەکی پابەندە."

ده‌قی نوسینه‌كه‌:

وەزیری نوێی وەزارەتی دارایی عێراق؛ وەک ئەوەی بینیومە و دەیناسم
هۆشیار عه‌بدوڵا
لە ساڵی ٢٠١٤ەوە فالح ساری دەناسم، یەکەمجار لە سەردانێکی سەید عەمار حەکیم بەیەکتری ئاشنابوین، دواتر وەک یەکێک لە هەڵۆکانی شیعە لەنێو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەرکەوت و زیاتر ناسیم، لە ٢٠١٨ەشەوە تا ساڵی ٢٠٢١ پێکەوە لە لیژنەی دارایی بوین.

فالح کەسێکی لە سەرخۆیە بەڵام زۆر رژدە لەسەر هەڵوێست و تێگەیشتنەکانی، لەوانەیە کە ڕای خۆی بە ئاسانی ناگۆڕێت، بەڵام حزبییەکی تەواو پابەندەو لە قسەی سەید عەممار دەرنەدەچو.

ئەو لەنێو شیعەدا بە دەستپاکی و پاکی ناسراوە، خاکیانە دەژی و هیچ مەلەف و قسەیەکی گەندەڵی لەسەر نییە.

**

بەدرێژایی ماوەی مامەڵەم لەگەڵیدا قەت هەستم نەکردوە یان لێی دەرنەکەوتوە بەرامبەر کورد شۆڤێنی بێت یان قسەیەک دژی کورد وەک نەتەوە بکات، بەڵام بەڕونی زۆر دژی سیاسەتی دارایی و نەوتی هەرێمی کوردستان بوەو نەیشاردۆتەوە.

دەگوترێت لە طیف توندترە، هیچ کات بەراوردی نێوان ئەو دوانە دروست نییە چونکە طیف هەم توند بو هەم نالۆژیکی و لاواز لەبەردەم هێزەکانی شیعەدا، فالح لۆژیکیترەو لاوازیش نییە بەرامبەر ئەوانیتر، طیف مەرجەعی ڕونی نەبو جگە لە سودانی، فالح هەیەتی و وەک وتم سەرکردەیەکی سیاسی و حزبییەکی پابەندە.

***

هێندەی بیرم بێت کەمجار هەبوە لەسەر پینەو پەڕۆکانی نێو لیژنەی دارایی لە یاسای موازەنەدا بۆ چارەسەرەکانی گرفتی موچەو پشکی هەرێم ڕازی بوبێت، بەڵام کە دەبو بە رێکكەوتنی سیاسیی پابەند دەبو لەکاتێکدا نەشیدەشاردەوە کە لەگەڵیدا نییەو وەک ئیلتیزامێکی سیاسیی و حزبی دەنگ دەدات یان بێدەنگ دەبێت لێی.

****

فالح لە دیوانی چاودێری دارایی بوە پێشتر، لە ساڵی ٢٠١٠ەوە، لە لیژنەی مالیە بوە چوار خول، هەمو سیستمی دارایی عێراقی بە گەندەڵی و وردەکارییەکانەوە لەبەرە، پیاوێکی گیرە لە سەرفکردنی پارەدا بەڵام وەک وتم لەنێو سیستمێکی پڕ لە گەندەڵییدا پێم وانییە ئەویش وەک زۆرێک لە وەزیرەکانی پێشوی دارایی هیچی پێ بکرێت.

*****

لە ئێستاوە سەنگەرگرتن لە فالح و بە دوژمنکردنی کارێکی هەڵەیە، لەبری هەڵواسینی ئومێد بەوەی کێ وەزیری داراییەو وەک شەخص چی بۆ هەرێم دەکات، چارەسەر ئەوەیە سیستمی دارایی پڕ لە چەتەیی گەندەڵیی هەرێم چارەسەر بکرێت ئەوسا فالح بێت یان طالح هەرێم لێی بێمنەت دەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن