زیرەکی دەستکرد ژیانی مرۆڤ بەتەواوی دەگۆڕێت
10/20/2026 11:58:00 AM
لوقمان حەوێز
جیهانێکی نوێ لەسەر هەسارەکەمان بۆ مرۆڤەکان بەڕێوەیە، لە داهاتووێکی نزیک هەموو مرۆڤێک دەتوانێت ببێتە خاوەنی هاوەڵێکی زۆر نزیک لە خۆی کە ئەویش زیرەکی دەستکردە تایبەت بە کەسەکە خۆی، دوای بە ڕۆبۆتکردنی زیرەکی دەستکردیش ئەو هاوەڵە دەبێتە نزیکترین بونەوەر لەو مرۆڤە تا لە ژیاندا ماوە.
لەگەڵ ئەوەی وڵاتان بەگشتی لە ئێستاوە خەریکن زیرەکی دەستکرد بە پلەی یەکەم لە پەرەپێدانی سیستەمە زیرەکەکانی چەک و دڕۆنە زیرەکە بکوژەکان بەکاربهێنن، بەکورتی دەمەوێت بڵێم دەیانەوێت ئەویش وەکو تەکنەلۆژیای ناوکی فیژن وفیوژن کە هەردوو جۆری بۆمبە ناوکیەکانن ئەویش بۆ کوشتن بەکاربهێنن، بەڵام لە لایەکی تریشەوە ئەو ئەقڵە زیرەکانە و ئەو زانا بلیمەتانەی دایانهێناوە و ئێستا ڕۆژانە پەرەی پێدەدەن دەیانەوێت ئەو هەرە مەزنترین داهێنانەی مرۆڤ لە خزمەتی ژیاندا بێت.
دوای سەرکەوتنی بێ وێنە و سەرسوڕهێنەری پلاتفۆرمەکانی زیرەکیە دەستکردەکانی Large.Language.Model واتە LLM وەکو ChatGPT و Gemini و Claude ئێستا هەریەکە له گووگڵ و مێتا و ئەپڵ و هەروەها مایکڕۆسۆفتیش بەڵام ئەویان بەیەکەوە لەگەڵ OpenAI بە نهێنی و بە ئاشکرا هەریەکە لەو لایەنانە لە هەوڵ و لە دروستکردن و تاقیکردنەوەی polymath ی تایبەتین کە بتوانرێت تایبەتمەندی ئەوە وەربگرێت ببێتە نزیکترین کەس لە تۆ و لە ژیانی تۆ، ببێتە نزیکترین هاوڕێت و ئەوەندەی لە ژیاندای لەگەڵتدا بمێنێتەوە و یارمەتیت بدات لە هەموو شتێکدا، ببێتە هەڵسەنگێنەر و ڕێنماییت بەبێ ئەوەی حوکمی خراپت لەسەر بدات، ببێتە باشترین پزیشکی جیهان بۆ تۆ، ببێتە باشترین مامۆستای هەموو بابەتێک و هەموو زانستێک و ببێتە بانکێکی زانیاری تایبەت بە تۆ.
ئەو polymath ە واتە ئەو هاوەڵە نزیک و زۆر زیرەکە کە ئێستا ئامادە دەکرێت و بۆچوونەکە وایە دوای سێ بۆ پێنج ساڵی تر ئامادە دەبێت و تاقیدەکرێتەوە یەکەمجار بەشێوەی زیرەکی دەستکردی LLM دەبێت لەناو مۆبایلەکەت، باشترین پزیشک و باشترین مامۆستا و پڕ زانیاریترین لایەن دەبێت بۆ تۆ، دەبێت سەرەتا تەواو خۆتی پێ بناسێنیت و چەندەها کاتژمێر و چەندەها ڕۆژ ئاخاوتنی لەگەڵدا بکەیت بە دەنگ و زمانی خۆت بەڵام وردە وردە دەبێتە نزیکترین بونەوەر لێت و هەموو شتێک دەربارەی تۆ شارەزا دەبێت، هەتا وای لێ دێت لە هەست و سۆزەکانیشت تێدەگات و شارەزا دەبێت، وای لێ دێت هەموو ئەو زانیارایانەی کە هەتە دەیزانێت و ئاستی زانستی و زانیاریشت دەزانێت، ئاگاداری ئەو شتانە دەبێت کە دەیکەیت و حەزت لێیە، بێ گومان دەبێت پێش هەموو شتێک ڕەزامەند بیت کە دەبێتە هاوەڵت و ڕەزامەند بیت کە زانیاری وردی پێ دەبەخشیت و ڕەزامەندیش بیت لەگەڵتدا بژییت، دەبێت پێشەکی وەڵامی گەلێک پرسیاری بدەیتەوە دەبێت وردە وردە ئاشنای بکەیت بەخۆت.
پۆڵی ماسەکەت ئەوەندەی هەیت دەبێتە باشترین دکتۆری دونیا بۆت چونکە هەرچی زانیاری پزیشکی هەیە لە هەگبەکەی ئەودا هەیە جگە لەوە ئاگای لە نوێترین دۆزینەوەکان و پێشکەوتنەکانیشە، بۆ نمونە کاتێک پشکنینێکی پزیشکی بکەیت وەکو پشکنینی خوێن یان هەر پشکنینێکی تر بۆ ئەوەی دۆخی تۆ تەواو شیبکاتەوە و باشترین چارەسەریشت پێ بڵێت یان تەواوی دۆخی تەندروستی تۆ بزانێت دەبێت هەموو زانیاریە بایۆمەتریە پزیشکیەکانی پشکنینەکەی پێ بدەیت، ئەو وەختە بەتەواوی دۆخی تەندروستی تۆ شیدەکاتەوە و هەڵیشی دەگرێت بۆ ئەوەی لەداهاتوودا بەراوردی بکات لەگەڵ پشکنینەکانی داهاتووت، ئەمە تەنیا نمونەیەکە، هەموو زانیاریەکانی تریشت هەڵدەگرێت.
پۆڵی ماسەکەت باشترین مامۆستاش دەبێت بۆت، چونکە بەستراوەتەوە بە هەرچی زانست و زانیاری هەیە کە مرۆڤایەتی هەیەتی، زمانەکەشت تەواو دەزانێت و لێت تێدەگات، بەردەوام گوێشت بۆ دەگرێت و دەتوانێت کەی ویستت پێت بڵێت لە کوێدا هەڵەت کردوە و بۆت ڕاست بکاتەوە، بە کورتی دەتوانێت هەموو کاتێک وەڵامی هەموو پرسیارەکانت بە زمانی خۆت بداتەوە.
هەروەها polymath ەکەت شارەزای وردی هەست و نەست وسۆزەکانیشت دەبێت ودەتوانێت ڕێنماییت بکات لەو ڕووەشەوە، بە کورتی دەتوانیت بیکەیتە نزیکترین هاوەڵ و هاوڕێت.
دوای بەرجەستەبوونی AGI یش دەکرێت ئەو پۆڵی ماسەت تێکەڵ بەزیرەکی دەستکردی ئەی جی ئای بکرێت کە ئەوساکە گەلێک لەخۆت و لە هەموو مرۆڤێکیش زۆر زیرەکتر دەبێت، دورنیە ئەوساکە ببێتە خاوەنی سۆز و خۆشەویستی و هەستکردن بە خۆی و بەئاگاش بێت، هەروەها لە ساڵانی سیەکان و چلەکانی ئەم سەدەیەش دوای ئەوەی زیرەکی دەستکرد بە بەربڵاوی بە ڕۆبۆت دەکرێت (ڕۆبۆتی نەرم) ئەگەر تۆ تا ئەو کاتە بژیت دەتوانیت هەمان ئەو polymath ەی خۆت بخەیتە نێو ڕۆبۆتێک، ئەوساکە دەتوانیت بەشێوەیەکی فیزیکی بیکەیتە نزیکترین هاوەڵ وهاوڕێی خۆت و لە هەموو شوێنێکیش لەگەڵتدا بێت، لەبەر ئەوەی تا ئەو کاتە بەڕاستی هەموو شتێک و هەموو وردەکاریەکانی ژیانیشت دەزانێت بۆیە بەڕاستی ئەو بونەوەرە لەو ئاستەی ئەو کاتە بۆتە نزیکترین کەس لە خۆت و لە ژیانیشت.
دەزانم بۆ هەندێکتان ترسناکە بەڵام هەموو ئەو گۆڕانکاری و پێشکەوتنانە بەڕێوەن بمانەوێت و نەمانەوێت، لەوانەیە سەرەتا گەلێک لە مرۆڤەکان هاوڕێیەتی زیرەکی دەستکرد ڕەت بکەنەوە بەڵام بۆ ئەو نەوە نوێیەی کە لەگەڵیدا گەورە دەبێت دەبێتە شتێکی ئاسایی و وەکو پێویستیەکیش مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.