رەشنوسی فەرهەنگی کەرکوک و چەند سەرنجێک
5/24/2026 2:45:00 PM
د. محەمەد شوانی
سەرەتا با ئەوە روون بکەمەوە، سەرنج و تێبینیەکانم لە روانگەی دەمارگیری نەتەوەیی و تەسکبینی ناسیونالیستیەوە نیە، بەشێکە لەخەمخۆریم بۆ خودی ئەو رەشنوسەی بۆ فەرهەنگی شاری کەرکوک ئامادەکراوە ، خەمخۆریمە بۆ بەهای زانستی کارەکەو راستیە مێژووییەکانی شارەکە، چونکە یەکێک لە مەرجەکانی فەرهەنگ ،لە رووی ئەکادیمیەوە، متمانەیە بە زانیاریەکانی، راستی و دروستی داتاکانی ،گواستنەوەی وێنەی راستەقینەی ئەو بابەتەی پێناسەی دەکات.
هەروەکو لە پێشەکی رەشنوسەکەدا هاتووە (ناوە جوگرافییەکان بەشێکی سەرەکین لە ناسنامەی نیشتمانی و یادەوەری مێژوویی وڵاتێک، کە ڕەنگدانەوەی مێژووی شارستانی و فرەچەشنی کلتوری و زمانەوانییە) لەو دە ڤەرەدا کە کاری تێدا دەکرێت . بە تایبەت ناوچەیەکی پڕ کێشەو ململانێی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی وەکو کەرکوک بە درێژایی مێژووی سەد ساڵی رابردوو لەبەردەم گۆڕانکاری دێموگرافی و کارگیڕی قوڵدا بووە.
هەروەها ئەگەر ئەو رەشنوسە بۆ راستکردنەوەی هەڵەکانەو بە شێوەیەکی زانستی و لەسەر بنەمای راستیی مێژوویی ناوە جوگرافیەکان تۆمار بکات وەکو لە پێشەکیەکەدا دەڵیت (ئەم فەرهەنگە دڵنیای دەدات لە ستانداردکردنی فۆرمی ناوەکان ، ڕاستکردنەوەی هەڵە باوەکان و داڕشتنەوەیان لەسەر بنەمای زانستی و زمانەوانی و مێژووییەکان) بۆ هەموو ئەمانە پێویستی بە بەڵگەو سەرچاوەو دیکۆمێنتی مێژوویی باوەڕپێکراو هەیە ، بە خۆشحاڵیەوە لە کەرکوک تا رادەیەکی زۆر راستیە مێژووییەکان بەردەستن و شاهێد حاڵەکان زیندوون و رووداوەکان بە بەڵگەی حاشا هەڵنەگرەوە ئامادەن.
لەسەر ئاستی ئەکادیمی ، دەبێ فەرهەنگ وەکو سەرچاوەو ژێدەرێکی زانستی باوەڕپێکراو بەکاربێت ، توێژەران و ناوەندەکانی توێژینەوە بگەڕێنەوە سەری، لە گفتوگۆو تاوتێکردنی ئەکادیمی نامەی ماستەرو تێزی دکتۆرا و گۆ ڤاری زانستی زانکۆکاندا گومان لەراستیان نەکرێت ، جارێکی دیکە داوای بەدوواداچوونیان بۆ نەکرێت .ناکرێ فەرهەنگ بە مەیل و ئارەزو و حەزی کەسیی بنوسرێت بۆ چەواشەکردنی مێژوو و شێواندنی راستیەکان بێت ، (ناڵیم ئەم رەشنوسە وایە) ، بەڵام هەندێک لە توخم و رەگەزە گەورەو بنچینەییەکانی بابەتەکەی تا رادەیەک شاردۆتەوە، هەقی خۆی پێنەداوە، بە پێچەوانەوە هەندێک لە توخم و رەگەزە بچوکەکان بە بەراورد بەوانی دیکەی ، گەورەتر کردووە، لەم فەرهەنگەدا بە یەک میتۆد و پێوانە مامەڵە لەگەڵ هەموو بەش و پێکهاتە و کەرتەکانی پارێزگای کەرکوک نەکراوە ، یەک بنەما بۆ تۆمارکردنی ناوە جوگرافیەکان بەکار نەهاتووە ، بۆ نمونە ئەگەر لە گەڕەکەکانی شاری کەرکوکدا باسی میژووی دروستبوونیان دەکرێت ، پێویستە بۆ هەموو گەڕەکەکان ئەو مێژووە بنوسرێت، یان لە تۆمارکردنی ناوی گوندەکاندا ئەگەر لەسەر بنەمای مێژووییە پێویستە لە کۆنترین گوندەوە دەست پێ بکرێت ، یان ئەگەر لە سەر بنەمای ژمار ەی دانیشتوانە پێویستە سەیری سەرژمێریەکانی ساڵانی ١٩٤٧ و ١٩٥٧ بکرێت و لە گەورەترین گوندەکانەوە دەست پێ بکرێت.
بە شێوەیەکی گشتی ، ئەگەر بڕیارە فەرهەنگی کەرکوک بە شێوەیەکی زانستی بنوسرێت ، یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی بە زانستی بوون بێلایەنیە ، کە لە زانستدا پێی دەگوترێت خۆداماڵین لە بەهای پێشوەختە (التجرد القیمی) بە داخەوە لەم رەشنوسەدا رەچاو نەکراوە!
ئەم رەچاو نەکردنەش لە چەند خاڵیکدا وەکو بەڵگە دەسەلمێنین، وەکو ئەمانەی خوارەوە:-
١-لە ناسنامەی هەر شارێکدا کورتەیەکی مێژوویی کارگێڕی پێویستە، بە لایەنی کەمەوە لە پەنجا شەست ساڵی رابردوودا ، چ گەشەکردن و پەرەسەندنێکی کارگێڕی بە خۆیەوە بنیوە، کوێ لە گوندەوە کراوە بە ناحیەو کام ناحیە کراوە بە قەزا و چ ناحیەو قەزایەکی لێ دابڕاوەو یان خراوەتە سەر ، بە داخەوە بۆ شاردنەوەی راستیەکان ،لە هیچ شوێنێک ئاماژە بە نەخشەی کارگێڕی پارێزگاکە نەکراوە، لە بنچینەدا گۆرانە کارگیڕیەکان بەشێکن لە ناسنامەی هەر شارێک ، ئەگەر یەکێک لە ئامانجەکانی فەرهەنگ ناساندنی شارەکان بێت ، ئەم رەشنوسە ئەو رەگەزەی تێدا نیە..
٢-لە هیچ شوێنێک ئاماژە بەو هەڵمەتە فراوانەی حکومەتە یەک لە دووای یەکەکانی عێراق بە گشتی و دەسەڵاتی بەعس بە تایبەت نەکراوە بۆ گۆڕینی دێموگرافی پارێزگای کەرکوک، ئەمە مێژوویەکی زۆر دوور نیە، تەنیا چل ساڵ لەمەوبەر و بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی ئامادەکاری خۆیان بینیویانە ، چۆت کورد و تورکمان لە کەرکوک دەکراون و چۆن و چەندیان گەڕاونەتەوەو چۆن ناوچەکانیان ئاوەدان کراوەتەوە کە هێشتا ئاسەواری وێرانکردنیان پێوە دیارە ، ئەمەش شاردنەوەی راستیە میژووییەکانە ..! ئەوەی جێگای سەرنجە ئاماژە بە ئاسەواری سەردەمی ئاشوری و پیش ئاشوری کراوە بەڵام باسی ئاسەواری وێرانکاریەکانی چل ساڵی رابردوو نەکراوە!
٣-لەسەر چ بنەمایەک کاتێک ناوی پێکهاتەکانی کەرکوک دەنوسرێت بەم شێوەیە ریز دەکرێت (عەرەب ، کورد ، تورکمان ،سریان ،ئەرمەن)؟ ئایا بە پێی زۆرینەو کەمینەیە؟ ئایا بە پێی قوڵایی مێژوویی نیشتەجێبوونە؟ ئایا بە پێی قەبارەی قوربانیدان و پارێزگاریکردنە لە کەرکوک؟ ئایا بە پێی دەسەڵاتە؟ بۆچی سەیری راستیە مێژووییەکان ناکرێ؟ بە پێی زۆرینەو قوڵایی نیشتەجێبوون دەبێ لە فەرهەنگی ناوە جوگرافیەکانی پارێزگای کەرکوکدا بنوسرێت (کورد تورکمان عەرەب ئاشوری کلدان سریان ئەرمەن). ناکرێ لە سەر هیچ بنەمایەک نەبێت و بە ئارەزو ناوی پێکهاتەکان ریز بکرێت..
٤-ئەگەر ئاماژە بە نەخشەی پارێزگای کەرکوک بە دابڕینی چوارقەزا و یازدە ناحیەو زیاتر لە شەش سەد گوندی کوردنشین نەکرێت ، نابێ سیمبوڵی کۆتری ئاشتی و پێکەوەژیان لەسەر نەخشەیەکی کارگێڕی پارچە پارەچە کراو دابنرێت.
٥- هەندێک نیشانەی جیاکاری تێدایە هیچ پێویست نیە ، بۆ نمونە لە رووی زمانەوانیەوە کورد دەڵێت ئاوی خاسە ، عەرەب دەڵیت ماء خاصە ، تورکمان دەڵیت خاسە سو ، ئایا پێویست بەوە دەکات لە فەرهەنگەکە بنوسرێت خاسە سو؟ ئەی زێی بچوک بە باکوری پارێزگاکە و دیجلە بە رۆژئاوایدا دەروات وەکو ئەوەی ئەمانە ئاو نەبن هەر خاسە سو بێت ! ئەگەر گوندێک یان ناحیەیەک یان قەزایەک بووایە ئاسایی بوو بە تورکمانیش بنوسرێت بۆ نمونە با قەرەهەنجیر بنوسریت قەرەعەنجیر .. زۆر ئاساییە وەکو قەرەداغ و قەرەبڵاع و سەقزلی و دەیان ناوی تورکی بێ ئەوەی یەک تورکمانی لێ هەبێت وەکو پاشماوەی دەولەتی عوسمانی ئەم ناوانە بمێننەوە..
٦-لە رووی مێژووییەوە ،کەرکوک هیچ کاتێک سەر بە ویلایەتەکانی عیراق نەبووە ..عیراق لە ساڵی ١٩٢١ دروستبووە ..سەردەمی عوسمانی و تا کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم یەکەیەکی جوگرافی و کارگێری نەبووە بە ناوی عێراق ..کەرکوک سەر بە ویلایەتی موسڵ کە زۆرینەی کوردبوون، یان سەربە ویلایەتی شارەزوور کە زۆرینەی کورد بوون ، ئەمە راستی مێژووییە ئەگەر رەشنوسەکە پشتی پی دەبەستێت.
سەرەتای دروستبوونی عێراقیش هەتا چیای جەمرین بوو ، کەرکوک بەشێک نەبو لەو عێراقەی ئینگلیز بە نیاز بوو دروستی بکات ..ئەگەر ئاماژە بەمە نەکرێت با بە پێچەوانەوە نەنوسرێت.
٧-زەقکردنەوەی هەندێک بابەتی مەزهەبی تێدایە، پێویستیان بە سەرچاوەی باوەڕپێکراوە ، بۆ ئەوەی لە بەهای زانستی فەرهەنگەکە کەم نەبێتەوە، بۆ هەبوونی گۆڕی کچی جەعفەر تەیار لە کەرکوک بە باوەڕی هەندێک کەس نابێت ، دەبێ پاڵپشت بە سەرچاوەی مێژوویی بێت ، یان سەلماندنی ئەوەی ئیمام ساقی کوری جەعفەر تەیارە ..کەی هاتووەو بۆ لەوێ نێژراوە ؟ یەکەم سەرچاوە کێ بووە ئاماژەی بەمە کردووە؟
٨- باب سوق حلوجیە بە هەلە نوسراوە.. پێویستە راست بکرێتەوە، هەروەها ناوی دەرگاکانی قەڵا تۆب قابۆ و یدقزلر ئەمانە لە سەردەمی عوسمانی ئەم ناوانەیان لێ نراوە نەک نیوەی هەزارەی سییەمی پێشزاین ..ناکرێ وا پیشان بدرێ کە ئەم ناوانە بۆ نزیکەی پینج هەزار سال پێش ئیستا دەگەڕینەوە..
٩-بۆچی تەنیا لە بارەی گەڕەکی رەحیماوە ئاماژە بەوە کراوە لە کۆتایی حەفتاکان دروست بووە؟ ئەگەر مەبەست ئەوە بێت لە کۆتایی حەفتاکان لە ئەنجامی فراوانبوونی کەرکوک ،وەکو حەمزە لایلەر چۆن نوسراوە شوەێنێکی نیشتەجێبوونی کۆنە و تێکەل بە شارەکە بووە، ، رەحیماوەش شوێنێکی نیشتەجێبوونی زۆر کۆنەو تێکەڵ بە شارەکە بووە، دەتوانن سەیری سەرژمێری سالی ١٩٥٧ بکەن لە پۆلێنکردنی گوندەکانی کەناری کەرکوک زنجیرە (١٥٢) بزانن رەحیماوە تۆمار کراوە یان نا؟! جگە لەمەش لە هیچ گەڕەکێک مێژووی دروستبوونی باس نەکراوە ، حەی واستی ،عروبە ، حەی نەسر،مەمدودە ، حەی عەمەل شەعبی ....هتد
١٠-ئەگەر ناوی شەقام و جادەو گەڕەک وکۆڵان و یەکە خزمەتگوزاریەکان بە زمانی دانیشتونەکانیان دەنوسرێت ، ئەوە غەدرێکی زۆر گەورە لە کورد کراوە ..ئەگەر فەرهەنگەکە بە زمانی عەرەبی دەنوسرێت وەکو لە خشتەکەدا هاتووە و نوسراوە ناوی شوێنەکە بە عەرەبی ، ئیتر پێویست ناکات بە تورکمانی یان بە زمانێکی دیکە دووبارە بکرێتەوە ، بۆ نمونە قەسابخانە جادەسی شارع المجزرە ،بویوک بازار جادەسی شارع السوق الکبیر ، باب المدفع تۆپ قابۆ، عەلی بەگ حەمامی .. جامع نبی دانیال دانیال پیغمبر جامعی ...هتد بەلام لە کاتی باسکردنی گەرەکی ئازادی کە خۆی هەر لە کۆنەوە ناوی ئازادی بووە، نوسراوە ئیستا پێی دەڵێن ئازادی! وەکو ئەوەی تەکرید کرابێت!؟ ..لە بارەی سنورو شوێنیشەوە بۆچی گەرەکی ئیسکان هاوسنوری عەرەفەیە؟!
١١- شاردنەوەی راستیەکان و ئاماژە نەکردن بە هۆکاری دروستبوونی گەڕەکەکان لە خزمەتی فەرهەنگەکە نیە، چەندین گەڕەکی کەرکوک ناویان هاتووەو هیچ زانیاریەکیان لە بارەوە نەنوسراوە (حەی نور و حەجاج و شوقەق و قادسیەو ..ئەمانە لە بەرنامەو پلانی تەعریبدا دروستبوون ، باشترە و پێویستە پێناسە بکرێن و ئاماژەیان پێ بکرێت..
١٢-لە ناوهێنانی گوندەکان و باسکردنیاندا رەچاوی هیچ پێوەرێک نەکراوە ،باسی سەدان گوندی کورد نەکراوە بۆ نمونە سەیادەی بچوک لە سەرژمێری سالی ١٩٥٧دا (١١) کەس بووە پێ دەچێت یەک خێزان یان دوو خێزان بووبێت ، هەروەها سەیادەی گەورەش (٢٨١) کەس بووە ئەگەری هەیە پەنجا خێزان بووبێت ..لە فەرهەنگەکە بە وردەکاری باسی ئەمانەو دەیان گوندی دیکە کراوە کە هەندێکیان لە سەرژمێری سالی ١٩٥٧ نین ،یان زۆر بچوکتر بوون لە گوندە کوردیەکان ، بەڵام نەک هەر ئاماژە بە قەرەناو (٥٩٢)کەس ، کارێزە (٤٠٦)کەس ،عەلی بەیان (٣٨٤)کەس ، قەفار (٣١٤)کەس ، عەمدۆن (٣١٠)کەس ، مەرزیخە (٣٠٩)کەس، و دەیان گوندی کوردنشین ناکات سێکانیان و گورگەجاڵیش کە بونەتە گەڕەکێک لە کەرکوک وەکو گوند باسیان دەکات.
١٣-لە باسی کایەی پەروەردەیی و قوتابخانە ئامادەیی و ناوەندیەکاندا کەمتەرخەمی بەرامبەر قوتابخانە کوردیەکان هەیە، ئامادەیی کوردستان و زێوەرو گۆران و ئازادی و ئیمام قاسم و چەندانی دیکە ناویان نەهاتووە ..کە ئەمانە لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو لە کەرکوک هەبوون..
١٤-لە باسی شوێنی ئاسەوار و کلتوری و کەلەپوری مێژوویی دەیان قەڵای دەستکرد و کارێزوئاش و رێڕەوی ئاودیری زۆر دێرین لە کەرکوک هەیە بەڵام بە هۆی پەراوێزخستنی کوردەوە ناویان نەهاتووە، قەڵای کۆنی گوندی حاجیبێخان و کارێزی ئاوی گوندی جولحان و شوێنەواری کۆنی گوندی جانقز و ئاسەواری سەرای گوندی تۆمار کە لەسەردەمی عوسمانی مەرکەزی ناحیە بووە .دەیانی دیکە ئاماژەیان پێ نەکراوە..
هیوادارم پێداچونەوەی زانستی بەم فەرهەنگەدا بکرێت ، ئەندامانی لیژنەی ئامادەکارتا دەتوانن خۆیان لە بیری لایەنگری نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی رزگار بکەن ، بە یەک پێوەری ستانداردی ئەکادیمی و نێودەوڵەتی مامەلە لەگەل کەرکوک بکەن ..