10وتار

لە ئێستەدا چی بکرێ باشە؟

11/23/2026 4:16:00 PM
خالید ڕەزا ئەمین

ئەم حکومەتەی ئێستە، حکومەتی کار بەڕێکەرییە، حکومەتیێکی دووفاقە، حکومەتێکی لاوازە، ئەم حکومەتە حکومەتێکە نەیتوانیوە و ناتوانێ  سەقامگیری هەرێم بپارێزێ و حکومەتێکە بوەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی تەونی کۆمەڵایەتی و دادپەروەر نیە. ئەم بارودۆخە کە کوردستان و عێراق و ناوچەکەی پیاتێئەپەڕێ، ئەگەر دەسەلاتدارانی کوردستان لەخەمی ئایندەی ئەم هەرێمە و چارەنوسی خەڵکەکەی دایە ئەبێ هەردولایان واتە پارتی و یەکێتی لەکەلی شەیتان بێنە خوارەوە و دەس لە سڕینەوەی یەکتری هەڵبگرن. جا بۆ ئەوەی ئەم قۆناغە کە هەم دەرفەت و هەم ئاڵەنگاری گەورەی لەبەردەم چارەنوسی هەرێمەکەمان و خەڵکەکەیدا هەڵگرتوە، گرنگە بەپەلە و بێ دواکەوتن ئەم کارانە بکەن:

یەکەم: هەڵوەشاندنەوەی ئەم حکومەتەی ئێستە و پێکهێنانی حکومەتێکی ڕاگوزەر (ئینتقالی) بۆ ماوەی ساڵێک . بۆئەوەی هەرێمی کوردستان لەم قۆناغە مەترسیدارەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی تر. ئەو حکومەتەش کە دروست ئەبێ ئەشێ سەرۆک ‌وەزیرێک بە ڕێککەوتنی سیاسیی پارتی و یەکێتی و بە ڕەزامەندی لایەنە بەشدارەکان دیاری بکرێت. لانیکەم چەند وەزارەتێکی  لە خەڵکی سەربەخۆ و بێلایەن لەخەڵکی تەکنۆکرات و ناحیزبی دابنرێن. ئەو وەزارەتانەش بریتین لە : وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی ئابوری و دارایی، وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی سامانەسروشتیەکان، وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی داد. ئەم وەزارەتانە لە هەرێمی کوردستان دا ڕۆڵی گەورەیان هەبوە لەوەی هەڵبژاردن بەلایەک بدۆڕێنن و بەلایەکی تری ببەنەوە! پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی تر ئەتوانن لەناوخۆیان دا ڕێک بکەون خەڵکانی ناحیزبی بۆ ئەو وەزارەتە گرنگانە کەسەرچاوەی کێشەکانن هەڵبژێرن. لەناو هەرێمی کوردستان  خەڵکانی پسپۆڕی زۆر باش و ناحیزبی و شارەزای تیایە کە ئەگەر ڕێگایان پێ بدرێ دەتوانن ڕۆڵی گەورە بگێڕن. بێگومان ئەگەر لەخەمی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی دا بن. حکومەتێکی ڕزگاری نیشتمانی ئەتوانێ زەمینەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەر بۆ خولی حەوتەمی پارلەمانی کوردستان برەخسێنێ.

دوەم: پاراستنی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان لە دەستێوەردانی حیزبی و بەکارهێنانیان بۆ ملمـلانێی سیاسی، و دانانی میکانیزمێکی هاوبەشی یاسایی بۆ چاودێری و بەرپرسیارێتییان، بە شێوەیەک کە زەمینەی یەکخستنی دامەزراوەکان لە داهاتوودا ڕێک بخات.
سێیەم: حکومەتی ڕاگوزەر ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنی پێش وەخت ی خولی حەوتەمی پارلەمانی کوردستان بکات لەژێر سەرپەرشتی کۆمیسێۆنی باڵای هەڵبژاردنی عیراق و بە چاودێری نێودەوڵەتی. هێزە سیاسیەکان و بەشدار لەهەڵبژاردن پێش هەڵبژاردن پەیمانی شەرەف واژۆ بکەن و پابەندی ئەنجامی هەڵبژاردن بن.

کوردستان زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بە بڕیاری نیشتمانی، ویستێکی سیاسیی ڕاستەقینە و گۆڕانکاریی بنەڕەتی هەیە. چیتر نابێت بەرژەوەندی حیزب و بنەماڵەکان لە سەرووی بەرژەوەندی گەلەوە بێت. پێکهێنانی حکومەتێکی ڕاگوزەر بە بەشداری و ڕۆڵ پێدان بە خەڵکانی  تەکنۆکرات و بێلایەن و نیشتمانپەروەر، ئەگەر بە یاسا و چاودێریی ڕوونەوە بێت، دەتوانێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بەرەو چاکسازی، سەقامگیری و هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە. ئێستا کاتی ئەوەیە هەموو لایەنەکان لە خۆبەزل زانین و ملمـلانێی حیزبی دوور بکەونەوە و بەرژەوەندی گشتی لە بەرچاوبگرن. چونکە کوردستان موڵکی هیچ حیزب و بنەماڵەیەک نییە، موڵکی هەموو گەلە. 


 


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن