هۆکارە نادیارەکانی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ لە جیهاندا
10/20/2026 12:00:00 PM
بەختیار نامیق
کاریگەریی سۆشیال میدیا، نایەکسانیی کۆمەڵایەتی و قەیرانی متمانە بە دەسەڵات.
لە هێلەک زەردەکانەوە بۆخوێندکاران.
خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ لە جیهاندا، کە بە شێوەیەکی جیاواز لە وڵاتانی پێشکەوتوو و گەشەسەندوودا سەرهەڵدەدەن، تەنها دەرئەنجامی داواکارییەکی ئابووری، سیاسی یان کۆمەڵایەتیی دیاریکراو نین ، بەڵکو زۆرجار ڕەنگدانەوەی کۆمەڵێک گۆڕانی قووڵن لە شێوازی بیرکردنەوە ، هەستی دادپەروەری ، پەیوەندیی نێوان تاک و دەسەڵات ، و تێگەیشتنی خەڵک لە شێوەی دابەشکردنی سامان و دەرفەتەکان لە کۆمەڵگادا.
ئەگەر بە وردی لە خۆپیشاندانەکانی سەردەمی ئێستادا بڕوانین ( کە پێ دەچێت زۆرێک لە وڵاتان بگرێتەوە ) دەبینین کە هۆکارەکانیان هەمیشە لەو داواکارییانەدا کورت نابنەوە کە خۆپیشاندەران بە ئاشکرا دەریدەبڕن ، لە پشت داواکارییە دیارەکانەوە هەندێک هۆکاری قووڵتر و نادیار هەن کە پەیوەندییان بە هەستی نادادپەروەری ، هەڵوەشانی متمانە بە دامەزراوەکان ، زیادبوونی هەستی بێبەشی ، و بەراوردکردنی بەردەوامی ژیانی خەڵک لەگەڵ ژیانی چینە دەستەڵاتدار و دەوڵەمەندەکانەوە هەیە.
یەکێک لە گرنگترین گۆڕانکارییەکانی سەردەمی ئێمە ئەوەیە کە پەیوەندیی نێوان خەڵک و دەسەڵات چیتر وەک جاران بە دیوارەکانی سنووردارکردنی زانیاری و دوورەپەرێزیی چینە دەستەڵاتدارەکانەوە سنووردار نەماوە تەکنەلۆژیای زانیاری، سۆشیال میدیا و بڵاوبوونەوەی خێرای وێنە و زانیاری ، وایان کردووە کە تاکی ئاسایی بتوانێت بە ئاسانی زیاتر لە ژیانی تایبەتی و شێوازی ژیان و ئاستی بەکارهێنانی سامان لەلایەن کەسانی دەوڵەمەند و خاوەن دەسەڵاتەوە ئاگادار بێت.
ئەم گۆڕانکارییە تەنها شێوازی گواستنەوەی زانیاری ناگۆڕێت ، بەڵکو شێوازی بەراوردکردن ، هەڵسەنگاندنی دادپەروەری و تەنانەت چۆنیەتی پێناسەکردنی ڕەوایی دەسەڵاتیش دەگۆڕێت.
سۆشیال میدیا یەکێکە لە هۆکارەکانی شکاندنی دیواری نێوان خەڵک و دەسەڵات لە مێژووی کۆمەڵگە مرۆییەکاندا زانیاری یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی هێز و دەسەڵات بووە ئەو کەسانەی دەستیان بە زانیاری ، پەیوەندی و سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی زانیاری گەیشتووە ، زۆرجار توانای زیاتریان هەبووە بۆ کاریگەری دانان لەسەر بڕیارە سیاسی و ئابوورییەکان.
لە زۆرێک لە سیستەمە کۆمەڵایەتی و سیاسییە کۆنەکاندا جیاوازییەکی گەورە لە نێوان زانیاریی بەردەستی خەڵکی ئاسایی و زانیاریی چینە دەستەڵاتدارەکاندا هەبووە ، کۆشکەکان ، ناوەندەکانی دەسەڵات و بازاڕە تایبەتەکان ، هەرچەندە هەمیشە بە تەواوی داخراو نەبوون ، بەڵام نیشانەی ئەو جیاوازییە چینایەتی و سیاسییە بوون کە دەرفەتی گەیشتن بە زانیاری و سەرچاوەکان بە یەکسانی دابەش نەدەکرد.
لە سەردەمی ئێستادا، بەهۆی پەرەسەندنی تەکنەلۆژیای پەیوەندی ، بەشێکی زۆر لەو سنوورانە شکێنراون تا دەگاتە شکاندنی سنوری جوگرافیای وڵاتان ، وێنە ، ڤیدیۆ ، ڕاپۆرت و بابەتە بڵاوکراوەکان دەتوانن لە ماوەیەکی کەمدا لە وڵاتێکەوە بگەنە وڵاتێکی تر تاکێک لە شارێکی دوورەدەست دەتوانێت بە ژیانی کەسانێک ئاشنا بێت کە لە ناوەندەکانی دەسەڵات و سەرمایەدا دەژین.
بەم شێوەیە خەڵک تەنها ژیانی خۆیان نابینن، بەڵکو بەردەوام ژیانی خۆیان لەگەڵ ژیانی ئەوانی تر بەراورد دەکەن ئەم بەراوردکردنە بە تایبەتی کاتێک لەگەڵ هەستی بێبەشی ، بێکاری ، هەژاری یان نەبوونی دەرفەتی یەکساندا کۆدەبێتەوە، دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی پرسیارێکی بنەڕەتی، بۆچی بەشێک لە کۆمەڵگا لە ئاستێکی بەرزی خۆشگوزەرانیدا دەژین ، لە کاتێکدا بەشێکی تر بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیش کێشەیان هەیە؟
ئەم پرسیارە ئەگەر لە ئاستێکی فراواندا لەلایەن خەڵکەوە هەست پێ بکرێت ، دەتوانێت لە ئاستی ناڕەزایەتیی تاکەکەسییەوە بگوازرێتەوە بۆ ناڕەزایەتییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی.
ئەم پلاتفۆرمانە زیاتر ڕۆڵی گواستنەوەی زانیاری، بەرزکردنەوەی هۆشیاری ، خێراکردنی هاوئاهەنگی و بەیەکگەیاندنی ناڕەزایەتییەکان دەبینن هۆکاری سەرەکیی ناڕەزایەتییەکان زۆرجار لە واقیعی ئابووری و سیاسیی ژیانی خەڵکدا دەردەکەوێت ، بە ئاسانی تاک ئەودیوو شوار و کۆشکەکان دەبینێت و نابەرابەریەکە هەست پێدەکات.
یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی شیکردنەوەی ناڕەزایەتییە نوێیەکان ، پەیوەندیی نێوان پەرەسەندنی سەرمایەداری و نایەکسانیی ئابوورییە سیستەمی سەرمایەداری لە زۆر وڵاتدا ڕۆڵێکی گرنگی لە گەشەی بەرهەمهێنان، پەرەسەندنی بازاڕ، دروستکردنی کار و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا هەبووە ، بەڵام شێوازی دابەشکردنی داهات و دەرفەت لە ناو ئەم سیستەمەدا هەمیشە بابەتی مشتومڕ و ڕەخنە بووە و نەیتوانیوە جیاوازییە چینایەتییەکان کەمبکاتەوە ، بە پێچەوانەوە زیادی کردوە.
کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە کۆمەڵێک کەس سامانێکی زۆریان هەیە و کۆمەڵێکی تر سامانێکی کەمیان هەیە کێشەی بنەڕەتی ئەوەیە کە ئایا هەموو تاکەکان دەتوانن بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دەستیان بە دەرفەتەکانی خوێندن ، تەندروستی ، نیشتەجێبوون ، کار ، داهاتی گونجاو و بەشداری لە بڕیارەکانی کۆمەڵگادا بکات.
ئەگەر تاکێک بە کارکردنی ڕۆژانەی خۆی نەیتوانێت کرێی خانوو ، خواردن ، پەروەردە و تەندروستیی خێزانەکەی دابین بکات ، لە کاتێکدا لە هەمان کۆمەڵگادا نموونەی ژیانێکی زۆر شاز و بەکارهێنانی سامانێکی بێسنوور دەبینێت ، ئەوا جیاوازیی نێوان ئەم دوو واقیعە تەنها نابێتە بابەتێکی ئابووری ، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ پرسیارێکی ئەخلاقی و سیاسی و پاشان تەقینەوەی کۆمەڵایەتی.
گرنگە جیاوازیی نێوان نایەکسانی و هەستی نادادپەروەری بناسین ، نایەکسانی دەتوانێت بە داتا و پێوەرە ئابوورییەکان بپێوردرێت ، بەڵام هەستی نادادپەروەری بەوەش پەیوەستە کە خەڵک چۆن هۆکار و ئەنجامی ئەو جیاوازییە تێدەگەن هەندێک جیاوازیی ئابووری لەوانەیە لە کۆمەڵگایەکدا بە ڕەوا وەربگیرێت ، بەڵام کاتێک خەڵک پێیان وابێت دەرفەتەکان بە پەیوەندیی سیاسی ، گەندەڵی ، میرات یان دەستگەیشتن بە دەسەڵاتەوە قورسە ، ئەوا هەستی نادادپەروەری دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکاتو بتەقیتەوە.
لێرەوە بەهۆی پلاتفۆرەکانی سوشیال میدیاوە کۆی ئەو جیاوازیە کوشندە دەبینێت و دەبێتە ڕق ، ڕقی گشتی دەبێتە دروستبونی ڕای جڤاتی و پاشان ڕوبەڕوبونەوەی ئەو سیستەمە.
لە سەردەمی سۆشیال میدیادا ئەم بەراوردکردنە بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانتر بووە پێشتر تاک زۆرجار ژیانی خۆی لەگەڵ ژیانی خێزان ، دراوسێ و دەوروبەری خۆیدا بەراورد دەکرد بەڵام ئێستا دەتوانێت بەردەوام لەگەڵ ژیانی کەسانی دەوڵەمەند، سیاسییە ناسراوەکان و خاوەن کۆمپانیا گەورەکاندا بەراوردی بکات.
کاتێک ئەو وێنانە لەگەڵ ئەزموونی ڕۆژانەی هەژاری، بێکاری، گەندەڵی یان نەبوونی خزمەتگوزارییەکاندا کۆدەبنەوە هەستی بێبەشی بەهێزتر دەکەن.
یەکێک لە هۆکارە نادیارەکانی ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆ ئەوەیە کە خەڵک تەنها لەسەر بنەمای ئەوەی چییان هەیە بڕیار نادەن، بەڵکو بەردەوام بیر لەوەش دەکەنەوە کە بۆچی ئەوانی تر شتی زیاتر، دەرفەتی باشتر و دەسەڵاتی زیاتریان هەیە.
کەسێک کە بێکارە، کەسێکی تر کە ناتوانێت کرێی خانوو دابین بکات، و کەسێکی سێیەم ناتوانێ بخوێنێت لەوانەیە لە سەرەتادا هەر یەکەیان کێشەکەی بە شێوەیەکی تاکەکەسی تێبگات بەڵام کاتێک ئەم ئەزموونانە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەیەک دەگەن هەستیان بە هاوبەشیی چارەنووس زیاد دەکات و دەبێتە ڕقلێبون و بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێت بتەقێتەوە.
ئەم پرۆسەیە دەتوانێت ناڕەزایەتیی تاکەکەسی بگۆڕێت بۆ داواکارییەکی کۆمەڵایەتی. بە واتایەکی تر، خەڵک لە پرسیاری..بۆچی من لەم بارودۆخەدام ...ەوە دەگەنە پرسیاری ..کام سیستەم و کام بڕیارەکان ئەم بارودۆخەیان دروست کردووە؟
یەکێک لە هۆکارە قووڵەکانی ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆ، گۆڕانی پەیوەندیی نێوان تاک، زانیاری و دەسەڵاتە. سۆشیال میدیا و تەکنەلۆژیای پەیوەندی وایان کردووە کە خەڵک بە ئاسانی زیاتر لە جیاوازییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان ئاگادار بن، ژیانی خۆیان لەگەڵ ژیانی کەسانی تر بەراورد بکەن و پرسیاری دادپەروەری و ڕەوایی دەسەڵات بەرز بکەنەوە.